ناوەندی ڕاگەیاندنی ھێزەکانی سوریای دیموکرات"ھەسەدە" لە راگەیەنراوێکدا ئاماژەی بۆ ئەوەکردوە، لەئۆپەراسیۆنی پتەوکردنی ئاسایش، لە ٢٧ی ئابی ڕابردوودا دەستیپێکرد، لە گوندەکانی دێرەزۆر، دژی شانەکانی داعش و بازرگانانی ماددە ھۆشبەرەکان و تاوانکارەکان، بەپلەی یەکەمیش شانەکانی ڕێکخراوی تیرۆریستی “داعش”یان کردە ئامانج.
دەشڵێت، لە ئەنجامی ئۆپراسیۆنەکەشدا ٢٩ چەکداری گروپە تیرۆریستییەکان کوژراون و ١٥ چەکداریش دەستگیرکراون، ٢٥ شەڕڤانیش شەھیدبوون و ٩ ھاووڵاتیش بە تەقەی گروپە چەکدارەکان برینداربوون، ھەروەھا ٤ ئەندامی ھێزەکانی پاراستنی نەتەوەیی سوریاش دەستگیرکراون، بڕێکی زۆر چەک و تەقەمەنیش دەستی بەسەرداگیراوە.
لە بەشێکی تری راگەیەنراوەکەدا ھاتووە، ھەندێک ھێزی سەربە رژێمی سوریا و تورکیا ھەوڵیانداوە ناکۆکی دروست بکەن، بەڵام پەیوەندی بەردەوامی نێوان ھێزەکانی ھەسەدە و خەڵکی ناوچەکە و ھۆشیاری بەردەوامیان لە پێشھاتەکانی ئۆپەراسیۆنەکە ھەوڵەکانی پوچەڵکردەوە.
ھەسەدە راشیگەیاندووە، ناوچەی دێرەزور لە ١٢٥ گوندی ژێر دەسەڵاتی ئەنجوومەنی سەربازی دێرەزۆری سەر بە ھەسەدە پێکدێت، تەنیا لە ٥ گوند گرژی لە نێوان شەڕڤانان و گروپە چەکدارەکان دروستبووە.
د. سامان بەرزنجی،وەزیری تەندروستی ھەرێم رایگەیاندوە، لە ڕێگەی تیمی ڕاوێژکاری ئەنجومەنی وەزیران، لەساڵی ڕابردوودا بەدواداچوون بۆ پڕۆژەیەک کرا، دەرمان بە ھەمان نرخ و کوالێتی بۆ ھەموو شار و شارۆچکەکانی کوردستان لە یەک سەرچاوەوە بکڕرێت، دەرمان کوالێتیەکەی باشتر و ھەرزانتر دەبێت، ھەروەھا گرێبەستەکەشی درێژخایەنتر دەبێت و زۆربەی کۆمپانیا نێودەوڵەتییەکان و ناوخۆییەکانیش دەتوانن بەشداربن.
ئاماژەی بۆ ئەوەشکردوە، ئەو پڕۆسەیە دوای بەدواداچوونیکی باشی بۆ کرا، لە ئەنجامدا نزیکەی ٢٧%ی نرخەکان دابەزێنران، خەرجیی کەمبووە و کوالێتیەکەشی بەرزتربووە، ئێستاش دەرمانەکان ھەرزانتر دەکڕدرێن و بەشێکی زۆریشی بەرھەمی کارگە و کۆمپانیا ناوخۆییەکانە.
راشیگەیاندوە، ئەو پڕۆژەیە ١٥٦ جۆری دەررمان بە کوالێتییەکی زۆر بەرز دابین دەکات، کە بەشێکی دەرمانی نەخۆشییە درێژخایەن و سەرەکییەکانن.
دەقی پەیامەکەی دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ لە ھەرێمی کوردستان...
بەداخەوە وەک دەبینین ماوەی دوو مانگە موچەی فەرمانبەران دابەش نەکراوە ئەوەش کاریگەری گەورەی لەسەر ژیانی خەڵک و بازاڕ دروست کردوەو ژیانی موچەخۆرانی قوڕس کردوە کەمافێکی ئاسایی خۆیانە لەبەرامبەر ئەو ئەرک و خزمەتەی پێشکەشی دەکەن.
ئێمە پێمان وایە پابەندبوون بە دەستور و ڕێکەوتنەکان سەرچاوەی گرنگن بۆ گەیشتن بەڕێکەوتن و دابین کردنی ماف و شایستە داراییەکانی ھەرێمی کوردستان و پێویستە دادپەروەری پەیڕەو بکرێ بەرامبەر ھاوڵاتیانی ھەرێمی کوردستان، ناکرێت ھاوڵاتیان و موچە خۆران ببنە بەشێک لە ململانێی سیاسیەکان و بابەتەکانی پەیوەست بە ڕێکنەکەوتنی لایەنەکان و جیاوازییەکان.
موچەو شایستە داراییەکان مافێکی دەستوری و یاسایی خەڵکی ھەرێمی کوردستانە، بەڕونی لەماددەی ١٤ی دەستوری ھەمیشەیی عێراق باسی لە یەکسانی ھەموو ھاوڵاتیانی عێراقی کردووە کە ھەرێمی کوردستانیش دەگرێتەوە. ناکرێت بەو جۆرە ژیانی خەڵک زیاتر قوڕستر بکرێت کە ئاکامەکانی رۆژانە خراپترو کاریگەتر دەبن.
ھیوادارین حکومەتی عێراق ماف و شایستە داراییەکانی ھەرێم بنێرن وەک چون لەیاسای بودجەی گشتیدا ھاتووە.
ئێمە وەک دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ پشتگری لە گفتوگۆو دانیشتن و پشت بەستن بەدەستورو لێک تێگەیشتن دەکەین بۆ چارەسەری سەرجەم کێشە و ناکۆکیەکانی لەبەینی ھەردوو حکومەتی عێراق و ھەرێمی کوردستان.
عەقید ئیبراھیم فەریق بەڕێوەبەری بەرگری شارستانی ئاکرێ بە کوردسات نیوزی راگەیاند، بەھۆی ئاگرەکەوە خێوەتێک سوتاوە کە شوێنی مانەوەی خێزانێکی ئاوارەی رۆژئاوای کوردستان بووە.
وتیشی، ئەو منداڵەی گیانیلەدەستداوە ناوی رونیا حەسەن_ ەو تەمەنی ساڵێک و شەش مانگە.
بەڕێوەبەری بەرگری شارستانی ئاکرێ باسی لەوەشکرد، بەھۆی ئاگرەکەوە خێوەتەکە بەتەواوی سوتاوە و ئاگرەکە لەلایەن تیمەکانی بەرگری شارستانییەوە کۆنترۆڵکراوە.
دەقی پەیامەکی بافڵ جەلال تاڵەبانی سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان...
بەڕێزان خانەوادە و کەسوکاری نووسەر و روناکبیر مامۆستا جەمال بابان
بەداخێکی زۆرەوە ھەواڵی کۆچی دوایی مامۆستا جەمال بابانمان پێگەیشت.
بۆ ئەم خەمە گەورەیە پرسە و ھاوخەمیی قووڵی خۆمان ئاڕاستەی ئێوە و بنەماڵە سەربەرزەکەتان دەکەین و ھاوبەشی خەمتانین.
مامۆستا جەمال بابان کەسایەتییەکی ناسراو و ناوێکی درەوشاوەی فەرھەنگ و مێژووی نەتەوەکەمان بوو، لە چەندین بواری جیاوازدا خزمەتی بەرچاوی پێشکەشکرد و یاد و یادەوەرییەکانی بۆ ھەمیشە بەزیندوویی دەمێنێتەوە.
لەخوای گەورە داواکارم مامۆستای کۆچکردوومان بە بەھەشتی بەرین شادبکات و سەبووری بەھەموولایەک ببەخشێت.
دڵسۆزتان
بافڵ جەلال تاڵەبانی
سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان
باسم عەوادی وتەبێژی حکومەتی عێراق لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس رایگەیاند، حکومەتی عێراق سەرجەم پابەندییە داراییەکانی بەرامبەر ھەرێم جێبەجێکردووە و ھەوڵی زۆریداوە بۆ پێشکەشکردنی چارەسەر.
دەشڵێت، تا کۆتایی مانگی حوزەیران ئەو پارانەی لە ئەستۆی ھەرێمە سێ ھێندەی پشکەکەیەتی بەپێی خەرجی راستەقینەی دەوڵەت، لەکاتێکدا حکومەتی ھەرێم داھاتی نەوتی و نانەوتی بەپێی یاسای بودجە رادەستنەکردووە.
وتەبێژی حکومەتی عێراق جەختدەکاتەوە سەرەڕای ئەوەش حکومەتی عێراق بڕیاریداوە لێکەوتەکانی پابەندنەبوونی ھەرێم نەخاتە ئەستۆی ھاوڵاتییان و قەرز دەدرێتە ھەرێم تا کێشە داراییەکان چارەسەر دەبن.
وتەبێژی حکومەتی عێراق جەختیکردووەتەوە، پابەندبوون بە رێککەوتنەکان لە چوارچێوەی دەستوردا کورتترین رێگایە بۆ چارەسەری کێشەکان.
قسەکانی وتەبێژی حکومەتی عێراق لەکاتێکدایە، رۆژی پێنجشەممە، سەرۆکی حکومەتی ھەرێم لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس رایگەیاندبوو، بەپێی یاسای بودجە دەبوو بەغداد مانگانە ترلیۆنێک و ٣٧٥ ملیار دینار بۆ ھەرێمی کوردستان بنێرێت، بەڵام تا ئێستا ھیچ بڕە پارەیەکی نەناردووە.
پەیامنێری کوردسات نیوز رایگەیاند، دوێنێ بەھۆی بڵاوبوونەوەی دەنگۆی ئەنجامدانی خۆپیشاندان، ھێزێکی زۆری ئەمنی لە نزیک قەڵای کەرکوک جێگیرکراون و ئەو شەقامانەی دەچنەوەسەر قەڵاکە سەرجەمیان داخران.
وتیشی، تا ئێستا ھێزێکی ئەمنی لەدەوروبەری قەڵای کەرکوک ماونەتەوە، ھەرچەندە شەقامکان بەرووی ھاووڵاتییاندا کراونەتەوە و تا ئێستا ترس ھەیە خۆپیشاندان لە شارەکە دەستپێبکاتەوە.
درەنگانی شەوی رابردوو دوای جێگیرکردنی ھێزەکە، عەبدولئەمیر یارەڵڵا سەرۆک ئەرکانی سوپای عێراق و ژمارەیەک بەرپرسی باڵای وەزارەتی بەرگری، سەردانی کەرکوکیان کرد و لەگەڵ بەرپرسانی ئەمنی شارەکە کۆبوونەوە و دواتر سەردانی قەڵای کەرکوکیان کرد.
دەقی پەیامەکەی قوباد تاڵەبانی...
بەڕێزان ئەدیبان و نوسەران و رووناکبیران
بەڕێزان خێزان و خانەوادەی مامۆستا جەمال بابان
بەداخ و پەژارەیەکی زۆرەوە ھەواڵی کۆچی دوایی (مامۆستا جەمال بابان)م بیست.
مامۆستای کۆچکردوو، لەماوەی خزمەتی وەزیفیدا چەندین ئەرک و بەرپرسیارێتی ئیداری و خزمەتگوزاری لەئەستۆ گرتووە جگە لەوەی یەکەم سەرۆکی یەکێتی نوسەرانی کوردبووە ھاوکات خاوەنی چەندین بەرھەم و کتێبی بەنرخە بەزمانەکانی کوردی و عەرەبی و کۆمەڵێکی زۆر وتار و نووسینیشی لە گۆڤار و ڕۆژنامەکانی سەردەمی خۆیدا بڵاوکردووەتەوە.
بەم بۆنە غەمناکەوە پرسەو سەرەخۆشی ئاڕاستەی کەسوکار و بنەماڵە و سەرجەم ئەدیبان و نوسەران و رووناکبیران دەکەم و ھاوبەشی خەم و پەژارەتانم.
خوای گەورە لەکۆچکردوو خۆش بێت و جێگای بەھەشت بێت، سەبوری و دڵنەواییش بەھەموو لایەک ببەخشێت.
انا للە و انا الیە راجعون
قوباد تاڵەبانی
سەرپەرشتیاری مەکتەبی سکرتارییەتی سەرۆک مام جەلال
دەقی پەیامەکەی لیوا روکن بەختیار محەمەد سدیق ئەمینداری گشتی وەزارەتی پێشمەرگە:
ئارامی و پێکەوە ژیان و ئاوەدانی کەرکوک واتە ئارامی و پێکەوە ژیان و ئاوەدانی عێراق
ئاشکرایە تێکچونی ئارامی و سەقامگیری ھەرشارێک کاریگەری لەسەر تەواوی شارەکانی تری وڵات دەبێت و کارادانەوەی جیاوازی لایەنە سیاسیەکانی لێدەکەوێتەوە، جگە لەوانەش رێگا بۆ ھەندێکی وڵاتی جیھان و ئەجندای دەرەکی خۆش دەکات بەجۆرێک لە جۆرەکان دەستێوەردان لەو شارەبکەن و کێشەکان قولتر بکەنەوە.
ئەوەی لەچەند رۆژی رابردوو بینیمان لە شاری کەرکوک کە شاری پێکەوەژیانی نەتەوەو ئاین و مەزھەبە جیاوازەکانە، ھەروەک سەرۆک مام جەلال کەرکوکی بە چەپکە گوڵەکە وەسفی کردووە، پێویستە بەوریاییەوە مامەلەی لەگەڵ بکرێت، چونکە تێکچوونی بارودۆخی شارێکی وەک کەرکوک پێکدادانی بەشێک لە پێکھاتەکانی لێدەکەوەێتەوە، بەتایبەتی لەم بارودۆخە بەشێک لەلایەنە سیاسی و سەربازییەکان بۆ جێبەجێکردنی ئەجندای خۆیان، ھەوڵی بەکارھێنانی خەڵک و لایەنگری خۆیان دەدەن و بۆ بەرژەوەندی خۆیان بەکاریان دەھێینن.
پیلان و ھەوڵی لەو جۆرە جگە لە زیان گەیاندن بە خەڵکی کەرکوک و نانەوەی دووبەرەکی لەنێوان پێکھاتەکان و شەھید بوونی رۆڵەکانی ھیچ ئەنجامێکی نابێت، بەڵکو پێویستە بەرەچاوکردنی بەرژەوەندی گشتی و پاراستی ئارامی بۆ شارەکە کێشەکان بەئاشتی و لەسەر بنەمای پێکەوەژیان چارەسەر بکرێت، ھەروەک چۆن لە دەستوری عیراق و لەماددەی ١٤٠ رێگای چارەی بۆ کەرکوک و تەواوی ناوچە دابڕاوەکان داناوە، پێویستە کار بۆ جێبەجێکردنی قۆناغەکانی ئەو ماددەیە بکرێت و شارەکە دوور بخرێتەوە لە ململانێی و بەکارھێنانی ھەست و سۆزی خەڵکەکەی لەپێناو بەدەستھێنانی دەستکەوتی حزبی.
ھەر لەبارەی کەرکوک و ئەو بارودۆخەی لەماوەی رابردوو بەسەری ھات پێویستە حکومەتی عیراقی فیدراڵ رێگای راست و دروست بگرێتەبەرو بەیەکسانی سەیری پێکھاتەکان بکات، چونکە تێکچونی ئارامی و سەقامگیری شارێکی وەک کەرکوک، دەبێتە ھۆی تێکچوونی پێکەوەژیان لەو شارەو نائارامی لەتەواوی وڵات، بۆیە پێویستە رێگا لە دووبارەبوونەوەی رووداوی لەو جۆرە بگیرێت و پێکھاتەیەک بەسەر پێکھاتەیەکی تر فەرز نەکرێت کە ئەنجامێکی نەخوازراوی لێبکەوێتەوە.
لیوا روکن بەختیار محەمەد سدیق ئەمینداری گشتی وەزارەتی پێشمەرگە
لیژنەی باڵای ئەمنیی کەرکوک لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوەکرد، لەپێناو پاراستنی ئاسایشی کەرکوک و پێکەوەژیانی پێکھاتەکان و چارەسەرکردنی کێشەکان بە گفتوگۆ و لە رێگەی یاساوە، داوا لە ھەموو لایەنە سیاسی و سەرۆک ھۆزەکان دەکەن، بەشداربن لە پاراستنی گیان و ئاسایشی ھاووڵاتیانی کەرکوک و ھاوکاربن لەگەڵ ھێزە ئەمنییەکان.
راشیگەیاند، خەمیس خەنجەر دوای کۆبوونەوەی ئەمڕۆی لەگەڵ سەرۆکی حکومەتی ھەرێم و سەرکردایەتیی پارتی دیموکراتی کوردستان، ئاگاداریکردوونەتەوە کە ئەوان ھەرجۆرە خۆپیشاندان و مانگرتن و تێکدانێکی ئاسایشی ھاووڵاتیانی کەرکوک رەتدەکەنەوە و لەگەڵ چارەسەرکردنی کێشەکانن بە رێگەی گفتوگۆ و ئاشتیانە، ھەروەھا رایانگەیاندووە، سەرجەم کادرانیان ئاگادارکردووەتەوە، ھیچ جۆرە خۆپیشاندان و چالاکی و مانگرتنێک ئەنجامنەدەن، ھەروەھا بێبەریبوونی خۆیان لە ھەرجۆرە چالاکییەکی لەوجۆرە راگەیاندووە.
لیژنەکە راشیگەیاند، نوێنەرایەتیی یەکێتیی نیشمانیی کوردستان، پەیوەندییان پێوەکردوون و ھەمان پەیامیان پێگەیاندوون.
لە کۆتایدایدا لیژنەی باڵای ئەمنیی کەرکوک دەڵێت، لە ئەگەری ھەر بانگەوازێک بۆ ئەنجامدانی "کاری نایاسایی"، ئەرکی ھێزە ئەمنییەکانە ھەموو رێوشوێنێکی پێویست بگرنەبەر و لێپرسینەوە بکەن لەگەڵ ھەر لایەنێک کە یاسا پێشێل دەکات.
ئەنجومەنی وەزیرانی ھەرێم لە ڕاگەیەندراوێکدا پرسە و سەرەخۆشی و ھاوخەمی خۆی بۆ بنەماڵە و کەسوکاری شەھیدانی ڕووداوەکانی کەرکووک دەربڕی و بە توندی سەرکۆنەی ئەو توندوتیژیەی کرد کە بەرامبەر ھاووڵاتییانی سیڤلی کەرکووک کرا.
ئەنجومەنی وەزیران داواش لە حکومەتی فیدڕاڵ و لایەنە پەیوەندیدارەکان دەکات، کە ئەوانەی چەکیان بەکارھێناوە بۆ ڕووبەڕوبونەوەی خۆپیشاندەران و بوونە ھۆی شەھیدکردنی ھاووڵاتییانی سیڤیل، بە زووترین کات ڕێکاریی یاسایی وقەزاییان لەبەرامبەردا بگیرێتەبەر و بدرێن بە دادگا تا بە سزای خۆیان بگەن.
ئەنجومەنی وەزیرانی لە راگەیەندراوێکی لە بارەی کۆبونەوەی ئەمڕۆ بڵاوکردەوەو ئاماژە بەوەدەکات، جەختیان لەوەکردوەتەوە کە پێویستە لەبەرامبەر پابەندییەکانی ھەرێم، کۆی گشتی شایستە داراییەکان بۆ ھەرێم خەرج بکرێت کە بە گوێرەی خشتەکانی بودجەی عێراق بۆ ساڵی ٢٠٢٣، دەکاتە ١٦ ترلیۆن و ٤٩٨ ملیار دینار و مانگانەش بە گوێرەی ژمارەکانی بودجە دەکاتە یەک ترلیۆن و٣٧٥ ملیار دینار.
داواش لە ھێز و لایەنە سیاسی یەکانی ھەرێم دەکات یەکدەنگ و یەکھەڵوێست بن لە داکۆکیکردن لە ماف و دەسەڵات و شایستە دەستوورییەکانی ھەرێم، ھاوکات داواشی لە ھێز و لایەنە سیاسییە سەرەکییەکانی پێکھێنەری حکومەتی عێراق کردوە شایستەکانی ھەرێم وەک لە خشتەکانی بودجەدا ھاتووە، خەرج بکرێت و پابەند بن بە کارنامەی وەزاریی و ڕێککەوتنە سیاسییەکانی پێکھێنانی حکومەت و لەو چوارچێوەیەشدا، مامەڵە لەگەڵ ماف و شایستە داراییەکانی ھەرێمی کوردستان بکەن.
ھەروەھا ئەنجومەنی وەزیران داوای لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیش کردوە پشتیوانی ھەرێم بێت لە بەدەستھێنانی مافە دەستووریی و شایستە داراییەکانی بە پێی دەستوور و ڕێککەوتنەکان و ڕێگە نەدەن چیتر مافەکانی خەڵکی کوردستان بە ناڕەوا پێشێل بکرێن.
دەشڵێت، ھەرێمی کوردستات تەواوی پابەندییەکانی بەرامبەر بەغداد جێبەجێکردووە، بۆیە پێویستە بەغدادش تەواوی شایستە داراییەکان رەوانەی ھەرێم بکات.
وەزارەتی پەروەردەی ھەرێم رایگەیاندووە، بەپێی فەرمانێکی وزاری، دەوامی مامۆستایان لە خوێندنگە حکومییەکان بە گوێرەی وانەکانیان دەبێت کە لە خشتەی بەشە وانەکانیان بۆیان دیاریکراوە و گۆڕانکاری تێدا ناکرێت، واتە جگە لە وانەکانی خۆی و ئامادەبوونی لە بەشەوانەی ھەفتانەی راھێنان، مامۆستایان پابەند ناکرێن بە مانەوەیان لە سەرەتای دەوام تا کۆتایی دەوام و سەرپشکن لە مانەوە لە ناوەندەکانی خوێندن.
وەزارەتی پەروەردە لە فەرمانێکی تریشدا کە ئاراستەی سەرجەم بەڕێوەبەرایەتییەکانی پەروەردەی کردووە ئاماژەی بەوە کردووە، نابێت لە ھیچ ناوەندێکی خوێندندا بۆ یەکپۆشی فشار لەسەر خوێندکاران دروست بکرێت، ئەوەش بە لە بەرچاوگرتنی باری ژیان و گوزەرانی ئێستای ھاوڵاتیان.
جوتیار عادل بەڕێوەبەری فەرمانگەی میدیا و زانیاری رایگەیاند، لە کۆبوونەوەکەدا دواپێشھاتەکانی جێبەجێکردنی یاسای بودجەی فیدراڵی و بارودۆخی مووچە لە ھەرێمی کوردستان و بەرەئەنجامی دواکۆبوونەوەی وەفدی دانوستانکاری ھەرێم لەگەڵ وەفدی ھاوتایان لە بەغداد خراوەتەڕوو.
سەرچاوەیەکیش بە کوردسات نیوزی راگەیاند، لە کۆبوونەوەکەدا وەزارەتی دارایی راسپێردراوە بۆ دەستپێکردنی مووچەی فەرمانبەران و چاوەڕواندەکرێت ھەفتەی داھاتوو خشتەی مووچەی مانگی تەممووز بڵاوبکرێتەوە و بە داھاتی ناوخۆ و قەرزەکەی بەغداد دەست بە دابەشکردنی مووچە دەکرێت و ئەو کورتھێنانەشی دروستدەبێت لە داھاتی ناوخۆ پڕدەکرێتەوە.
حزبی دیموکرات، کۆمەڵە، پژاک، سازمانی خەباتی ئێران، پارتی ئازادی کوردستان و کۆمەڵەی زەحمەتکێشان دوای کۆبوونەوەیان راگەیەنراوێکی ھاوبەشیان بۆ ساڵیادی گیانلەدەستدانی ژینا ئەمینی و سەرھەڵدانی خۆپیشاندانەکان بڵاوکردەوە و رۆژی گیانلەدەستدانی ژینا ئەمینی لە ١٦ی ئەیلول وەک رۆژی مانگرتنی گشتی لە ھەموو کوردستان راگەیاند و داوایانکرد لەو رۆژەدا دوکان و بازاڕ و فەرمانگە حکومییەکان دابخرێن و رێورەسمی رێزلێنان لەسەر گڵکۆی شەھیدەکان رێکبخرێت.
حزبەکانی رۆژھەڵات داوایان لە چین و توێژە جیاوازەکان لە ناوخۆ و تێکۆشەران و ھێزو لایەنە پێشکەوتنخوازەکانی دەرەوەی وڵات کردووە پشتیوانی مانگرتنی گشتی بکەن و پیشانی بدەن شۆڕشی ( ژن، ژیان، ئازادی) تا گەیشتن بە ئامانجەکانی درێژەی ھەیە.