بڕیارە لە ئایندەیەكی نزیكدا ئۆجەلان بانگەوازێكی مێژوویی بۆ چارەسەری هەمیشەیی پرسی كورد بكات و هاوسەرۆكی دەمپارتیش دەڵێت، توركیا بە دانانی قەیوم گورز لە پرۆسەی ئاشتی دەدات.

تونجەر باقرخان، هاوسەرۆكی پارتی یەكسانی و دیموكراسیی گەلان"دەم پارتی" لە كۆنفرانسێكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، چاوەڕوان دەكرێت لە ئایندەیەكی نزیكدا عەبدوڵا ئۆجەلان رێبەری زیندانیكراوی پەكەكە بانگەوازێكی مێژوویی بكات، بۆ چارەسەری هەمیشەیی پرسی كورد.

ئەوەشی خستەڕو، پێدەچێت بانگەوازە ناوەڕاستی ئەم مانگە یاخود دواتر بێت و تاكو ئێستاش ناوەڕۆكی بانگەوازە نەزانراوە.

هاوكات، تولای حاتەم ئۆغۆلاری هاوسەرۆكی پارتی یەكسانی و دیموكراسیی گەلان"دەم پارتی"رایگەیاندوە،  ئامادەن درێژە بە پرۆسەی ئاشتی بدەن، ئامادەشن بۆ گفتوگۆ و دانوستان، بەڵام توركیا لەبری هەنگاونان بۆ پرۆسەی ئاشتی، قەیوم لە شارەوانییەكان دادەنێت، بەوەش گورز لە پرۆسەی ئاشتی دەدات.