شاناز ئیبراهیم ئەحمەد: دەبێت زامنی پاراستنی مافی کەمینەکان بکرێت
٥ی شوباتی ٢٠٢٥
خانمی یەکەم دوپاتیکردەوە لەسەر پەیرەوکردنی سیاسەتێکی ڕوون کە زامنی پاراستنی مافی کەمینەکان بکات.
شاناز ئیبراهیم ئەحمەد خانمی یەکەمی عیراق پێشوازیکرد لە وەفدی باڵای کڵێساکان هەریەکە لە قەشە نیک بەینز و قەشە سام کۆرلی لە کڵێساکانی بریتانیا و ئۆتۆ مێرسیس قەشەی کڵێسا لە نەرویژ و نوێنەرانی ڕێکخراوی هاوپشتی مەسیحی.
لە میانی دیدارەکەدا خانمی یەکەم ئاماژەیکرد بە مێژووی پێکەوەژیانی ئاشتیانە لە کۆمەڵی عێراقدا کە رێچکەیەکی جیاوازی هاوبەشی نیشتمانی و چارەنووسی هاوبەشە بە جەختکردنەوە لەسەر پێویستی داڕشتنی پلانێکی ستراتیژی بۆ ئاوەدانکردنەوەی ئەو شار و گوندانەی کە زێدی ڕەسەنی مەسیحییەکانن و ئامادەکردنیان بۆ دڵنیابوون لە گەڕانەوەی ژیان بۆیان، جگە لە ڕەخساندنی دەرفەتی کار کە دەبێتە مایەی سەقامگیری بۆ ئەم پێکهاتە گرنگەی وڵات . هاوکات خانمی یەکەم دوپاتیکردەوە لەسەر پەیرەوکردنی سیاسەتێکی ڕوون کە زامنی پاراستنی مافی کەمینەکان بکات و دەستەبەری بەدیهێنانی پرەنسیپ و دەرفەتی یەکسان بکات.
لای خۆیەوە وەفدەکە ستایشی ئەو ڕۆڵە دیارەی خانمی یەکەمی کرد کە لە بوارەکانی مرۆیی و ڕۆشنبیریدا بینیویەتی، پێزانینی خۆیان بۆ ڕوونکردنەوەکانی دەربڕی سەبارەت بە چۆنیەتی پشت بەستن بە گفتوگۆ و کاری ئەرێنی لەنێوان ئایینەکاندا.
لە کۆبوونەوەکەدا، مەریوان نەقشبەندی نوێنەری وەزارەتی ڕۆشنبیری هەرێمی کوردستان و خالید جەمال بەڕێوەبەری گشتیی کاروباری مەسیحییەکان لە حکومەتی هەرێمی کوردستان و خاتوو ئاوات حوسام الدین نوێنەری ئایینی زەردەشتی ئامادەی بون.

