ئیڤان فایەق وەزیری کۆچ و کۆچبەرانی عێراق، لە میانی سەردانی بۆ قەزای حەمدانیە، بریندارەکانی رووداوەکەی شەوی سێشەممە بەسەرکردەوە و لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانییدا رایگەیاند، بریندارانی رووداوەکەی حەمدانیە بە پێنج یان ١٠ ملیۆن دینار قەرەبوو دەکرێنەوە.
وتیشی، بەشی یەکەمی بریندارەکان لە نەخۆشخانەکانی نەینەوا و پارێزگاکانی دیکە لە ھەرێمی کوردستان، بۆ وەرگرتنی چارەسەر رەوانەی تورکیا دەکرێن.
شەوی سێشەممە لە ئاھەنگێکی بوکگواستنەوەدا لە یەکێک لە ھۆڵەکانی قەزای حەمدانیە، بەھۆی ھەڵدانی یاریی ئاگرینەوە، ئاگر لە ھۆڵەکە کەوتەوە و بەھۆیەوە زیاتر لە ١٠٠ کەس گیانیانلەدەستدا.
بەڕێوەبەرایەتیی بەرگریی شارستانیی دھۆک لە نوسراوێکدا رێنمایی لەبارەی بەکارھێنانی یارییە ئاگرینەکان و سیستەمی ئاگرکوژێنەوە لە شوێنە گشتییەکان بڵاوکردەوە و رایگەیاند، بەھیچ شێوەیەک نابێت یارییە ئاگرینەکان لە ھۆڵەکانی (ئاھەنگگێڕان، شانۆگەری، ھۆتێلەکان، یانە شەوانەکان، باخچە تایبەتەکان و شوێنە گەشتیارییەکان) ھەبێت، بە پێچەوانە ھەر کەسێک پابەند نەبێت، رێکاری توندیی یاسایی بەرامبەری دەگیرێتەبەر.
بەڕێوەبەرایەتیی بەرگریی شارستانیی دھۆک دەشڵێت، پێویستە ھەموو کۆمپانیا و کۆگا بازرگانییەکان و ھۆتێل و یەکەکانی نیشتەجێبوون و بەنزینخانەکان سیستمی ئاگرکوژێنەوەیان تێدا بێت.
ئەو بڕیارانەی بەڕێوەبەرایەتیی بەرگریی شارستانیی دھۆک، دوای ئەوە دێت، شەوی سێشەممە بەھۆی ھەڵدانی یاریی ئاگرین، لە ئاھەنگێکی بوکگواستنەوەدا لە یەکێک لە ھۆڵەکانی حەمدانیە، ئاگر لە ھۆڵەکە کەوتەوە و بەھۆیەوە زیاتر لە ١٠٠ کەس گیانیان لەدەستدا.
پێگەی ئاگوس میدیا تایبەت بە کاروباری وزە لە راپۆرتێکدا لە زاری لێپرسراوێکی عێراقییەوە کە ناوەکەی ئاشکرانەکردەوە بڵاویکردەوە، ھێشتا ئەگەری دەستپێکردنەوەی ھەناردەی نەوتی ھەرێمی کوردستان بۆ تورکیا ئاڵۆزە، چونکە چارەسەری بابەتی قەرەبووی دارایی لەنێوان تورکیا و عێراق لەئارادا نییە.
ئەو لێپرسراوە عێراقییە ئاماژەی بەوەشداوە، بابەتەکە لۆجستی نییە، بەڵکو پەیوەندی بە پابەندە داراییەکانەوە ھەیە و تورکیا ناتوانێت قەرەبوو بداتەوە بە عێراق بەپێی ئەو بڕیارەی دەرکرابوو، بۆیە بابەتەکە ئاڵۆزە.
زیاتر لە شەش مانگ بەسەر راگرتنی ھەناردەی نەوتی ھەرێمی کوردستان تێپەڕیووە، کە لە رۆژی ٢٥ی ئاداری ئەمساڵ دادگای ناوبژیوانیی نێودەوڵەتیی لە پاریس، سکاڵایەکی لە بەرژەوەندیی حکومەتی عێراق دژی تورکیا یەکلاکردەوە و بەھۆیەوە ھەناردەی نەوتی ھەرێمی کوردستان بۆ تورکیا راگیرا، زیانی ئەو راگرتنەش بە ٦ ملیار دۆلار بۆ عێراق و ھەرێم مەزەندە دەکرێت.
بەپێی ئەو زانیاریانە لە فەرمانگەی تەندروستیی کەرکوکەوە بە کوردسات نیوز دراوە، شەوی چوارشەممە لەسەر پێنجشەممە، لە ئاھەنگێکی بوک گواستنەوەدا لە قەزای حەویجە، زیاتر لە ١٠٠ کەس دوای خواردنی نانی ئێوارە، ژەھراویبوون و رەوانەی نەخۆشخانە کراون.
بەپێی زانیارییەکان، ھۆکاری ژەھراویبوونی ئەو کەسانە خواردنی تێکچوو بووە و سەرجەمی ئەو کەسانەی ژەھراویبوون، چارەسەریان بۆ کراوە و نەخۆشخانەیان بەجێھێشتووە.
د.ھەڤاڵ ئەبوبەکر پارێزگاری سلێمانی رایگەیاند، لەگەڵ ھاتنی وەرزی پاییزدا، دڵنیاتاندەکەینەوە، کە فەرمانگە پەیوەندیدارە حکومییەکان لە ھەموو بوارەخزمەتگوزارییەکاندا بەردەوامن لە ئەرکی دڵسۆزانەی خۆیان و چاودێریی و بەدواداچوونی پێویست و بەردەوام بۆ ھەموو بوارە خزمەتگوزارییە گشتییەکان دەکەن و ڕێکاری یاسایی پێویست دەگرنەبەر.
پارێزگای سلێمانی داوا لە ھاوڵاتیان دەکات پشکنینی دڵنیایی تەواو بۆ سیستمی غازو شۆڤاژو ھەرجۆرە سوتەمەنیی و وزەیەکی تر کە لەماڵەکاندا بەکاریان دەھێنن بکەن و ھەروەھا پشکنینی دڵنیایی تەواو بۆ سەری کونج و مەنھۆڵ و ئاوەڕۆی ماڵەکانیان بکەن.
د.ھەڤاڵ ئەبوبەکر دەشڵێت، لەبوونی ھەرکێشە و ناتەواوییەک لەو بوارانەی باسکران، لە کۆڵان و گەڕەکەکاندا پەیوەندیی بەفەرمانگەی پەیوەندیدارەوە بکەن.
بە بەشداری ٦٠٠ ئەندام دووەم رۆژی پێنجەمین کۆنگرەی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بە دروشمی نوێگەری لە کاردا کۆدەنگی لە بڕیاردا بەردەوامە، بڕیارە ئەمڕۆش ئەو شەش لیژنەیەی راسپێدراون تەواوی ئەو راپۆرتانەی خراوەتە بەردەست کۆمسیۆنی ئامادەکاری کۆنگرە گفتوگۆی لەسەر بکەن، لەنێو کارەکانیشدا پەیڕەوی ناوخۆیی یەکێتی تاوتوێبکرێت، لەگەڵ ئەو راپۆرتانەی پەیوەندییان بە ژیان و گوزەرانی ھاووڵاتیانەوە ھەیە.
ھەروەھا کۆمسیۆنی ئامادەکاری کۆنگرە راپۆرتێک سەبارەت بە گۆڕانکارییەکانی پەیڕەوەی ناوخۆ دەخاتەڕوو بۆ ئەوەی لە داھاتوودا خزمەتی زیاتری کادرانی ئۆرگانە جیاوازەکانی یەکێتی بکات.
ھاوکات لە رۆژی یەکەمی کۆنگرەش بە کۆی دەنگی ئەندامان، بافڵ جەلال تاڵەبانی بە سەرۆکی یەکێتی ھەڵبژێردرایەوە، کۆسرەت رەسوڵ عەلی و ھێرۆ ئیبراھیم ئەحمەدیش لە پای رۆڵ و پێگە و ماندووبوونیان لە مێژووی یەکێتی وەک سیمبولی باڵای یەکێتی دیاریکران.
دەقی پەیامەکە:
پیرۆزبایی بۆ کاکە بافڵ و یەکێتییەکان
کوڕی شیرینم کاکە بافڵ سەرۆکی یەکێتی نیشتیمانیی کوردستان، لەقووڵایی دڵەوە پیرۆزبایی ئەم سەرکەوتنە گەورەیەی حزبی شەھیدان لە کەسوکاری سەربەرزی شەھیدان و خودی جەنابی مام و تەواوی پێشمەرگە قارەمانەکان و زیندانیان و ھەموو خەڵکی کوردستان و جەماوەری بەرفراوانی یەکێتی و تەواوی ئەندامان و لایەنگرانی یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان بەڕابەرایەتی جەنابتان، دەکەم.
سەرکەوتنی کۆنگرەی یەکێتی لەناو ئاپۆرای ئامادەبوان و دەستلەسەردڵی خەڵکی کوردستان و یەکێتییەکان، مژدەیەکی گەورەیە بەرەو سەرکەوتنی زیاتری ئەم حزبەی کە پەروەردەی قوتابخانەی سەرۆک مام جەلال-ە. ئێوەی سەرکردایەتی نوێ و بەتایبەتی تۆی کوڕی شیرینم بەپرسیارێتیەکی یەکجار گەورەتان خستووەتە ئەستۆی خۆتان، بەڵام دڵنیام بە بیری ورد و پلانی تۆکمە و خوێندنەوەی پێشھاتەکان، ئەرکی خۆتان جێبەجێدەکەن و یەکێتیی قاڵبووی ھەوازە سەخت و نشێوە دژوارەکان و کارەساتە خوێناوییەکان دەکەنەوە بەو یەکێتییەی کە جێی ئومێدی تەواوی خەڵکی کوردستان و نەتەوەی کورد دەبێت.
نامەوێت بەم پەیامە کورتە ھەر پیرۆزبایی لە خۆت و ھەڤاڵەکانت بکەم، بەڵکو دەمەوێت ئەوەت بیربھێنمەوە تۆ کوڕی ئەو مام جەلال-ەی کە بووەتە سیمبولی بیری ورد و قوتابخانەی کوردایەتی و (ێەمام الامان)ی عێراق و کۆکەرەوەی دژەکان نەک ھەر لە ئاستی کوردستان و عێراق بەڵکو لە ناوچەکە و جیھانیشدا، بۆیە چاوەڕێی ئەوەتان لێدەکەم رێبازە پیرۆزەکەی مامی کوردان بەرنەدەن و ھەموو توانایەکتان بخەنەگەڕ لەپێناو ئاشتی و ئاوەدانی و پێکەوەژیانی ھەموو خەڵکی کوردستان بە ھەموو حزب و پێکھاتە جیاکانیەوە.
دووبارە پیرۆزبایی سەرکەوتنی کۆنگرەکەتان لێدەکەم و ئومێدەوارم لە ئاستی چاوەڕوانیی کەسوکاری سەربەرزی شەھیدان و کۆمەڵانی خەڵکی کوردستاندا بیت.
گەلاوێژ
دەقی پەیامەکە:
بەڕێز بافڵ جەلال تاڵەبانی
سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان
سڵاوی خوای گەورەتان لێبێت
پیرۆزبایی لە ئێوە و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و سەرکردایەتی و کادرو جەماوەرەکەتان دەکەم بەبۆنەی بەستنی پێنجەمین کۆنگرە و ھەڵبژاردنتان بەسەرۆکی یەکێتی.
ھیوای بەردەوامی و سەرکەوتن و بەخششی زیاترتان لە ئەرکە حیزبییە نیشتمانییەکان و لەرێچکەی حیزبایەتیدا بۆ دەخوازم کە سەرۆکی کۆچکردوو سەرۆک جەلال تاڵەبانی دامەزرێنەری بوو، ئێوەش لەئێستادا بە ئیرادە و توانایەکی گەورەوە درێژەپێدەری ئەو رێبازەن.
ئەوپەڕی رێزمان قبوڵ بفەرموون
رەشید ئەلعەزاوی
ئەمینداری گشتی حیزبی ئیسلامی عێراق
٢٧/٩/٢٠٢٣
لە دەقی پەیامەکەی ئەدھەم بارزانیدا ھاتووە، "بۆ برای بەڕێزم کاک بافڵ جەلال تاڵەبانی و تەواوی کادیر و ئەندامان و لایەنگرانی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانی ھێژا. وێڕای سڵاو و ڕێزمان بەبۆنەی بەستنی پێنجەمین کۆنگرەی یەکێتی و نوێبوونەوەی حزبەکەتان پیرۆزبایی گەرم ئاراستەی بەڕێزتان و تەواوی کادیری و لایەنگرانی یەکێتی دەکەم. ئومێدەوارم کۆنگرەی ئەمجارەی یەکێتی ببێتە ھۆکاری زیاتر ئەنجامدانی کاری پێکەوەیی و بەدەستھێنانی ئامانج و داواکارییەکانی خەڵکی کوردستان".
ئەدھەم بارزانی بەشێکی پەیامەکەی تەرخانکردووە بۆ باسکردن لە "گرنگی نوێبوونەوەی یەکێتی"، و ئاماژەی بەوەکردووە، "نوێبوونەوە لە سیاسەتی حزبەکەتان دەرفەتێکی زێڕینە بۆ یەکخستنی نێوماڵی کورد و بەھێزکردنی پێگەی کوردستان لە ناوخۆ و دەرەوەی ھەرێم.
ئەو کەسایەتییە سیاسییەی کوردستان لە پەیامەکەیدا ئەوەشی خستووەتەڕوو، "یەکێتی وەک ھێزێکی کاریگەر لەسەر گۆڕەپانی سیاسی سەنگ و قورسایی خۆی ھەیە و جگە لەسەر ئاستی ناوخۆی ھەرێم، پێگەیەکی بەھێزیشی لەسەر ئاستی عێراق و ناوچەکە ھەیە. ئەمەش وادەکات بەستنی کۆنگرە لەم دۆخەدا کاریگەریی خۆی ھەبێت و وابکات دۆخی ھاووڵاتییانی ھەرێم لە چەقبەستوویی دەرباز بکات".
لە بروسکەکەی نوری مالکیدا ھاتووە: "بەستنی پێنجەمین کۆنگرە بە پایەیەکی پرۆسەی سیاسی لە عیراق و لە بنیاتنەرانی سەردەمی نوێی سیاسی دادەنرێت".
ھەروەھا دەڵێت: "یەکێتیی نیشتمانی قوربانی بەنرخ و فراوانی لە پێناو کۆتاییھێنان بە قۆناغی دیکتاتۆری پێشکەش کردووە، ھەروەک جێدەست و رۆڵی دیاری سەرۆک مام جەلال و بیری سیاسی دەوڵەمەندیشی بەبیرھێناوەتەوە.
نوری مالیکی ھەروەھا لە بروسکەی پیرۆزباییەکەیدا دەڵێت شانازی بە پەیوەندی سیاسی و مێژووییمان لەگەڵ یەکێتیی نیشتمانی دەکەین، پەرۆشی خۆیشی بۆ گەشەپێدان و درێژەدان بەو پەیوەندییانە دووپات کردووەتەوە بەجۆرێک ئامانجە ھاوبەشەکان و خۆشگوزەرانی بۆ ھەموو پێکھاتەکان بھێنێتەدی.
کۆنگرەی پێنجەمی یەکێتی بە بەشداری ٦٠٠ ئەندام لە سلێمانی دەستی بە کارەکانی کرد کە ماوەی سێ رۆژ بەردەوام دەبێت، بە کۆی دەنگی ئەندامانی کۆنگرەش بافڵ جەلال تاڵەبانی بە سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان ھەڵبژێردرایەوە و کۆسرەت رەسوڵ عەلی و ھێرۆ ئیبراھیم ئەحمەدیش لە پای رۆڵ و پێگە و ماندووبوونیان لە مێژووی یەکێتی وەک سیمبولی باڵای یەکێتی دیاریکران.
ئاسۆ مامەند ئەندامی کۆنگرەش بە کوردسات نیوزی راگەیاند، لەکارەکانی دوای نیوەڕۆی یەکەم رۆژی کۆنگرە سەرەتا لیژنەی سەرپەشتیاری کۆنگرە ھەڵبژێردرا و دواتریش بافڵ جەلال تاڵەبانی بە کۆی دەنگ بە سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان ھەڵبژێردراوە.
وتیشی، بۆ رۆژی دووەمی کۆنگرە کارەکان لە سەعات ٩ی بەیانی دەستپێدەکات و لیژنەکانیش بەرنامەکان دەھێننەوە بۆ ناو کۆنگرە بۆئەوەی پەسەند بکرێن.
دادگای لێکۆڵینەوەی موسڵ راگەیەندراوێکی لەبارەی رووداوەکەی حەمدانیە بڵاوکردەوە و ئاماژەی بەوە کردووە، لە یەکەم ساتی دوای رووداوەکەوە دادوەری لێکۆڵینەوە سەردانی شوێنی رووداوەکەی کردووە و وتەی لە نۆ شایەتحاڵ وەرگرتووە و بەپێی ماددەی ٣٤٢/ ١ و ٢ و ٤ لە یاسای سزادانی عێراقیش فەرمانی دەستگیرکردنیان بۆ چەند کەسێک دەرکرد کە پێکھاتبوون لە خاوەنی ھۆڵەکە و سەرپەرشتیارەکەی، دواتر ئەو کەسانە لە ھەولێر خۆیان رادەستی ھێزە ئەمنییەکان کرد و رەوانەی موسڵ کراونەتەوە بۆئەوەی لە رووی یاساییەوە وتەیان لێوەربگیرێت.
راشیگەیاندووە، ھۆکاری سەرەکی ئاگرکەوتنەکە یارییە ئاگرینەکان و کەرەستەکانی ناو ھۆڵەکە بووە کە زۆربەیان پلاستیک بوون و بە زوویی ئاگریان گرتووە و دەرگای تایبەت بە حاڵەتی کتووپڕی ھۆڵەکەش زۆر بچووک و دوور بووە و ئەو کەسانەی لەناو ھۆڵەکە بوون نەیانتوانیوە پێی بگەن.
دەقی پەیامەکە...
رووداوە دڵتەزێنەکەی قەزای حەمدانییە لە دڵەوە نیگەرانیکردین، پرسە و ھاوخەمیی قووڵی خۆمان ئاڕاستەی کەسوکار و بنەماڵەی قوربانییەکان دەکەم و لە خوای گەورە داواکارین ئارامی و سەبوورییان پێببەخشێت.
یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان ھاوبەشی ئازار و ماتەمی برینداران و کەسوکاری قوربانییەکانە و ئامادەیی خۆی بە ھەموو یارمەتی و ھاوکارییەک دەردەبڕێت.
خوای گەورە کۆچکردووان بە بەھەشتی بەرین شاد بکات و شیفا بە برینداران ببەخشێت.
بافڵ جەلال تاڵەبانی
سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان
دەقی پەیامەکە...
پەیامی سەرۆکی حکومەت بەبۆنەی یادی لەدایکبوونی پێغەمبەری ئیسلام ( د.خ)
بە بۆنەی یادی لەدایکبوونی پێغەمبەری ئیسلام حەزرەتی محەمەد( دروودی خوای لەسەر بێت) گەرمترین پیرۆزبایی ئاراستەی گشت موسڵمانانی کوردستان و جیھان دەکەم.
ھیوادارم ئەو بۆنە پیرۆزە، ببێتە ھۆی گرنگیدان بە بەھا و ڕەوشتە بەرزەکانی ئایین و پەرەپێدانی پێکەوەژیانی ئاشتییانە و تەبایی و خوشەویستی لە نێوان گەلان و ئایینە جیاوازەکان.
مەسرور بارزانی
سەرۆکی حکومەتی ھەرێمی کوردستان