هەپەگە داوای لە سەرجەم هێزەكانی لە شاخ و ناوخۆی باكوری كوردستان و  توركیا دەكات چالاكییەكانیان رابگرن بەڵام مافی خۆپاراستنیان هەیە لە ئەگەری هەر هێرشێكدا.

ناوەندی فەرماندەیی هێزەكانی پاراستنی گەل نەپەگە لە راگەیەنراوێكیدا رۆژی یەكشەممە پابەندبوونی سەرجەم هێزەكانی بە پەیامەكەی عەبدوڵا ئۆجەلان، راگەیاند و داوای كردووە هاوكات لەگەڵ گەریلا، یەكینەكانی پاراستنی گەل یەپەسە چالاكییەكانیان لە ناوخۆی باكوری كوردستان و توركیا راگرن.

هەپەگە ئاماژەی بەوەكردوە كە لە یەكی مانگەوە سەرجەم هێزەكانیان چالاكییەكانیان راگرتوە و تاكلایەنە ئاگربەستیان راگەیاندوە و لە هەمانكاتیشدا جەختی لەوە كردوەتەوە كە لە هەر شوێنێك هێرش بكرێتە سەر هێزەكانیان ئەوا لە چوارچێوەیی مافی خۆپاراستندا وەلامیان دەبێت.

لە راگەیەنراوەكەدا هاتووە ئەوان باوەڕیان بە سەرجەم هێزەكانیان هەیە كە بەهەستیاری و هەست بە بەرپرسیارێتی بە دەم بانگەوازی ئاگربەستەوە دێن و پابەندی ئەو پڕۆسەیە دەبن كە لە دوای پەیامەكەی ئۆجەلانەوە راگەیەندراوە.