کەشناسیی سلێمانی: مانگی رابردوو ساردترین شوباتی 30 ساڵی رابردوو بووە
هەساو ئەمیر
٢ی ئازاری ٢٠٢٥
پێنجوێن
هەرێم شلێری
کەشناسیی سلێمانی رایگەیاند، مانگی رابردوو، ساردترین مانگی شوبات بووە لەماوەی 30 ساڵی رابردوودا. دەشڵێت، تێکڕای پلەی گەرمی 5.5 پلە بووە.
کەشناسیی سلێمانی رایگەیاند، بەپێی داتا تۆماركراوەكانی وێسگەی كەشناسی سلێمانی نزمترین پلەی گەرمی لە مانگی شوباتی ئەمساڵدا 5.5 پلە لە ژێر سفری سیلیزییەوە بووە و و بەرزترین پلەی گەرمیش 16.4 پلە بووە.
ئاماژەی بەوەشکردووە، تێكڕای پلەی گەرمی لەم مانگەدا 5.5 پلە بووە، كە بەراورد بە تێكڕای پلەی گەرمی مانگی شوباتی سی ساڵی رابوردوو ئەمساڵ 2.9 پلە نزمتر بووە.
کەشناسیی سلێمانی راشیگەیاندووە، سەرەڕای ئەوەی مانگی رابردوو سادترین مانگ بووە، بەڵام بڕی بارانبارین تیایدا 78.2 ملم بووە، كە بەراورد بە تێكڕای بارانبارینی مانگی شوباتی 30 ساڵی رابردوو نزیكەی ٣٥ ملم كەمتر بووە.
ئەوەش لە کاتێکدایە، مانگی رابردوو چەند شەپۆلێکی بەفربارین و سەرما هەرێمی کوردستانیان گرتەوە و لە چەندین شوێنیش بەتەواوی رێگای هاتوچۆ گیرا.