ئەندامێكی سەركردایەتی كەجەكە: دەبێت بە زووترین کات ئۆجەلان ئازاد بکرێت
٢ی ئازاری ٢٠٢٥
ئەندامێكی سەركردایەتی كەجەكە رایگەیاند، ماوەیەكی درێژە وەفدێکی چوار كەسی لە ژێر ناوی دەوڵەت سەردانی ئیمراڵی دەكەن و سەرۆك كۆماری توركیاش ئاگاداری هەموو وردەكارییەكانیەتی. وتیشی، "دەبێت بە زوورترین کات ئۆجەلان ئازاد بکرێت".
زوبەیر ئایدار ئەندامی كۆنسەی بەڕێوەبەری كۆما جڤاكێن كوردستان 'كەجەكە'، سەبارەت بە پەیامەكەی عەبدوڵا ئۆجەلان رێبەری زیندانیكراوی کورد بە ئاژانسی فوڕاتی راگەیاند، پەیامەكە تەنیا سەبارەت بە چەكدانانی پەكەكە نییە، بەڵكو دەستپێكێكە بۆ كردنەوەی رێگەی سیاسەتی دیموكراسی.
ئایدار راشیگەیاندووە، هەموو دیدارەكانی ئیمراڵی بە فەرمانی ئەردۆغان سەرۆك كۆماری توركیا ئەنجامدراوە و ئاگاداری هەموو وردەكارییەكانی پرۆسەكەیە.
ئەندامی كۆنسەی بەرێوەبەری كەجەكە جەختی لەوەشكردەوە، دەبێت بە زووترین كات ئۆجەلان ئازاد بكرێت و پڕۆسەكەش لە پەرلەمانی توركیادا بەڕێوەبچێت.
زوبەیر ئایدار وتیشی، پەیامەكەی ئۆجەلان بۆ هەسەدە و یەپەگە نییە و ئەوەی ئێستا لە میدیای توركیا باس لە چەكدانانی هەسەدە و یەپەگە دەكرێت شتێكە قەت روونادات.