قوباد تاڵەبانی لەگەڵ وەزیری دەرەوەی یۆنان کۆبووەوە و باسیان لە زیادکردنی گەشتی ئاسمانی و رێکارەکانی رێگرتن لە کۆچی نایاسایی کرد.
ئەمڕۆ پێنجشەممە، قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکوەزیرانی حکومەتی هەرێم لە سەردانەکەیدا بۆ یۆنان و لە پەراوێزی کۆڕبەندیی نێودەوڵەتیی دێڵفی، لەگەڵ یۆرگۆس یراهێپیتریتس وەزیری دەرەوەی یۆنان کۆبووەوە و چەند پرسێکیان تاوتوێ کرد.
لە کۆبوونەوەکەدا هەردوولا هاوڕابوون لەسەر پێویستیی بەهێزترکردنی پەیوەندییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و یۆنان لە بوارەکانی بازرگانی و کشتوکاڵ و گەشتوگوزاردا، جەختیش کرایەوە لەوەی، ژمارەی گەشتە ئاسمانییەکانی نێوان هەرێم و یۆنان زیاد بکرێت و کار بکرێت لە داهاتوودا گەشتی راستەوخۆی ئاسمانی لە نێوان سلێمانی و ئەسیناشدا بکرێتەوە.
لە بەشێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا باس لە چۆنییەتی بەرەنگاربوونەوەی دیاردەی کۆچی نایاسایی کرا، لەمبارەیەوە جێگری سەرۆکوەزیران رایگەیاند، باشترین رێگە بۆ بەرەنگاربوونەوەی کۆچی نایاسایی ئەوەیە کە وڵاتی یۆنان و یەکێتیی ئەوروپا هاوکاری هەرێمی کوردستان بکەن لە گەشەپێدانی ئابووری و رەخساندنی هەلی کار تا گەنجان بیر لە کۆچی نایاسایی نەکەنەوە، چونکە ئەم جۆرە کۆچکردنە هاوکات بە زیانی هەرێمی کوردستان و وڵاتانی یەکێتیی ئەوروپاشە.
لە بەشێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا باس لە هەوڵەکانی پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەتی هەرێم کرا. لەمبارەیەوە قوباد تاڵەبانی روونیکردەوە، هەنگاوی زۆر باش نراوە و لێکتێگەیشتنی باش هەیە بۆ ئەوەی هەرچی زووتر کابینەی دەیەمی حکومەتی هەرێم پێکبهێنرێت.
سەبارەت بە دۆخی سوریا و دوایین پەرەسەندنەکانی ناوچەکەش هەردوولا جەختیان کردەوە، پێویستە هەموو لایەنەکان و کۆمەڵگای نێودەوڵەتی پێکەوە کاربکەن بۆ پاراستنی سەقامگیری و کەمکردنەوەی گرژییەکان و چارەسەرکردنی کێشەکان لە رێگەی گفتوگۆ و لێکتێگەیشتنەوە.
سەرچاوەیەک لە نەخۆشخانەی ئازادی کەرکوک بە کوردسات نیوزی راگەیاند، گەنجێکی تەمەن 35 ساڵان کە نیشتەجێی گەڕەکی رەحیماوای کەرکوکە دوای ئەوەی گەیەندراوەتە نەخۆشخانەکە گیانی لەدەستداوە.
ئەو سەرچاوەیە رونیشیکردەوە، بنەماڵەی گەنجەکە دەڵێن مردنی کوڕەکەیان بەهۆی وەرگرتنی دەرزییەکەوە بووە لە یەکێک لە نۆرینگەکان کە بووەتە هۆی تێکچوونی باری تەندروستی و سکاڵای یاسایشیان دژی خاوەنی ئەو نورێنگەیە تۆمارکردووە کە دەرزی لە گەنجەکە داوە.
وتیشی، تەرمی گەنجەکە رەوانەی پزیشکی دادی کراوەو بڕیاریشە پشکنینی پزیشکی بۆ ئەنجامدرێت و لەرێی راپۆرتێکەوە هۆکاری مردنەکەی بخرێتەڕوو.
بافڵ جەلال تاڵەبانی لەگەڵ سەرۆكی دادگای فیدڕاڵی عیراق كۆبووەوە و رایگەیاند، پشتیوانی لەو بڕیارانە دەكەن كە مافی موچەخۆرانی هەرێمی كوردستان دەستەبەر بكات.
لە درێژەی زنجیرە دیدار و كۆبوونەوەكانیدا لە بەغداد، بافڵ جەلال تاڵەبانی سەرۆكی یەكێتی نیشتمانی كوردستان لەگەڵ جاسم محەمەد عەبود سەرۆكی دادگای فیدڕالی عیراقی كۆبووەوە.
لە كۆبوونەوەكەدا نزار ئامێدی ئەندامی مەكتەبی سیاسی و خالید شوانی وەزیری دادی عیراق ئامادەبوون و جەخت لە پاراستنی سەربەخۆیی دادگاكان كرایەوە.
لە كۆبوونەوەكەدا پابەندبوون بە دەستوور وەك سەرچاوەی بەدیهێنانی دادپەروەری بۆ تەواوی پێكهاتەكانی عیراق دووپاتكرایەوە.
لای خۆیەوە بافڵ جەلال تاڵەبانی گرنگیی رۆڵی دادگای فیدراڵی بەرز نرخاند لە یارمەتیدانی هەرێم و بەغداد بۆ چارەسەركردنی كێشەكانی نێوانیان، بە تایبەت پرسی مووچە و شایستە داراییەكان و رایگەیاند، یەكێتی پشتیوانی لە هەموو ئەو بڕیارانە دەكات كە مافی مووچەخۆرانی هەرێمی كوردستان دەستەبەر دەكەن.
بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و فایەق زێدان، سەرۆکی ئەنجومەنی باڵای دادوەریی عیراق لە بەغداد کۆبوونەوە و ئاماژەی بەوەکرد، یەکێتی پاڵپشتی لە جێبەجێکردنی دەستوور دەکات و پاراستنیشی بە ئەرکی تەواوی سەرجەم لایەنە سیاسییەکان دەزانێت.
لە کۆبوونەوەکەدا نزار ئامێدی، ئەندامی مەکتەبی سیاسی و خالید شوانی، وەزیری دادی عیراق ئامادەبوون، جەخت لە بەردەوامی لێکتێگەیشتنی سەرجەم لایەنەکان کرایەوە بۆ پاراستنی سەقامگیری و پاراستنی ئامانجە باڵاکان.
هەر لە کۆبوونەوەکەدا پێویستی یەکخستنی هەوڵەکان بۆ پشتگیریکردن لە دەسەڵاتی دادوەری و سەربەخۆیی دادگاکان جەختی لەسەر کرایەوە، بەشێوەیەک دەستوور و یاساکان ببنە بنەمای چارەسەری کێشەکان.
بافڵ جەلال تاڵەبانی رایگەیاند، یەکێتی پاڵپشتی لە جێبەجێکردنی دەستوور دەکات و پاراستنیشی بە ئەرکی تەواوی سەرجەم لایەنە سیاسییەکان دەزانێت، چونکە ئەوە فاکتەری سەقامگیریی سیاسییە بۆ تەواوی پێکهاتەکانی عیراق.
سەرۆک بافڵ پشتگیریی تەواوی خۆی بۆ دەسەڵاتی دادوەری دەربڕی و وتی: بەڕێز فایەق زێدان بەردەوام بە تەواوی توانایەوە پارێزەری دەستوور و یاسا و دەسەڵاتەکان بووە.
بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە بەغداد چاویکەوت بە نوری مالیکی، سەرۆکی ھاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا، هەردوولا جەختیان لە ئەنجامدانی هەڵبژاردنێکی پاک و بێگەرد کردەوە کە ببێتە مایەی ئارامی زیاتر و خۆشگوزەرانی بۆ هاوڵاتییانی هەرێمی کوردستان و عیراق.
لە کۆبوونەوەکەدا نزار ئامێدی، ئەندامی مەکتەبی سیاسی و خالید شوانی، وەزیری دادی عیراق ئامادەیبوون گفتوگۆ لەبارەی دوایین گۆڕانکارییەکانی عیراق و ناوچەکە کرا و هەردوولا هاوڕابوون کە بە گفتوگۆ و لێکتێگەیشتن کێشەکان چارەسەربکرێن.
هەر لە کۆبوونەوەکەدا سەرۆک بافڵ جەلال تاڵەبانی پەرۆشی یەکێتی دووپاتکردەوە بۆ پتەوکردنی یەکڕیزی نیشتمانی و بەردەوامی دیالۆگی بەرپرسیارانەی نێوان سەرجەم لایەنەکان بۆ پاراستنی سەقامگیریی سیاسی و نەهێشتنی بەربەستەکانی بەردەم حکومڕانی لە وڵاتدا.
پرسی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق و رێگەخۆشکردن بۆ ئەنجامدانی لەکاتی دیاریکراوی خۆیدا گفتوگۆی وردی لەسەرکرا و هەردوولا جەختیان لە ئەنجامدانی هەڵبژاردنێکی پاک و بێگەرد کردەوە کە ببێتە مایەی ئارامی زیاتر و خۆشگوزەرانی بۆ هاوڵاتییانی هەرێمی کوردستان و عیراق.
لە پەراوێزی کۆڕبەندیی نێودەوڵەتیی دێڵفی، قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆک وەزیران لەگەڵ کۆنستاتینۆس تساریاراس، وەزیری کشتوکاڵ و پەرەپێدانی گوندەکانی یۆنان کۆبووەوە و چۆنییەتی پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی نێوان هەردوولایان لە بواری کشتوکاڵ و پیشەسازیی خۆراکدا تاوتوێ کرد.
لە کۆبوونەوەکەدا کە رۆژی چوارشەمە (9/4/2025) بە ئامادەبوونی دارا رەشید، وەزیری پلاندانان و دابان شەدەڵە، جێگری لێپرسراویی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی هەرێم بەڕێوەچوو، هەردوولا جەختیان کردەوە لەسەر پێویستیی کاری هاوبەش بۆ پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی نێوان هەرێم و یۆنان لە بوارەکانی کشتوکاڵ و پیشەسازی خۆراکدا. هاوڕاشبوون کە هەرێمی کوردستان ناوچەیەکی گرنگی کشتوکاڵییە و لەڕێگەی وەبەرهێنانی زیاتر و پلانی گونجاوەوە دەتوانرێت بەشێکی گرنگی پێداویستییەکانی بازاڕەکانی عێراق و ناوچەکە دابین بکات.
لە بەشێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا جێگری سەرۆک وەزیران روونیکردەوە لە پێناو هەمەجۆرکردنی سەرچاوەکانی داهاتدا، لەم ساڵانەی دواییدا حکومەتی هەرێمی کوردستان گرنگی بە گەشەپێدانی کەرتی کشتوکاڵ داوە و لەم چوارچێوەیەشدا و بە تایبەتیش بۆ گەشەپێدانی ناوچەیی و بووژانەوەی گوندەکان دەیانەوێت سود لە ئەزمون و پسپۆڕی وڵاتی یۆنان وەربگرن.
ئاماژەی بەوەشدا بەوپێیەی هەرێمی کوردستان لە ناوچەیەکی پڕ لە کێشەدایە، وەبەرهێنان لە کەرتی کشتوکاڵدا هەنگاوێکی گرنگ و ستراتیژییە و جگە لەوەی رێژەیەکی زۆر هەلی کار دەڕەخسێنێت و سەرچاوەیەکی داهاتی درێژخایەنە، ئاسایشی خۆراکی کوردستان و عێراقیش پارێزراوتر دەبێت.
قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکوەزیران لە میانەی سەردانەکەیدا بۆ یۆنان لەگەڵ ئۆلگا کیفالۆیانی، وەزیری گەشتوگوزاری یۆنان کۆبووەوە و پێکەوە چۆنییەتی بەهێزترکردنی پەیوەندییەکانی نێوان هەرێم و یۆنانیان لە بواری گەشتوگوزاردا تاوتوێ کرد.
لە کۆبوونەوەکەدا کە رۆژی چوارشەمە(9/4/2025) لە پەراوێزی کۆڕبەندیی نێودەوڵەتیی دێڵفی بە ئامادەبوونی دارا رەشید، وەزیری پلاندانان و دابان شەدەڵە، جێگری لێپرسراویی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی هەرێم بەڕێوەچوو، هەردوولا دڵخۆشی خۆیان دەربڕی بەوەی لەماوەی رابردوودا ئاستی پەیوەندیی گەشتوگوزاریی نێوان هەرێم و یۆنان بەرەوپێشچوونی باشی بەخۆیەوە بینیوە، بە تایبەتیش لە دوای دەستپێکردنی گەشتی راستەوخۆی ئاسمانییەوە رێژەی سەردانکردنی گەشتیار لەنێوان هەردوولادا بەرزتر بووەتەوە.
لە کۆبوونەوەکەدا قوباد تاڵەبانی روونیکردەوە گەشەپێدانی کەرتی گەشتوگوزار لە ئەولەوییەتەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستانە و بە گرنگی زانی سود لە ئەزمونی دەوڵەمەند و سەرکەوتووی یۆنان وەربگیرێت. لەم چوارچێوەیەشدا داوایکرد وڵاتی یۆنان کارئاسانی بکات بۆ ئەو خوێندکارانەی هەرێمی کوردستان کە دەیانەوێت لە بواری گەشتوگوزاردا لە زانکۆکانی ئەو وڵاتەدا بخوێنن. لەمبارەیەوە وەزیری گەشتوگوزاری یۆنان ئامادەیی وڵاتەکەی دەربڕی بۆ کارئاسانیکردن بۆ خوێندکارانی هەرێم.
لە بەشێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا هەر لە پێناو پتەوترکردنی پەیوەندیی گەشتوگوزاریی نێوان هەردوو وڵات، قوباد تاڵەبانی بانگهێشتی ئۆلگا کیفالۆیانی کرد سەردانی کوردستان بکات کە وەزیری گەشتوگوزاری یۆنان بە خۆشحاڵییەوە بانگهێشتەکەی قبوڵ کرد و رایگەیاند لە نزیکترین دەرفەتدا سەردانی هەرێمی کوردستان دەکات.
بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە دەباشان پێشوازی لە محەمەد فەرید سەعد زەهران، بیرمەند و سیاسەتمەدار و سەرۆکی حزبی سۆشیال دیموکراتی میسر کرد.
لە دیدارێکی دۆستانەدا دواین گۆڕانکارییە سیاسی و پێشهاتەکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئەگەر و لێکەوتەکانی تاوتوێکران.
هەر لە دیدارەکەدا دووپات لە پەرەپێدانی پەیوەندییە لە مێژینەکانی نێوان گەلی کورد و میسر و هەردوولا کرا بەشێوەیەک هاریکارییەکان فراوانبکرێن لە چوارچێوەی کاری هاوبەش و پاراستنی بەرژەوەندییە باڵاکان.
سەرۆک بافڵ جەلال تاڵەبانی وێڕای ئەوەی بەگەرمی بەخێرهاتنی محەمەد فەرید سەعد زەهرانی کرد بۆ هەرێمی کوردستان و سلێمانی، هیوای خواست ئەمە هاندەرێکی باشتر بێت بۆ کارکردنی پێکەوەیی و زیندووکردنەوەی ئەو پەیوەندییانەی لە نێوان هەردوو گەلی دۆستدا هەیە کە بەردی بناغەکەی سەرۆک مام جەلال داینا و رایگەیاند؛ ئێمە لە یەکێتی بە هەمان سیاسەت و ستراتیژەوە درێژە بە کاری خۆمان دەدەین و لەگەڵ هەموو هاوبەشەکانمان کاردەکەین بۆ هێنانەدی ژیانێکی باشتر بۆ خەڵک و بەهێزترکردنی هەرێمەکەمان و پاراستنی سەقامگیری لە ناوچەکەدا.
وەزارەتی ناوخۆی هەرێم چەند بڕیارێکی تایبەت بە ماتۆڕسکیلەکان دەرکرد و رایگەیاندووە، هاتوچۆی پارێزگاکانمان راسپاردووە دەست بەسەر هەر ماتۆڕسکیلێکدا بگرن کە بە دەنگەکانیان خەڵک بێزار دەکەن.
وەزارەتی ناوخۆی هەرێم رایگەیاند، ئەمڕۆ وەزارەتی ناوخۆ، هاتوچۆی هەرێم، هاتوچۆی پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆکان، بەشی مۆڵەت و هۆبەکانی مۆڵەتی شۆفێری کۆبوونەوە و تاوتوێی چەند پرسێکیان کرد و چەند بڕیارێکیان دەرکرد.
دەقی بڕیار و رێنماییەکان:
1.جێبەجێکردنی یاسا و رێنماییەکانی هاتوچۆ و سەلامەتی رێگاوبان بەسەر هەموو شوفێراندا.
2.لێپرسینەوەی یاسایی لەگەڵ ئەوانەی سەرکێشی دەکەن و پابەندی پاراستنی مافەکانی بەکارهێنەرانی شەقام نابن.
3.پێویستە کۆمپانیاکانی گەیاندن و خواردنی خێرا پابەند بن بەوەی لە ماوەی دیاریکراودا دەست بکەن بە تۆمارکردنی ماتۆرسکیلەکانیان لە بەڕێوەبەرایەتییەکانی هاتوچۆ و هێنانی ماتۆڕی بێدەنگ و کارەبایی بۆ کەمکردنەوەی ژاوەژاو، کە بوونەتە هۆی بێزارکردنی هاووڵاتیان، بەێچەوانەوە دەست دەگیرێت بەسەر ماتۆڕەکاندا.
4.بەڕێوەبەرانی هاتوچۆی پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆکان راسپێردران دەست بگرن بەسەر هەر ماتۆرسکیلێکدا کە دەستکاری دەنگی کردووە و خەڵک هەراسان دەکات.
5.هاتوچۆکان دەست دەگرن بەسەر ئەو ماتۆرسوارانەی لەسەر شەقامەکان نمایش دەکەن و سەرکێشی دەکەن، هەروەها مامەڵەی یاساییان لەگەڵدا دەکرێت.
6.هەر ماتۆرسکیلێک تۆمارکراو نەبێت و تابلۆی نەبێت، دەستی بەسەردا دەگیرێت.
7.پێویستە ماتۆرسواری کۆمپانیاکانی گەیاندن پابەند بن بە لێخوڕینی سەلامەت و خێرایی رێگەپێدراو. هەر ماتۆرسوارێک لە خێرایی رێگاپێدراو زیاتر شۆفێری بکات و لە کامێراکان تۆمار بکرێت، کۆمپانیای گەیاندنی خواردن ناچار دەکرێت سزای دارایی بدات.
8. کامێراکانی تۆمارکردنی تیژڕۆیی بوونەتەوە هۆی کەمبوونەوەی رووداوەکانی هاتوچۆ و مردن و بریندار بوون، بۆیە پابەندین بە دانانی کامێراکانی تیژڕۆیی لە سەرجەم شار و شارۆچکەکانی کوردستان.
9.پێویستە هەموو پێشکەشکارێک بۆ دەرهێنانی مۆڵەتی شوفێری، سەرەتا بەشداری لە خولەکانی فێربوونی شوفێری بکات بە شێوەی تیۆری و پراکتیکی.
10. بەڕێوەبەرانی هاتوچۆ راسپێردراون دەست بکەن بە دابەشکردنی فۆرم بۆ پێشکەشکارانی مۆڵەت و لە هەر شوێنێک پێداویستی بۆ دەستپێکردنی سیستمکە هەیە، بەپەلە پێداویستییەکان دابین بکرێن.
وەزارەتی ناوخۆ داواش لە هاووڵاتیان دەکات، هاوکاری حکومەت بن لە کۆنتڕۆڵکردنی دیاردەی ماتۆڕسکیلی بێسەرەتا و ئەو مەترسیانەی دروستی دەکەن، لە رێگای تۆمارکردنی ماتۆڕەکانیان و بەکارنەهێنانی ماتۆڕی بێسەرەتا.
هاوکات، داواش لە دایک و باوکان دەکەن، چاودێری منداڵەکانیان بکەن، رێگا نەدەن بە ماتۆڕی تۆمارنەکراو لەسەر شەقامەکان نمایش بکەن و ژیانی خۆیان و خەڵکی دیکە بخەنە مەترسییەوە، چونکە ئەو جۆرە دیاردانە بە توندی مامەڵەی یاساییان لەگەڵ دەکرێت و دەست بەسەر ماتۆڕەکانیاندا دەگیرێت.
لە راگەیەنراوەکەی وەزارەتی ناوخۆدا ئاماژە بەوەشکراوە، لە کۆبوونەوەکەدا باسیان لە سیستمی نوێی راهێنان و پەروەردەکردنی شۆفێر کردووە، کە ئێستا چووەتە بواری جێبەجێکردنەوە و پێویستە سەرجەم پێشکەشکارانی مۆڵەت سەرەتا بەشداری خولەکانی فێربوون بکەن، بۆ ئەوەی کە چووە سەر شەقام، ببێتە شوفێرێکی خاوەن زانیاری یاسایی و بە ئاگا و هۆشیار، بەو جۆرە دەتوانێت باشتر خۆی لە کارەسات بپارێزێت و رێز لە مافەکانی خۆی و بەکارهێنەرانی دیکەی شەقام بگرێت.
کارمەندێکی بەرێوەبەرایەتی کارەبای ئاکرێ بەهۆی تەزوی کارەباوە گیانی دەستداوە و کەسێکی دیکەش بریندارە.
نێچیرڤان فەخرەدین بەرپرسی راگەیاندنی تەندروستی ئاکرێ بە کوردسات نیوزی راگەیاند: ئەو کەسەی گیانی لەدەستداوە ناوی 'فیراس کەلحێ؛ـیە و تەمەنی 46 ساڵە، بریندارەکەش ناوی 'عومەرعەبدولخالقە' و تەمەن 56 ساڵە، ئەمرۆ لەکاتی کارکردندا توشی ئەم روداوە بون لە گوندی گەلۆک لە ئاکرێ.
ئەوەشی خستەروو، بریندارەکە ئێستا چارەسەر وەردەگرێت و لە بەشی فریاکەوتنە لە نەخۆشخانەی ئاکرێ.
کەشناسیی هەرێم پێشبینییەکانی کەشوهەوای ئەمڕۆ و سبەینێی راگەیاند و ئاماژەی بەوەکردووە، شەپۆلی بارانبارین و هەورەبروسکە بەردەوام دەبێت و لە سنوری سلێمانی و دەوروبەری شەپۆلەکە چڕتر دەبێتەوە.
کەشناسیی هەرێم رایگەیاند، ئەمڕۆ چوارشەممە، بە گشتی ئاسمان نیمچەهەور بۆ هەورى تەواو دەبێت لەگەڵ تاوەبارانی پچڕپچڕ و هەندێکجار هەورەبروسکەشى لەگەڵدا دەبێت بە تایبەتى لە سنورى پارێزگاى هەولێر و دهۆک.
ئاماژەی بەوەشکردووە، سبەینێ پێنجشەممە، ئاسمان هەورى تەواو دەبێت لە زۆربەى کاتەکاندا لەگەڵ بارانی پچڕپچڕ و هەندێکجار هەورەبروسکەى لەگەڵدا دەبێت، رێژەى دابارین لە سنورى پارێزگاى سلێمانى زیاتر دەبێت.
ئەوەشی خستووەتە روو، ئەمڕۆ پلەکانی گەرما هاوشێوەی دوێنێ دەبێت، بەڵام سبەینێ 4 بۆ 6 پلەی سیلیزی نزم دەبنەوە.
باسی لەوەشکردووە، خێرایی با هەندێک کات بۆ سەروو 30 کیلۆمەتر لە سەعاتێکدا چالاک دەبێت.
بەرزترین پلەکانی گەرمای پێشبینیکراو بە پلەی سیلیزی:
هەولێر : 24 پلەی سیلیزی
سلێمانی : 22 پلەی سیلیزی
دهۆک : 22 پلەی سیلیزی
کەرکوک : 30 پلەی سیلیزی
زاخۆ : 21 پلەی سیلیزی
هەڵەبجە : 25 پلەی سیلیزی
سۆران : 21 پلەی سیلیزی
حاجی ئۆمەران : 15 پلەی سیلیزی
گەرمیان :33 پلەی سیلیزی
بەڕێوەبەرایەتی ئەوقافی سلێمانی پڕۆژەیەکی بۆ یەکخستنی بانگی سەرجەم مزگەوتەکانی ناوشاری سلێمانی راگەیاند.
بەڕێوەبەرایەتی ئەوقافی سلێمانی رایگەیاند، لە پڕۆژەیەکدا بەناوی "پڕۆژەی بانگبێژی شار"، بانگی سەرجەم مزگەوتەکانی شاری سلێمانی یەکدەخەن.
راشیگەیاندووە، "داوا لە سەرجەم بانگبێژە دەنگخۆشەکان دەکەین، ئەوانەی خوازیارن بەشدار بن لەو پڕۆژەیە، پەیوەندی بە لیژنەی هەڵسەنگاندنەوە بکەن".
دەشڵێت، دوا کات بۆ تۆمارکردنی ناوەکان 14ی نیسانە.
ئەوەش دوای ئەوە دێت، لە ماوەی رابردوودا بەشێکی هاووڵاتیان گرفتیان هەبوو لەگەڵ بەرز و نزمی دەنگی بڵندگۆی بەشێکی مزگەوتەکان و بانگبێژەکان و داواکاربوون، بەڕێوەبەرایەتی ئەوقاف دەنگی بڵندگۆکان و توانا و دەنگی بانگبێژەکان بۆ بانگدان رێکبخاتەوە.
ئەمڕۆ 17یەم پێشانگەی نێودەوڵەتی هەولێر بۆ کتێب لە ژێر ناونیشانی "جیهان بە کوردی دەودوێت" دەستی پێ کرد.
ئەمڕۆ چوارشەممە، ٩ی نیسان، 17یەم پێشانگەی نێودەوڵەتی هەولێر بۆ کتێب دەستی پێ کرد و بڕیارە ماوەی 10 رۆژ تاوەکو 19ی نیسان بەردەوام بێت.
پێشانگەکە لەژێڕ ناونیشانی "جیهان بە کوردی دەودێت" دەکرێتەوە، کە ئاماژەیە بەوەی چەندین کتێبی نوێ لە نووسینی نووسەرانی کورد و وەرگێڕانی چەندین کتێبی جیهانی نوێی تێدایە بۆسەر زمانی کوردی.
بڕیارە سەنتەری توێژینەوەی پەرلەمانی کوردستان بە 65 ناونیشان بەشداری پێشانگەی نێودەوڵەتیی هەولێر بۆ کتێب بکات.
هەروەها زیاتر لە 200 دەزگای چاپ و پەخش و بڵاوکردنەوەی ناوخۆیی و بیانی لە پێشانگەکەدا بەشدارن.
حزبی بەعس ئەو حزبە دیکتاتۆرەی ماوەی زیاتر لە 40 ساڵ حوکمی عیراقی کرد، ئەمڕۆ 22 ساڵ تێدەپەڕێت بەسەر روخانیدا و ئازادبوونی عیراق لەدەست ئەو رژێمە.
حزبی بەعس، ئەو حزبەدیکتاتۆرە بوو کە 4ی نیسانی 1947 لەسەر دەستی میشێل عەفلەق، سەلاح بەیتار، جەلال سەید و وەهیب غانم لە سوریا دامەزرا، پابەندی بیری ناسیونالیستی عەرەبی بوو.
لە کۆنگرەی 1947دا سێ پەیامیان هەبوو، کە گرنگترینیان بەلای خۆیانەوە ئەوە بوو، دەیانویست هەموو عەرەب لەژێر چەتری یەک دەوڵەتدا کۆبکەنەوە.
حزبی بەعسی عیراق لە ساڵی 1958 بە سەرۆکایەتی عەبدولسەلام عارف کودەتای بەسەر سیستمی پاشایەتی عیراقدا کرد، تاوەکو لە ساڵی 1963 جارێکی دیکە کودەتایەکی دیکە بەسەرکردایەتی عەبدولسەلام عارف ئەنجام درا، تاوەکو لە ساڵی 1969 بەعسییەکان ئەحمەد حەسەن بەکریان کردە سەرۆک کۆمار و سەدام حسێنی دیکتاتۆریش لە ساڵی 1979دا بوو بە سەرۆک کۆمار، کە دوایین سەرۆکی ئەو حزبەش بوو.
حزبی بەعس بەهۆی سیاسەتە دیکتاتۆرییەکەی و سیاسەتی بەعەرەبکردنی ناوچەکانی کوردستان، چەندین تاوانی گەورەی دژ بە مرۆڤایەتی بەرانبەر کورد ئەنجام دا و بە مەبەستی بەدیهێنانی خواستەکانی خۆی چەندین رێگای دڕندانەی بەکارهێنا بۆ کەمکردنەوەی ژمارەی کورد و لەناوبردنی ئەو نەتەوە رەسەنە.
حزبی بەعس بە چەندین قۆناغ لە جینۆسایدکردنی کوردەکاندا بەردەوام بوو، هەر لە سەرەتاوە لە ساڵی 1963 بە بە تەعریبکردنی گوندەکانی دەوروبەری کەرکوک دەستی پێ کرد، تاوەکو لە ساڵی 1970وە دەستی کرد بە راگواستن و بێسەروشوێنکردنی کوردانی فەیلی، لە ساڵی 1983شدا ئەنفالکردنی هەشت هەزار کەس و لە کۆتایی 80کانیشدا چەکی کیمیایی قەدەغيکراوی دژ بە کورد بەکارهێنا.
لە ساڵی 1988یشەوە بە هەشت قۆناغ پرۆسەی ئەنفالی دژ بە کورد دەست پێ کرد.
دواجار گەلی کورد لە بەهاری ساڵی 1991دا دژ بە دەسەڵاتی بەعس راپەڕی و لە سەرتاسەری کوردستاندا راپەڕین دژ بە بەعس دەستی پێ کرد و توانیان لەماوەی 16 رۆژدا شارەکانی کوردستان لەدەست رژێمەکە ئازاد بکەن، بەڵام لە 27ی ئازاردا سوپای عیراق کەرکوکی گرتەوە و لە 31ی ئازاریشدا هەولێری گرتەوە، دواتر کۆڕەو دەستی پێ کرد و خەڵکی کوردستان بەرەو سنورەکانی ئێران و تورکیا ئاوارە بوون.
تاوەکو ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی لە ٥ی نیسانی ساڵی 1991دا بڕیاری 688ی نەتەوە یەکگرتووەکانی دەرکرد کە تیایدا هاتبوو: نابێ سوپای عیراق پەلاماری باشووری کوردستان بدات و کۆمەڵ کوژی کورد بکات.
ناوچەیەکی ئارامیان لە سەرووی ھێڵی ٣٦، بۆ پاراستنی کورد دیاری کرد، دواتر ھیزی وڵاتانی ھاوپەیمان گەیشتنە بنکەی سەربازی (ئەنجەلیک) لە تورکیا، بۆ پاراستن و گەڕانەوەی ھاووڵاتیان بۆ شوێنەکانی خۆیان .
دواجار لە ساڵی 2003دا ئەمریکا سەدام حسێنی ئاگادار کردەوە کە لەماوەی دوو رۆژدا دەست لە دەسەڵات هەڵبگرێت و عیراق جێبهێڵێت، بەڵام سەدام حسێن ئەوەی رەتکردەوە، بۆیە ئەمریکا بڕیاریدا بەوەی لە سەعاتی سفردا هێرش بکاتە سەر عیراق و کۆتایی بە دەسەڵاتی سەدام بهێنێت.
تاوەکو لە 20ی ئازاری 2003دا یەکەم هێرشی ئەمریکا دەستی پێ کرد و تاوەکو 9ی نیسان هێزەکانی هاوپەیمانان بەغدایان بە تەواوی کۆنتڕۆڵ کرد، لە 25ی ئازاردا لەرێگای کەنداوەوە هێزی دەریایی گەیشتنە عیراق و لە 26ی ئازاریشدا لە رێگای هێزی ئاسمانییەوە بە هاوکاری هێزەکانی پێشمەرگە توانیان کوردستان ئازاد بکەن.
پڕۆسەی ئازادی عێراق کە تیایدا 49 وڵات هاوپەیمان بوون، لە 9ی نیساندا پەیکەری سەدام حسێن لە عیراق خرایە خوارەوە و رووخانی رژێمی بەعس راگەیەنرا، لە مانگی ئایاریشدا پۆل بریمەر حاکمی ئەوکاتی مەدەنی ئەمریکی لە عێراق، بە رەسمی هەڵوەشانەوەی حزبەکەی راگەیاند.

دامەزراوەی بیرمەند و روناکبیر ئیبراهیم ئەحمەد رێورەسمی دابەشکردنی کتێبی (بێبلۆگرافیای خەڵاتی زێڕینی بلە) بەڕێوەبرد
لە ساڵیادی کۆچی دوایی بیرمەند و نووسەر و سیاسەتمەدار و ڕۆماننووسی بەناوبانگ، ئیبراهیم ئەحمەد، دەزگای ئیبراهیم ئەحمەد مەراسیمێکی دابەشکردنی کتێبی لە شاری سلێمانی بەڕێوەبرد، بە ناوی "بێبلۆگرافیای خەڵاتی زێڕینی بلە" کە کتێبەکە هەموو روداوەکانی ساڵانی پێش خەڵاتەکە بە بەڵگە دەکات کە ساڵانە لە 8ی نیسان بەڕێوەدەچێت.
شاناز ئیبراهیم ئەحمەد خانمی یەکەمی عیراق لە وتارێکدا باسی لە شاکارەکانی بیرمەند و روناکبیر ئیبراهیم ئەحمەد کرد لە بواری سیاسی و فیکری و ئەدەبی و رۆڵی لە بەرەنگاربوونەوەی نادادپەروەری و ستەمکاری و بڵاوکردنەوەی ئازادی و دادپەروەری و ئاماژەیکرد، بە بیرۆکەی پێشکەشکردنی خەڵاتی (بلە) بۆ بەدیهێنانی خەونی خوالێخۆشبوو ئیبراهیم ئەحمەد بۆ ستایشکردن و پێزانین بۆ هەر کەسێکی دڵسۆز کە وەک سەربازێکی ون لە خزمەتی گەلی کوردستان کاری کردووە.
خانمی یەکەمی عیراق ئاماژەی بەوەشکرد، عیراق پڕە لەو کەسایەتیانەی کە شایەنی دەستخۆشی و دانپێدانان و شکۆن بۆ هەڵوێستە نیشتمانپەروەرییە دڵسۆزەکانیان، جەختیشیکردەوە کە ئەوان وەک گەوهەر بەنرخن کە ماندوونەناسانە کاردەکەن بۆ خزمەتکردنی گەلەکەمان.
شاناز ئیبراهیم ئەحمەد باسی لە قۆناغەکانی دامەزراندنی ئەم فێستڤاڵەکرد کە لە ساڵی 2002 وە بەهای باڵای بۆ براوەی خەڵاتەکان بەخشیوە، چ لە ناوخۆی هەرێمی کوردستان و چ بۆ کەسایەتییە نێودەوڵەتییەکان کە لە کاتە سەختەکانی خەباتیان دژی دەسەڵاتی دیکتاتۆری پشتیوانی و هاوسۆزی خۆیان لەگەڵ گەلی کوردمان دەربڕیوە.
لە میانی مەراسیمەکەدا کە ژمارەیەک لێپرسراو ئەوانەی لە ساڵانی پێشوودا خەڵاتەکانیان بەدەستهێنابوو ئامادەبون ، خانمی یەکەمی عیراق روناکی خستە سەر لایەنە گەشاوەکانی ژیانی بیرمەند و سیاسەتمەدار ئیبراهیم ئەحمەد و بەرهەمە ئەدەبییەکانی، بەتایبەتی رۆمانە بەناوبانگەکەی بە ناوی "ژانی گەل" کە لە ساڵی 1956دا چاپ و بڵاوکرایەوە.
هەروەها خانمی یەکەم گەلەری زاموای کردەوە کە ماڵی بیرمەند و روناکبیر ئیبراهیم ئەحمەدە کە تابلۆی هونەری جیاواز لەخۆدەگرێت .
ئەمشەو لە سنوری سەرگەڕان شەش تراکتۆری جوتیارانی کورد لەلایەن سوپای عیراق دەستی بەسەردا گیرا.
یەکێک لە جوتیارانی گوندی شەناغەی سەر بە ناحیەی سەرگەڕان بە کوردسات نویزی راگەیاند: ئەو پارچە زەوییەی سەرقاڵی كێڵانی بووین هیچ كێشەیەكی یاسایی نییە، بەڵام سوپای عیراق هەڵیانکوتاوەتە سەر زەوییەکانمان و دەستیان بەسەر شەش تراکتۆردا گرتووە.
ئاماژەی بەوەشکرد، لەساڵی 2021 پارچە زەوییەكە بە یاسا گەڕێندراوەتەوە بۆ خاوەنە رەسەنەكەی، راشیگەیاند، لەئێستادا لایەنە پەیوەندیدارەكانمان ئاگادار كردووەتەوە و سەرقاڵی چارەسەری كێشەكەن.