حكومەتی عیراق رادەستكردنی داهاتی نەوت و ناوخۆی كردووەتە مەرجی پێشوەختە بۆ گفتوگۆكردن لەگەڵ هەرێم
٨ی حوزەیرانی ٢٠٢٥
حكومەتی عیراق رادەستكردنی داهاتی ناوخۆی هەرێمی كوردستانی كردووەتە مەرجی پێشوەختە بۆ گفتوگۆكردن لەگەڵ حكومەتی هەرێم لەسەر كێشەی مووچە، وەكو میدیا عیراقییەكانیش دەڵێن، تاكو داهاتی ناوخۆ رادەست نەكرێت، پێشوازی لە هیچ وەفدێكی حكومەتی هەرێم ناكرێت.
بەشێك لە میدیا عیراقییەكان بڵاویانكردووەتەوە، حكومەتی عیراق رادەستكردنی داهاتی نەوت و ناوخۆی هەرێمی كوردستانی كردووەتە مەرجی پێشوەختە بۆ گفتوگۆكردن لەگەڵ حكومەتی هەرێم لەسەر كێشەی مووچە.
ئەوەشیانخستوەتەڕو، حكومەتی عیراق لە ئێستادا ئامادە نییە پێشوازی لە هیچ وەفدێكی حكومەتی هەرێم بكات تاكو داهات رادەستنەكرێت.
ئەوەش لەكاتێكدایە، حكومەتی هەرێم چاوەڕێی تەواوبوونی پشووەكانی جەژنی قوربان دەكات، تاكو دانیشتنەكانی دادگای فیدراڵی دەستپێبكاتەوە و دادگای ناوبراو لەبارەی سكاڵایەكەوە كە لەبارەی كێشەی مووچەی هەرێم تۆماركراوە هەڵوێستی خۆی دەرببڕێت.