پلانی رۆژانی جەژن بەسەرکەوتووی جێبەجێکرا و قائیمقامی سلێمانیش دەڵێت: ئەو سەرپێچیکارانەی کە کڕین و فرۆشتنیان بەئاژەڵەوە کردووە لە شوێنی نەگونجاو و دەستگیرکراون، ئازاد دەکرێن .

قائیمقامی سلێمانی رایدەگەیەنێت؛ پلانی رۆژانی جەژنی قوربانی پیرۆز بەسەرکەوتویی جێبەجێ کراوە و سوپاسی تەواوی لیژنە هاوبەشەکان، ئاسایش و هێزە ئەمنییەکان و فەرمانگە خزمەتگوزارییەکان دەکەین.

ئاوات محەمەد، قائیمقامی سلێمانی رایگەیاند: ئامانج لە دانانی پلان بۆ رۆژانی جەژن و جێبەجێکردنی لەلایەن ئاسایش و هێزەئەمنییەکانی دیکە و تەندروستی و فەرمانگە خزمەتگوزارییەکان پاراستنی ئەمنییەت و تەندروستی هاووڵاتیانە، بەسوپاسەوە بۆ جەژنی قوربانی ئەمساڵ توانیویانە بەسەرکەوتویی پلانەکە جێبەجێ بکەن.

وتیشی، لە چوار رۆژەی جەژنی قورباندا لیژنەکانی قائیمقامییەتی سلێمانی بەردەوام بوون لە ئەرکەکانیان و سەردانی تەواوی ئەوشوێنانەیان کردوە کە میوانان و گەشتیارانی شاری سلێمانی بۆبەسەر بردنی کاتێکی خۆش رویان لێکردوە، ئەمە جگەلەئەوەی بەهاوبەشی تیمەکانی ئاسایش و پۆلیس هێزە ئەمنییەکانی دیکە تارادەیەکی زۆر رێگرییان لەسەربڕینی ئاژەڵ لە کۆڵان و شەقامەکان کردوە.

ئاماژەی بەوەشکردووە، ژمارەیەک لە ئەو سەرپێچیکارانەی کڕین و فرۆشتنیان بەئاژەڵەوە لەشوێنی نەشیاو و نەگونجاوەدا کردووە دەستگیرکراون، سەرجەمیان ئازاد دەکرێن.

قائیمقامی سلێمانی، سوپاسی تەواوی لیژنەکانی قائیمقامیەت، هێزە ئەمنییەکان و سەرجەم فەرمانگە خزمەتگوزارییەکانی شارەکە دەکات کە لەرۆژانی جەژنی قوربانی پیرۆزدا بەئەوپەڕی دڵسۆزییەوە ئەرکەکانی خۆیان جێبەجێ کردوە.