سایلۆی سلێمانی: دەست بە پرۆسەی بە بازاڕکردنی گەنمی جوتیاران دەکرێت
رەوەز
٩ی حوزەیرانی ٢٠٢٥
بەڕێوەبەرایەتی بازرگانی دانەوێڵەی سلێمانی رایگەیاند کە سبەی سێشەممە دەست بە پرۆسەی کڕینی گەنمی جوتیاران دەکات بۆ وەرزی ٢٠٢٥.
سەرۆکی بەڕێوەبەرایەتی بازرگانی دانەوێڵەی سلێمانی لە راگەیەندنراوێکدا ئاماژەی بەوە کرد کە ئەمساڵیش وەک ساڵی رابردوو پرۆسەی کڕینی گەنم ناوچە بە ناوچە ئەنجام دەدرێت.
بەپێی راگەیەندراوەکە، سبەی تەنها جوتیارانی سنوری هەر دوو بەشی کشتوکاڵی پیرەمەگروون و تانجەرۆ(عەربەت) دەتوانن گەنمەکانیان بهێنن، و جوتیارانی بەشە کشتوکاڵیەکانی تر رێگایان پێ نادرێت.
راگەیەندراوەکە چەند مەرجێکی دیکەی خستۆتە روو کە بریتین لە:
- ئوتومبێلە بارهەڵگرەکان دەبێت بە یەک ریز راگرن و تەواو پڕ بن لە دانەوێڵە
- تراکتۆرەکان لای دیواری سایلۆوە بۆ سەرەوە بۆ لای سەربڕخانەکەی پیرەمەگروون بە یەک ریز بۆستن
- بۆ هەر بارهەڵگرێک تەنها شوفێرەکە بچێتە ژوورەوە بۆ رایی کردنی مامەڵەکان
- ئەگەر بەرزی بۆدی بارهەڵگرەکان بەشێوەیەک بەرز کرابێتەوە کە ئامێری راکێشان نەگاتە بنی بۆدیەکە، گەنمەکەی لێ وەرناگیرێت
- جوتیاران گەنمەکانیان تەنها لەو بارهەڵگرانە باردەکەن کە خۆیان هەڵی دەڕێژن