کۆمپانیای دی ئێن ئۆ لە راپۆرتێکیدا پوختەی داھاتەکانی بۆ ساڵی ٢٠٢٣ بڵاوکردوەتەوە و ئەوەشی خستوەتەڕو، لە ساڵی ٢٠٢٣دا کۆمپانیاکەیان ٢١٨ ملیۆن دۆلار قازانجی کردووە و کۆی داھاتیشی ٦٦٨ ملیۆن دۆلار بووە.
باسی لەوەشکردوە، زیاتر لە ٤٠%ی کۆی بەرھەمھێنان و داھاتیان لە کێڵگە نەوتییەکانی ھەرێمی کوردستان بووە بەتایبەت دوای ئەوەی لە کۆتا مانگەکانی ساڵی ٢٠٢٣دا لە کێڵگەکانی تاوکێ و پێشخابوور دەستیان بە بەرھەمھێنانی نەوت کردووەتەوە.
کۆمپانیای دی ئێن ئۆ دەشڵێت، بەھۆی کەمکردنەوەی خەرجییەکانیان توانیویانە بەڕێژەی ٦٥% داھاتی کۆمپانیاکەیان بەرزبکەنەوە.
ئەنجومەنی سەرکردایەتی کۆمەڵی دادگەری رۆژی پێنجشەممە بە سەرپەرشتی عەلی باپیر سەرۆکی حیزبەکە کۆبووەوە و لە راگەیەنراوێکدا باسی لەوەکردوە، ئومێدەوارن دادگای فیدڕاڵی دۆسیەی ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان یەکلایی بکاتەوە و لەژێر ھیچ پاساوێکدا چیتر بڕیاردان لەسەری دوانەخات و وادەی ھەڵبژاردن دیاری بکرێت.
ئەوەشی خستوەتەڕو، عێراق و ھەرێم بەھۆی ناتەبایی ناوخۆوە بونەتە مەیدانی ململانێی دەوڵەتان و ھەر رۆژەی لەلایەن وڵاتێکەوە بەبەھانەی جیاواز بۆردومان دەکرێن، بۆیە پێویستە دەزگابەرپرسەکان سنورێک بۆ ئەو پێشێلکاریانە دابنێن
پەیامی کۆتایی کۆنفرانسی دووەمی مەکتەبی ڕێکخستن...
ھەڤاڵانی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان
تێکۆشەرانی خەباتی ڕێکخراوەیی لە ھەموو قۆناغ و لە ھەموو ئاستەکاندا، لە قۆناغی ڕێکخستنی نھێنی تا زیندان، تا تێکۆشانی حزبایەتی لە کوردستانی ئازاد دا. ھەڤاڵانی دێرین تا ھەڤاڵانی تازە پەیوەستبوو بە ڕێبازیی پیرۆزی یەکێتیی بوونەوە.
بە شانازی و بە ئومێدێکی زۆرەوە بە دوا ڕۆژی ھەڤاڵێتی و پێکەوە کارکردن و گەشەپێدانی ڕێکخستنەکانی حزبی شەھیدانەوە ، وەک بەشێک لە بڕیار و ڕاسپاردەکانی کۆنگرەی پێنجەم ڕۆژانی (٦-٧-٨)ی شوباتی ٢٠٢٤ لە ژێر دروشمی
( میتۆدێکی نوێ بۆ ڕێکخستنێکی سەردەمیانە) مەکتەبەکەتان، مەکتەبی ڕێکخستن، کۆنفرانسی گشتی خۆی سازکرد، دوای سێ ڕۆژی گفتوگۆی ھەڤاڵانە، دیموکراتیانە و بەرپرسانە گەڵاڵەی کۆمەڵێک ڕاسپاردە و پێشنیازی تازەگەرانەی کردووە کە بۆ مەکتەبی سیاسی و سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان ھەڤاڵ (بافڵ جەلال تاڵەبانی) بەرزی دەکاتەوە بە مەبەستی دەوڵەمەندکردنی و ئینجا پەسەندکردنی .
کۆنفرانسی گشتی دوای کۆمەڵێک مینی کۆنفرانس و کۆبوونەوەی فراوانی ئۆرگانەکانی ڕێکخستن ھات، ئەمەش بە سوود وەرگرتن لە بیر و ھزری دەوڵەمەندی ھەڤاڵان و بە بەشداری ژمارەیەکی بەرچاو لە ھەڤاڵانی (مەکتەبی سیاسیی ، سەرکردایەتی ، تێکۆشەران ، ئەکادیمی و ھەڤاڵانی بە ئەزموونی کاری ڕێکخراوەیی) کە ژمارەیان (٤٧٠) ئەندامی کۆنفرانس بوون و بەسەر ھەشت لیژنەدا دابەشبوون، بەم شێوەیەی خوارەوە:
• لیژنەی پەیکەربەندی (٢٣٧) ھەڤاڵ بەشداربوون.
• لیژنەی نەخشە ڕێگای نوێ (٩٩) ھەڤاڵ بەشداربوون.
• لیژنەی بەشداری گەنجان و ژنان (٩٢) ھەڤاڵ بەشداربوون.
• ئەنجومەنی پشتیوانی مەڵبەندەکان (٩٠) ھەڤاڵ بەشداربووون.
• کاری ڕێکخراوەیی لە ناوەندە زانستییەکان (٨٨) ھەڤاڵ بەشداربوون.
• ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان (١٠٨) ھەڤاڵ بەشداربوون.
• پێداویستییە کارگێڕییەکان (٥٢) ھەڤاڵ بەشداربوون.
• پەرەپێدانی توانای کادر (٢٢٤) ھەڤاڵ بەشداربوون.
لە ھەرھەشت لیژنەدا ھەموو گرفتەکانی کاری ڕێکخراوەیی و ئەزموونەکانی سەرکەوتن و پاشەکشێ و ھەموو ئومێدەکانی نوێکردنەوە و پەرەپێدانی ڕێکخستن و گەشەپێدانی، بوون بە ھەوێنی دیالۆگ و پەیپەری ڕاستکردنەوە و پێشنیازی بەجێ لە خزمەتی ڕێکخستنی داھاتووماندا.
ھەڤاڵان؛
وێڕای ھەڤاڵانی بەشدار لە لیژنەکان و سەرەڕای سەدان پێشنیاز و ڕاپۆرتی بەجێ، پشتیوانی بێ درێغی سەرۆکی یەکێتیی و ھەڤاڵانی ئەنجومەنی سەرکردایەتی، ئەم کۆنفرانسە بە سەربەرزی و ئومێدێکی زۆر و بە گیانی بەرپرسیارێتی بەرامبەر ڕێڕەوی خەباتی حزبایەتی و ھەمەلایەنەی یەکێتیی کارەکانی خۆی تەواو کرد، بەڵێنی بە جەماوەری یەکێتیی و بە خوێنی شەھیدان داوە، لەسەر ڕێبازی سەرۆک مام جەلال بەردەوام بێت. بۆ پێشەوە بەرەو ڕێکخستنێکی سەردەمیانەی کارا و کاریگەر کە یەکێتیی بکاتەوە بە ژمارە یەک لە کایەی سیاسی، کایەی حوکمڕانی و کایەی سەرخستنی ستراتیژی کوردستان (ئاشتی، دیموکراسی، مافی مرۆڤ و چارەی خۆنوسین).
سڵاو لە ڕۆحی پاکی سەرۆک مام جەلال.
نەمری بۆ شەھیدانی ڕێگای ڕزگاری کوردستان.
سڵاو لە یادو بیرەوەری بیست و یەک ساڵەی شەھیدان (شەوکەتی حاجی مشیر، حیکمەتی حاجی عوسمان و سەردار غەفوور).
بە قەولی سەرۆک مام جەلال (ئێوەش ھەر شاد و سەربەرز و سەرکەوتووبن).
مەکتەبی ڕێکخستنی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان
٢٠٢٤-٢-٨
قەڵاچوالان
شێخ جەعفەر شێخ مستەفا لێپرسراوی ئەنجومەنی پاراستنی بەرژەوەندییە باڵاکانی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان پێشوازی لە کۆڵۆنیڵ لۆکا ڤیلیسک و تیمێکی یاوەری لە تیمی مەشقکردنی سەربازی ھێزەکانی ئیتاڵیا لە ھاوپەیمانیی نێودەوڵەتی لە عیراق کرد.
لە دیدارێکدا لێپرسراوی ئەنجومەنی پاراستنی بەرژەوەندییە باڵاکانی یەکێتی ستایشی ھێزە سەربازییەکانی ئیتاڵیای کرد لە رۆڵگێڕانیان لە پشتگیریکردنی ھێزی پێشمەرگەی کوردستان لە رووی مەشقپێکردن و راھێنان، ھەروەھا لە رووی پشتگیریکردنیان لە ھێزەکانی پێشمەرگەی کوردستان لە شەڕی روبەڕوبوونەوەی تیرۆردا و بەردەوامیان لەو پشتگیریکردنە.
لە بەرامبەردا کۆڵۆنیڵ لۆکا ڤیلیسک ھەڵوێستی لێپرسراوی ئەنجومەنی پاراستنی بەرژەوەندییەکانی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان-ی بەرز نرخاند.
لە بەردەوامی پەیوەندیکردنی بە ھێزەکانی ئیتاڵیا لە ھاوپەیمانیی نێودەوڵەتی لە عیراق دا ھەروەھا مانەوە و بەردەوامی پشتگیری ھێزەکانی ئیتاڵیای دووپاتکردەوە لە "پشتگیریکردنی ھێزەکانی پێشمەرگە".
وەزارەتی پەروەردەی ھەریمی کوردستان لە راگەیەندراوێکدا رایگەیاند، رۆژی پێنجشەممە ھەشتی شوباتی ٢٠٢٤ کۆتا وادەی داخڵکردنی داتای مامۆستایانی وانەبێژی دانەمەزراوە لە سیستمی ئی- پەروەردە.
راشیگەیاند، لەدوای سەعات شەشی ئێوارەوەی ئەو رۆژەوەدا داغڵکردنی داتا رادەگیرێت و کار بە ھیچ داتایەکی دیکە ناکرێت بە دەر بێت لە داتای سیستم.
بارزان شێروانی برای رۆژنامەنوس شێروان شێروان بە کوردسات نیوزی راگەیاند، دادگای پێداچونەوەی ھەرێم بڕیاری سزادانی شیروان شێروانی بە دوو ساڵ زیندانیکردن وەک خۆی ھێشتەوە و پەسەندی کرد.
دادگاکەش لە نوسراوەکەیدا ئاماژەی بۆ ئەوەکردووە، بڕیاری سزادانی شێروان شێروانی لە ڕووی یاساییەوە ھیچ پێشێلکارییەکی تێدا نییە و وەک خۆی جێبەجێدەکرێت و پێویست بە ھەموارکردنەوە ناکات.
ئەوەش لە کاتێکدایە لە ماوەکانی رابردوودا پارێزەرەکانی شێروان شێروانی یەکێک لە دەستگیرکراوانی بادینان، داوایان لە دادگای پێداچونەوەی ھەرێمی کوردستان کرد، پێداچونەوە بکرێت بە سزاکەیدا.
شێروان شێروانی یەکێکە لەو چالاکوانانەی بادینان کە لە ١٦ی شوباتی ٢٠٢١ بە تۆمەتی تێکدانی ئاسایشی نیشتمانی، لەگەڵ ژمارەیەک رۆژنامەنوس و چالاکوانی دیکە دەستگیرکران و سزای شەش ساڵ زیندانیکردنیان بەسەردا سەپێنرا، پاشان بە بڕیارێکی سەرۆکایەتی ھەرێمی کوردستان سزاکەیان بە رێژەی ٥٠٪ کەمکرایەوە، بەڵام دواتر شێروان شێروانی لەسەر دۆسیەی ھەڵگرتنی چەکی بێمۆڵەت دوبارە بۆ ماوەی دوو ساڵی دیکە سزادرایەوە.
دەقی پرسەنامەکە…
بەڕێزان خانەوادەی سەربەرزی سەردار عەلی ئاغای مەنگوڕ
بەداخێکی زۆرەوە ھەواڵی کۆچی دوایی خاتوو (جەمیلە پایز) ھاوسەری خوالێخۆشبوو سەردار عەلی ئاغای مەنگوڕ، کەسایەتیی دیاری دەڤەری پشدەر و دۆستی دێرینی سەرۆک مام جەلالمان پێگەیشت.
بۆ ئەم خەمە گەورەیە پرسە و ھاوخەمیی قووڵمان ئاڕاستەی ئێوە، خزمانی مەنگوڕ و بنەماڵە تێکۆشەرەکەتان دەکەم کە نموونەی باڵای خەبات و تێکۆشانن.
لەخوای گەورە داواکارم کۆچکردوو بە بەھەشتی بەرین شادبکات و سەبووری بەھەموولایەک ببەخشێت.
دڵسۆزتان
بافڵ جەلال تاڵەبانی
سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان
قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکوەزیرانی ھەرێم پێشوازیکرد لە وەفدێکی ئاژانسی گەشەپێدانی فەڕەنسی و رایگەیاند، ساڵی رابردوو ئاستی وەبەرھێنانی ناوخۆیی لە کوردستان زیادیکردوە بە تایبەت لە پارێزگای سلێمانی و لەم ڕووەوە لەسەر ئاستی عێراق یەکەم بووە.
قوباد تاڵەبانی لەمیانی پێشوازیکردن لە وەفدەکەی فەرەنسا کە تیایدا یان برێم کونسوڵی گشتیی فەڕەنسا ئامادەی بوو، سوپاسی ھاوکارییەکانی ئاژانسی گەشەپێدانی فەڕەنسی کرد و رایگەیاند ھەرێمی کوردستان دەرگای کراوەیە بەڕووی وەبەرھێنەرانی فەڕەنسیدا.
وتیشی ستراتیژی حکومەتی ھەرێم بەھێزترکردنی کەرتی تایبەتەو لەم چوارچێوەیەشدا پرۆسەی پشتگیریکردنی وەبەرھێنەرانی ناوخۆی دەستپێکردوە.
سەبارەت بە کۆسپەکانی بەردەم گەشەپێدانی ئابوری لە کوردستان و عێراق، قوباد تاڵەبانی رایگەیاند یەکێک لە کێشە بنەڕەتییەکان نەبوونی داتای زانستییە.
لەبارەی کێشە داراییەکانی نێوان ھەرێم و بەغدا، قوباد تاڵەبانی رایگەیاند، ھەوڵەکان بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان بەردەوامە و گەشبینن لەمساڵدا بە یەکجاری ئەم کێشەیە چارەسەر بکرێت.
مەسرور بارزانی رایگەیاند، لە کۆبوونەوەیدا لەگەڵ یاشار گولەر وەزیری بەرگری تورکیا گفتوگۆیان لەبارەی بارودۆخی گشتیی عێراق و پەرەپێدانی پەیوەندی دوولایەنە کردوە و جەختیان لە گرنگیی بەردەوامبوونی ھەماھەنگیی و ھاریکاریی ھاوبەش لە پێناو ئاسایش و ئارامیی ھەرێمی کوردستان و عێراق و ناوچەکە کرد.
ئەوەشی خستووەتەڕوو، وەزیری بەرگری تورکیا، پرسە و ھاوخەمیی بۆ گیان لە دەستدانی قوربانییانی ھێرشەکەی ھەولێر دەربڕی و ئاماژەی بەوە دا کە ھێرشەکە ھیچ پاساوێک ھەڵناگرێت، ئەوانیش خواستی ھەرێمی کوردستانیان بۆ برەودان بە پەیوەندیی دوولایەنە لە سەر بنەمای دراوسێتیی باش و بەرژەوەندی ھاوبەش دووپات کردەوە.
سەرۆکایەتی ھەرێمی کوردستان بڵاویکردەوە، لەو کۆبوونەوەیەدا پەیوەندییەکانی تورکیا لەگەڵ عێراق و ھەرێم و ھاریکاریی نێوانیان تاوتوێکران.
ھەردوولاش جەختیان لە گرنگیی ھاریکاریی ھاوبەشی تورکیا لەگەڵ عێراق و ھەرێمی کوردستان کردەوە بۆ پاراستنی ئارامی و سەقامگیری لە ناوچەکە و پاراستنی ئاسایشی سنوورەکان، ھەروەھا ھاوڕابوون لەسەر پێویستی و ھەوڵدانی ھەمەلایەنە بۆ رێگریکردن لە تەشەنەسەندنی ئاڵۆزییەکانی رۆژھەڵاتی ناوەڕاست و لێکەوتەکانی.
ھەروەھا برەودان بە پەیوەندیی تورکیا لەگەڵ عێراق و ھەرێم لەسەر بنەمای بەرژەوەندیی ھاوبەش و دراوسێیەتیی باش، دوایین پێشھاتەکانی بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر و ھەڕەشە و مەترسییەکانی داعش لە ناوچەکە و چەند پرسێکی دیکە تەوەری کۆبوونەوەکە بوو.
وەزیری بەرگریی و سوپاسالاری تورکیا، دوای سەردانەکەیان بۆ بەغداد، شەوی رابردوو گەیشتە ھەرێمی کوردستان.
پەیامنێری کوردسات نیوز رایگەیاند، لە گوندی لاجای سنووی ناحیەی شەمامک لە پارێزگای ھەولێر، بەھۆی کێشەیەکی کۆمەڵایەتی کۆنەوە، شەڕەتەقە لەنێوان دوو بنەماڵەدا ڕوویداوە، کە ھەردووکیان لە یەک عەشیرەتن.
ئەوەشی خستەڕوو، دوو بنەماڵەکە بە چەکی قورس ڕووبەڕووی یەکبوونەتەوە و لەئاکامی شەڕەکەشدا کەسێک برینداربووە.
پەیامنێری کوردسات نیوز وتیشی، ھێزە ئەمنییەکانی ھەولێر لێکۆڵینەوەیان دەستپێکردووە لەبارەی شەڕەکەوە، بەڵام تا ئێستا ھیچ رونکردنەوەیەکیان لەو بارەیەوە نەداوە.
وەزارەتی دارایی لە گشتاندنێکدا کە ئاڕاستەی تەواوی وەزارەتەکان و فەرمانگەکانی نەبەستراو بە وەزارەتەکانی کردووە ئاماژەی بەوەکردووە، لە رێگەی لیژنەیەکەوە، ھەڵسەنگاندن بۆ ئەو بڕوانامانە دەکات کە بەبێ مۆڵەتی خوێندن بەدەستھاتوون، لە ڕووەکانی زانستی و کارگێڕی و دارایی و یاساییەوە.
وەزارەتی دارایی ھاوپێچ لەگەڵ گشتاندنەکەدا دوو فۆڕمی زانیاری رەوانەی وەزارەت و فەرمانگەکان کردووە و داوایکردووە لەماوەی ١٥ رۆژدا، بۆیان بگەرێننەوە بۆ ئەنجامدانی کاری پێویست.
فەرماندەیی گشتیی ھێزەکانی ئاسایشی ناوخۆی باکور و ڕۆژھەڵاتی سووریا لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا کۆتایی ھاتنی ئۆپەراسیۆنی “مرۆیی و ئەمنی” لە کامپی ھۆل ڕاگەیاند و ئاماژەی بۆ ئەوەکرد، ھێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ و ھێزەکانی سوریای دیموکرات "ھەسەدە" و یەکینەکانی پاراستنی ژنان "یەپەژە" بە ھاوکاری ھێزەکانی ھاوپەیمانان، قۆناغی سێیەمی ئۆپەراسیۆنی “مرۆیی و ئەمنی”یان کۆتایی پێھێنا.
وتیشی، ئۆپراسیۆنەکە بۆ رێگریکردن بووە لە پیلانەکانی داعش بۆ خۆرێکخستنەوە لە کامپی ھۆل، ھەموو سێکتەرەکانی کامپەکە پشکنینیان بۆ کرا و لە ئەنجامدا توانرا، ئەبو سوفیان لاھیبی لێپرسراوی شانەکانی داعش لەناو کەمپی ھۆل کوژرا، ھەروەھا ژنێکی ئێزدی بە ناوی"کۆڤان ئیدۆ خورتۆ” ڕزگارکرا.
ھەروەھا ٨٥ شەکداری داعش دەستگیرکران و ژمارەیەک چەک و تەقەمەنی و پێداویستی سەربازی و بڕێک ماددەی ھۆشبەر دەستیبەسەرداگیرا و ٥ تونێلیش لەناوبران.
ئەمڕۆ لە دادگای تاوانی یەک لە سلێمانی دانیشتنی تایبەت بە بڕیاردان لەسەر سزادانی تۆمەتبارانی کەیسی شەھیدکردنی نەقیب محەمەد لەتیف بەڕێوەچوو، بەڵام لەسەر داوای بریکاری تۆمەتباران، بڕیاردانی کۆتایی لەسەر دۆسیەکە بۆ سبەینێ دواخرا.
شەوی چواری ١٢ی ساڵی ٢٠٢١ لەکاتی بەھاناوەچوونی ژنێکی ھەڕەشەلێکراو لە ناوچەی تانجەرۆی سلێمانی، نەقیب محەمەد لەتیف و سێ پۆلیسی بەرێوەبەرایەتی ناوبراو لەکاتی ئەنجامدانی کاری بەھاناوەچوون و جێبەجێکردنی بڕیاری دادوەر بەر دەستڕێژی گولـلە کەوتن، بەڵام لە ھەمان شوێن نەقیب محەمەد لەتیف شەھیدبوو.
دەقی پەیامەکەی قوباد تاڵەبانی...
بەرێزمامۆستا سەڵاحەدین بەھادین، ئەمینداری گشتیی یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان
بەبۆنەی تێپەڕبوونی سی ساڵ بەسەر ڕاگەیاندنی یەکگرتووی ئیسلامی کوردستاندا، پیرۆزبایی لە جەنابتان و سەرکردایەتی و سەرجەم ئۆرگان و ئەندامان و ھەوادارانی یەکگرتوو دەکەم.
ھیواخوازین ساڵیادی یەکگرتوی ئیسلامی کوردستان دەرفەتێک بێت بۆ لێکتێگەیشتنی زیاتری ھەموو ھێز و لایەنەکان لەپێناو تێپەڕاندنی ئاستەنگەکان و باشترکردنی ژیان و گوزەرانی ھاوڵاتییان.
قوباد تاڵەبانی
جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران
سەڵاحەدین دەمیرتاش، ھاوسەرۆکی پێشووتری پارتی دیموکراتی گەلان (ھەدەپە) لە زیندانی ئەدیرنە چاوی کەوت بە سیری ساکیک پەرلەمانتاری دەمپارتی و ئەوەشی خستووەتەڕوو، پێویستە دەم پارتی لە ھەڵبژاردنەکەی ٣١ی ئازاری ئەمساڵ قەرەبووی زیانەکانی بکاتەوە و بەباشی خۆی بۆ ھەڵبژاردنەکە ئامادە بکات.
دوای کۆبوونەوەکەشی لەگەڵ دەمیرتاش، سیری ساکیک وتی، دەم پارتی بە کاندیدەکانی خۆیەوە بەشداری ھەڵبژاردنی شارەوانییەکان دەکات و بردنەوە و دۆڕانی ئۆپۆزسیۆنیش لەو ھەڵبژاردنەدا کێشەی ئەوان نییە، ئەوەی بۆ ئەوان گرنگە پەرەپێدانی سیاسەتی دیموکراسییە وەک سیاسەتی ڕێگای سێیەم.
ئەوەش لەکاتێکدایە کە بڕیارە تا ١٠ی شوبات، پارتی یەکسانی و دیموکراسی گەلان (دەم پارتی) ناوی سەرجەم کاندیدەکانی بۆ ھەڵبژاردنی شارەوانییەکانی تورکیا یەکلایی بکاتەوە.