بڕیارە ئەمڕۆ ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم کۆببێتەوە و پرسی موچەی مانگەکانی پێنج و شەش تاوتوێ بکات، هەروەها پرسی هەناردەکردنەوەی نەوت تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەکەیە.

پەیامنێری کوردسات نیوز باسی لەوەکرد، بڕیارە لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆی ئەنجومەنی وەزیران تاوتوێی ئەنجامی کۆبوونەوەکانی وەفدی حکومەتی هەرێم لەگەڵ حکومەتی فیدراڵ بکرێت.

هاوکات، بڕیاریشە بەدواداچوون بۆ موچەی مانگەکانی پێنج و شەشی موچەخۆرانی هەرێم بکرێت.

بەپێی زانیارییە سەرەتاییەکان، چاوەڕوان دەکرێت بەغداد موچەی مانگی پێنج رەوانە بکات تا هەردوو حکومەتی هەرێم و عیراق دەگەنە رێککەوتن سەبارەت بە هەناردەکردنی نەوت و رادەستکردنی نیوەی داهاتی نانەوتی.

ئەوەش لە کاتێکدایە، بەپێی زانیارییەکانی کوردسات نیوز، ئەو کۆبوونەوانەی لە چەند رۆژی رابردوو لەنێوان وەفدی حکومەتی هەرێم و فیدراڵ ئەنجامدران، هیچ رێککەوتنێکی تێدا نەکراوە.