قائیمقامییەتی سلێمانی: لە مانگی شەشدا بە بڕی 61 ملیۆن دینار سزای شوێنەکان دراون و 21 شوێنیش داخراون
هەساو ئەمیر
٣ی تەمووزی ٢٠٢٥
وێنەکە کاروچالاکییەکانی ساڵی رابردووی قائیمقامییەتی سلێمانییە
قائیمقامییەتی سلێمانی رایگەیاند، لە مانگی شەشی ئەمساڵدا بە بڕی 61 ملیۆن دینار سزای پێبژاردنی ئەو شوێنانە دراوە کە سەرپێچی رێنماییەکانیان کردووە و 21 شوێنی کاریش داخراون.
قائیمقامییەتی سلێمانی ئاماری کار و چالاکییەکانی لیژنە هاوبەشەکانی بۆ مانگی رابردوو بڵاوکردەوە و ئەوەی خستووەتە روو، شەش هەزار و 770 سەردانیان ئەنجامداوە، کە لەو سەردانانەدا 127 شوێنکار ئاگادار کراونەتەوە و زیاتر لە 26 تۆن ماددەی بەسەرچووش لەناوبراوە.
بەپێی ئامارەکانی قائیمقامییەت، هەر بەهۆی سەرپێچییەکانەوە 21 شوێنی بارزگانی داخراون، کە لە رابردوودا ئاگادارکردنەوەیان هەبووە، بەڵام پابەندی رێنماییەکان نەبوون و جارێکی دیکە سەرپێچییان ئەنجام داوە، هەروەها سێ شوێنکاریش دراون بە دادگا.
بەراورد بە مانگی ئایار
بەراورد بە مانگی ئایار ژمارەی سەردانەکانی لیژنەکە کەمتر بووە، کە لە مانگی پێنجدا شەش هەزار و 29 سەردان ئەنجام دراوە، بەڵام ژمارەی سزادان بە پێبژاردن بووە بە دوو هێندە، بەجۆرێک لە مانگی پێنجدا بە بڕی 30 ملیۆن و 25 هەزار دینار سزای پێبژاردن هەبووە، بەڵام لە مانگی شەشدا سزاکە بۆ 61 ملیۆن بەرزبووەتەوە.
لەلایەکی دیکەوە لە مانگی پێنجدا بڕی 87 تۆن و 416 کەلوپەل و خۆراک لەناوبراون کە شیاوی بەکارهێنان نەبوون، بەڵام لە مانگی شەشدا بڕەکە بۆ 26 تۆن و 29 کیلۆگرام کەمبووەتەوە.
هاوکات، لە مانگی پێنجدا 741 سەرپێچێ ئەنجامدراون، بەڵام لە مانگی شەشدا ژمارەی سەرپێچییەکان کەمبووەتەوە بۆ 452 سەرپێچی.