دوو درۆن لە سنوری تاسڵوجەی سلێمانی خرانەخوارەوە
١ی تەمووزی ٢٠٢٥
لە نزیك تاسڵوجەی سنوری سلێمانی دوو درۆن لەلایەن هێزەكانی 70ـی پێشمەرگەوە خرانە خوارەوە و روداوەكەش هیچ زیانێكی گیانی لێنەكەوتوەتەوە.
عەقید.سەلام عەبدولخالق وتەبێژی دەزگای ئاسایشی هەرێم بە كوردسات نیوزی راگەیاند، كاتژمێر 10 و 30 خولەكی شەو لە نزیك تاسڵوجەی سنوری سلێمانی دوو درۆن خراونەتە خوارەوە.
ئەوەشی خستەڕوو، دەستەبەجێ تیمەكانی لێكۆڵینەوەی دەزگای ئاسایشی هەرێم گەیشتوونەتە شوێنی روداوەكە و لێكۆڵینەوەكانیان دەستپێكردووە، روداوەكەش هیچ زیانێكی گیانی نەبووە.
هاوكات، لیوا ئەحمەد لەتیف وتەبێژی هێزەكانی 70 پێشمەرگە بە كوردسات نیوزی راگەیاند، ئەو دوو درۆنە لەلایەن هێزەكانی 70ـی پێشمەرگەوە سەعات 10:30 خولەكی شەو لە دوو شوێنی جیا خراونەتە خوارەوە، لێكۆڵینەوەش سەبارەت بە درۆنەكان و سەرچاوەی هەڵدانیان بەردەوامە.



