ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم راگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە
سام
٢ی تەمووزی ٢٠٢٥
لۆگۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان
حکومەتی هەرێمی کوردستان دوای کۆبوونەوەی ئەمڕۆی راگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و تێیدا هاتووە، "هەر پابەندییەک لە سەر هەرێمی کوردستان بووە، بەزیادەوە جێبەجێی کردووە".
لە راگەیەندراوکەدا هاتووە، "تەوەری سەرەکی کۆبوونەوەکە، گفتوگۆکردن بوو لەبارەی ئەنجامی کۆبوونەوەکانی ئەم دواییەی نێوان هەر دوو وەفدی حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵ کە لە هەولێر و بەغداد، بە ئامادەبوونی نوێنەری کۆمپانیا نەوتییەکان ئەنجامدران، کە تایبەت بوون بە دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان لە رێگای کۆمپانیای سۆمۆ و بەدواداچوونی خەرجکردنی موچەکانی هەردوو مانگی پێنج و شەشی موچەخۆرانی هەرێمی کوردستان، ئەنجومەنی وەزیران دووپاتی کردەوە، کە هەر پابەندییەک لە سەر هەرێمی کوردستان بووە، بەزیادەوە جێبەجێی کردووە و هەرێم هەموو نەرمییەکی نواندووە بۆ دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنی نەوتی هەرێم لە رێگای کۆمپانیای سۆمۆ و گەڕاندنەوەی داهاتی فرۆشتنی نەوتی هەرێم بۆ وەزارەتی دارایی فیدڕاڵ".
لە راگەیەندراوەکەدا حکومەتەتی هەرێم ئاماژەی بەوەداوە، "ئێستا هەرێمی کوردستان و کۆمپانیا نەوتییەکان، بە هەموو شێوەیەک ئامادەیی هاوکاریان لەگەڵ حکومەتی فیدڕال پیشان داوە بۆ هەناردە کردنەوەی نەوت ئەویش لە پێناوی بڕینی هەموو ئەو پاسا و بیانووانەی کە بەغداد بەکاریهێناون بۆ نەناردنی موچەی موچەخۆرانی خەڵکی کوردستان".
حکومەتی هەرێم دەشڵێت، "کۆبوونەوەکە جەختی کردەوە کە ئێستا هەموو لایەک چاوەڕێی بڕیاری حکومەتی فیدڕاڵ دەکەن بۆ پەسەندکردنی ئەو لەیەکتێگەیشتنە هاوبەشانەی کە لە چەند رۆژی رابردوودا لە نێوان هەردوولا بە ئامادەبوونی نوێنەری کۆمپانیا نەوتییەکان هاتووەتە ئاراوە، کە بە دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوت، هیچ بیانوویەک لە بەردەم وەزارەتی دارایی فیدڕاڵ نامێنێت بۆ خەرجنەکردنی شایستە دارايیەکانی هەرێم، بە تایبەتیش کە هەموو بابەتەکانی پەیوەندیدار بە لیستی مووچە و ژمارەی وەزیفیی و تەرازووی پێداچونەوەی مانگانە و وردبینی هاوبەشی هەردوو دیوانی چاودێریی دارایی فیدڕاڵ و هەرێم و بە بانکیکردنی موچەی هەرێم و ناردنی رێژەی گەنجینەی فیدڕاڵیی لە داهاتی ناوخۆی هەرێم جێبەجێکراون و حكومەتی هەرێم، بەردەوامیشە لەسەر جێبەجێکردنی ئەم پابەندییانە، بۆیە بەغداد دەبێت کۆتایی بە سیاسەتی نەناردنی موچەی خەڵکی کوردستان بهێنێت کە موچە، مافێکی ئاسایی و یاسایی و دەستووری موچەخۆرانی هەرێمە و بە هەموو یاسا و رێسایەک، نابێت لەژێر هیچ پاساوێک، لەم مافەی خۆیان بێبەش بکرێن".