ڤێدانت پاتێل لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، ھەڵوێستی نەگۆڕی ئەوان ئەوەبووە کە ھەمیشە پشتیوانی لە ئەنجامدانی ھەڵبژاردنی ئازاد و شەفاف دەکەن بە بەشداری سەرجەم لایەنەکان.
راشیگەیاند، ئەوان لە نیگەرانی کوردەکان تێدەگەن بەرامبەر بە بڕیارەکانی دادگای فیدڕاڵی، بەڵام پێمانوانییە بایکۆتکردنی ھەڵبژاردن خزمەت بە ھەرێمی کوردستان و گەلی کورد و عێراق بە گشتی بکات.
لە کۆبوونەوەکەدا، ھەریەک لە نوێنەرانی (وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی، وەزارەتی پەروەردە, وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار، وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینی، وەزارەتی کاروباری شەھیدان و ئەنفالکراوان، فەرمانگەی ڕێکخراوە ناحکومییەکان) بەشدار بوون، وەزیری رۆشنبیری و لاوان تیشکی خستەسەر گرنگی پڕۆژەی دامەزراندنی ئەو ناوەندە نیشتمانییە و کارکردنی زیاتر بۆ جێبەجێکردنی دەقی یاسای ژمارە (١)٢٠٢٢ی پەرلەمانی کوردستان، "یاسای پاراستنی بەڵگەنامەی نیشتمانی لە ھەرێمی کوردستان – عێراق"، کە ئەرکی دامەزراندنی ناوەندەکەی بە وەزارەتی ڕۆشنبیری و لاوان سپاردووە.
وتیشی، پێویستە لەسەر بنەمای ستانداردی نێودەوڵەتی کار بۆ بنیاتنانی ئەو ناوەندە و ڕێکارەکانی کۆکردنەوە و پاراستنی بەڵگەنامەکان بکرێت، لە سەرەتاوە دەبێت بینای ناوەندەکە تایبەتمەند بێت بەو بوارە و ھەموو ڕێکارێکی پیویست بگیرێتە بەر بۆ پاراستنی ئەرشیڤ و بەڵگەنامەکان.
بە گوێرەی بڕگەی یەکەمی ماددەی پێنجەمی یاساکە، وەزیری رۆشنبیری و لاوان سەرۆکایەتی ئەنجومەنێک دەکات بۆ ڕێکخستن و پلاندانان بۆ جێبەجێکردنی پڕۆژەکە و نوێنەری لایەنە پەیوەندیدارەکان تێیدا ئەندامدەبن.
بە پێکھێنانی "ناوەندی بەڵگەنامەی نیشتمانی ھەرێمی کوردستان – عێراق"، ھەرێمی کوردستان دەبێتە خاوەنی ناوەندێکی نیشتمانی بۆ کۆکردنەوەی بەڵگەنامە و دەستنووس و پاراستنی ئەرشیڤی کوردستان.
بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کەشناسی و بوومەلەرزەزانی ھەرێم ئاماژەی بەوەکردووە، سبەینێ لە ناوچەکانی ھەرێم تاوەباران و ھەورەبروسک دەبێت، بڕی دابارینیش لە ناوچە شاخاوییەکانی پارێزگای ھەولێر و زۆربەی ناوچەکانی پارێزگای سلێمانی و ئیدارەی گەرمیان زیاتر دەبێت و کاریگەری ئەم شەپۆڵە تا کاتەکانی درەنگانی شەو بەشێوەی جیاجیا بەلاوازی بەردەوامی دەبێت.
ھاوکات بەھۆی بوونی مەترسی دروستبوونی لافاو، تیمەکانی شارەوانی ھەولێریش خراونەتە حاڵەتی ئامادەباشییەوە.
سەعدی ئەحمەد پیرە وتەبێژی یەکێتی بە کوردسات نیوزی راگەیاند، مەکتەبی سیاسی یەکێتی بۆ تاوتوێکردنی دوایین رەوشی ھەرێم و عێراق و بڕیارەکەی پارتی بۆ بەشدارینەکردن لە ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان کۆدەبێتەوە.
وتیشی، دوای کۆبوونەوەی مەکتەبی سیاسی ھەڵوێستی خۆیان لەبارەی بڕیارەکەی پارتی رادەگەیەنن.
مەکتەبی سیاسی پارتی دیموکراتی کوردستان لە راگەیەندراوێکدا دەڵێت بڕیارەکەی دادگای فیدراڵی لەبارەی یاسای ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستانەوە شەش پێشێلکاری زەق و مەترسیداریی دەستوریی تێدایە بۆ لەباربردنی سیستەمی دیموکراسی ھەرێم، ھەوڵدان بۆ گەڕاندنەوەی عێراق بۆ سیستەمی مەرکەزی، کە دیاترینیان فرەبازنەیی و نەھێشتنی کورسی کۆتای پێکھاتەکانە.
دەشڵێت، جگە لەو پێشلکارییە دەستوریانەی لە بڕیارەکانی دادگای باڵای فێدرالی بەرامبەر یاسای ھەڵبژاردن کراون، چەند ڕێکارێکی دیکەی ناتەندروست گیراونەتەبەر کە کۆی پرۆسەی ھەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان دەخەنە ژێر پرسیاری جدیەوە، لەوانە بێبەشکردنی نزیکەی (٤٠٠) ھەزار دەنگدەر لەدەنگدان، بۆیە بەشداریی ھەڵبژاردنێک ناکەن کە بە نایاسایی و نادەستوری و لە سایەی سیستمێکی سەپێنراودا بەڕێوەبچێت.
مەکتەبی سیاسی پارتی جەختیکردوەتەوە، لایەنەکانی ھاوپەیمانی ئیدارەی دەوڵەت دەخاتە بەردەم بەڕپرسیارێتی نیشتمانی لەجێبەجێنەکردنی دەستور و تەواوی خاڵەکانی رێکەوتنی سیاسی و ئیداریی پێکھێنانی کابینەی ئێستای حکومەتی عێراق، بەپێچەوانەوە ناتوانن بەردەوام بن لە پرۆسەی سیاسی دا.
تیمی وەزاری یەکێتیی روونکردنەوەیەکی لەبارەی دابەشکردنی موچە بڵاوکردەوە و دەڵێت، لە دوا کۆبوونەوەی ئەنجومەنی وەزیران، داوایانکرد بەو بڕە پارەیەی کە لە بەغدادەوە ھاتووە دەستبکرێت بە دابەشکردنی مووچە، چونکە بەرەجەژنانە و خەڵک چاوەڕێی ئەو مافەی خۆیەتی وەریبگرێت، لەگەڵ ئەوەش ھەوڵ بدرێت ئەو بەشەی تریش داوا بکرێت لە وەزارەتی دارایی عێراق بینێرێت. بەڵام ھەبوون کە لایەنی سەرەکی حکومەتن؛ لە دژی ئەو بۆچوونەی ئەوان قسەیان کردووە.
تیمی وەزاری یەکێتیی جەختیکردوەتەوە، یەکێتیی بە حزب و تیمی حکومەتەوە، سیاسەتێکی میانڕەوانەی گرتووەتەبەر لەگەڵ لایەنەکانی ھەرێم و عێراق و ھاوسەنگی راگرتووە و ھەرگیز ھەوڵی تێکدانی نێو ماڵی لایەنەکانی ھەرێم و بەغدادی نەداوە لەپێناو پۆستێکی دیاریکراودا. بۆیە ئەوانەی ئەو ھەوڵانە دەدەن، بوونەتە باعیسی رێکنەکەوتن و تێکدانی پەیوەندییەکانی نێوان ھەرێم و بەغداد و دواتر خەڵکی کوردستان دەبنە قوربانی ئەو سیاسەتە ھەڵەیە.
دەشڵێت، بەم رەمەزان و بەرەجەژنانە، خۆزگە لەبری بەیاننامە و لێدوان و تەسریباتی ناڕاست، بە ھەموویانەوە ھەوڵی چارەسەرکردنی ئەو کێشەیەیان بدایە کە زیاد لە ١٠ ساڵە ماف و شایستەی مووچەخۆران دەستەبەر ناکرێت. خەڵکی کوردستان راستە پشووی درێژە بەڵام ناکرێت ئەو پشوودرێژییە لەبەرچاو نەگیرێت و مافەکانیان پەراوێز بخرێت.
پارێزگای ھەولێر لە کۆبونەوەیەکدا لەبارەی ڕەوشی کەشوھەواو و پێشبینیەکانی کەشناسی و دوای ھەڵسانگدن بۆ ڕەوشەکە، بڕیاردرا سەرجەم قائیمقام و بەڕێوەبەری ناحییەکان، لە سنووری خۆیان ژوورێکی ئۆپراسیۆن پێکبھێنن و لە ئامادەباشی تەواودابن بۆ ڕوودانی ھەر ئەگەرێکی نەخوازراو و چارەسەرکردنی ئەو گرفتانەی دەبنە ھۆکار و مەترسی دروستبوونی لافاو.
بەڕێوەبەرایەتییەکانی ئاوەڕۆ و ئاودێریش، بەردەوام دەبن لە پاککردنەوەی ڕێرەوەکانی ئاوی سروشتی باران و ئاوی قورس و کەند و سەرجەم مەنھۆڵەکان و ئاوەڕۆکان، سەرۆکایەتی شارەوانیش لەگەڵ تیمەکانی لە ئامادەباشی و ھەماھەنگی یەکتردابن بۆ ھەر ئەگەر و پێشھات و رووداوێکی چاوەڕوان نەکراو.
ھاوکات داوای لە ھاووڵاتییانیش کردووە ھەماھەنگ و ھاوکاری تیمەکان بن و پابەندی رێکار و رێنماییەکان بن و لەحاڵەتی بارانبارینی زۆر نزیکی ڕووبار و ئەو شوێنانە نەبنەوە کە ئاستی ئاوییان بەرز دەبێتەوە.
مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی ھەرێمی کوردستان، لەگەڵ وەفدێکی ئەنجومەنی بەڕێوەبردنی بانکی بەغداد و بانکی ئوردنی کوەیتی و سەرۆکی ئەنجومەنی بەڕێوەبردنی بانکی بەغداد کۆبووەوە و گفتوگۆ لەبارەی دەرفەتەکانی ئەنجامدانی کار و پڕۆژەی ھاوبەش لەگەڵ حکومەتی ھەرێمی کوردستان کرا لە پێناو پێشخستنی سیستمی بانکی و پەرەپێدانی ئابووری لە عێراق و ھەرێمی کوردستان.
لە بەشێکی تری کۆبوونەوەکەدا سەرۆکی حکومەتی ھەرێم ئاماژەی بۆ چاکسازییەکانی حکومەتی ھەرێم لە بواری سیستمی بانکی و بەدیجیتاڵکردنی خزمەتگوزارییەکان و پارەدانی ئەلیکترۆنی و بەردەوامبوونی پڕۆژەی ھەژماری من کرد و رایگەیاند، لەپەیوەندیدایە لەگەڵ سەرۆک وەزیرانی عێراق و پارێزگاری بانکی ناوەندی لەبارەی چەند دەستپێشخەرییەکی پەیوەندیدار بە پێشخستنی سیستمی بانکی بە ھەماھەنگی و بەپێی مەرج و ڕێنماییەکانی بانکی ناوەندیی عێراق.
بافڵ جەلال تاڵەبانی سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە رێوڕەسمێکدا دەسپێک و ستراتیژی نوێی کۆمەڵەی خوێندکارانی کوردستانی ئاشکراکرد و رایگەیاند، پێشتر بەڵێنیان بە خوێندکارانی کوردستان دابوو لەگەڵیان دەمێننەوە و پاڵپشت و ھاوکاریان دەبن، لەو چوارچێوەیەشدا لەمەودوا خۆی سەرپەرشتی کارەکانی کۆمەڵەی خوێندکارانی کوردستان دەکات و پێکەوە دەتوانن کاری گەورەتر بکەن و داھاتوویەکی پرشنگدار بونیادبنێن.
روونیشیکردەوە، لەماوەی رابردوودا لەسەر داوا و پێشنیازی خوێندکاران و لەپێناو بونیادنانەوەی بەشێوازێکی نوێ، کارەکانی کۆمەڵەی خوێندکارانیان راگرت، ئێستاش بە تێگەیشتن لە رەوشی ھەرێم و پێویستییەکانی گەنجان، کارەکانی کۆمەڵەکە دەستپێدەکاتەوە و دەبێتە سەکۆیەکی گرنگ و کاریگەر بۆ بەرگریگردن لە مافەکانی خوێندکاران.
وتیشی، کۆمەڵەی خوێندکاران بە رەھایی نوێگەر و سەردەمییانە دەبێت، دوور لە ھەموو بەرژەوەندییەک و بەبێ گوێدانە ئینتیمای حزبی و سیاسی درێژە بە کارەکانی دەدات و لەخزمەت کەرتی پەروەردە و خوێندنی باڵا دەبێت.
ڕاپۆڕتی کەشناسی بۆ ڕۆژەکانی ١٨-١٩-/٠٣-٢٠٢٤
بەگوێرەی دوایین پێشبینیەکانی ئەمرۆ ئاراستەو کاریگەری شەپۆلی باران بارین
بەم شێوەیە دەبێت:
ھاتنی کاریگەری شەپۆڵێکی باران بارینی بەھێز بۆ سەر ناوچەکەمان
ڕۆژی دووشەممە ڕێکەوتی ١٨-٣-٢٠٢٤ سەرەتا باران بارین بە شێوەی نمە بارانی لەسەرخۆ لە کاتە جیاجیاکان لەسەر ھەندێ ناوچە دەبارێت زۆربەی کاتەکان ئاسمان ھەوری تەواو دەبێت و پلەکانی گەرما بە نزیکەی ١-٣ پلە نزم دەبێتەوە . سنووری پارێزگای دھۆک بارانی زیاتر دەبێت بە تایبەت لە کاتەکانی شەودا .
رۆژی سێ شەم : دوای زیادبوون و بەھێز بوونی کاریگەری ئەم شەپۆڵەی روو لە ناوچەکەمان دەکات , لە ئەنجامی کاریگەری یەکگرتنی دوو نزمە پاڵەپەستۆی (دەریای ناوەڕاست و دەریای سوور), باران بارین بەشێوەی بارانی مامناوەند و باران بارینی بەلێزمە و ھەورە تریشقە بەدرێژای ڕۆژی سێ شەممە سەرجەم ناوچەکەمان دەگرێتەوە .
بڕی باران بارینی پێشبینیکراو لەگەڵ کاتی دابارین بە جیاوازی ناوچەکەمان بەم شێوەیە دەبێت :
سەرەتا دەستپێکی باران بارین لە پارێزگای دھۆک دەبێت لە کاتەکانی شەوی دووشەم لەسەر سێ شەم وە بە درێژای کاتەکانی ڕۆژی سێ شەم باران بارینی بەڵێزمە سەرجەم ناوچە شاخاوییەکان و سنووری پارێزگای دھۆک وە بەشێک لە ناوچە شاخاوییەکان . بڕی باران بارینی پێشبینیکراو لەم سنوورە بەم شێوەیە دەبێت بە گوێرەی دوایین پێشبینیەکانی ئەمڕۆ ڕێکەوتی ١٧-٣-٢٠٢٣ ڕۆژی یەک شەممە :
سەنتەری شاری دھۆک سەرووی ٦٠ ملم
ناوچە شاخاوییەکان بە تایبەت ناوچە سنووریەکان (ئاکرێ شیلادزە چمانکێ ئامیدی ) سەرووی ٧٠ ملم
ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ لە نێوان (٤٥- ٦٥) ملم دەبێت .
دوای درێژبوونەوەی کاریگەری ئەم شەپۆڵە بۆ سەرجەم ناوچە جیاجیاکانی ھەرێم بڕی دابارین بۆ رۆژی سێ شەم لە ناوچەکانی تر بەم شێوەیە دەبێت :
سنووری پارێزگای ھەولێر: سەنتەری شار زیاترلە ٤٠ ملم دەبێت وە ناوچە شاخاوییەکانی سنووری پارێزگای ھەولێر لە سەرووی ٦٠ ملم دەبێت .
ئیدارەی سەربەخۆی سۆران بڕی بارانی پێشبینیکراو لە سەرووی ٦٠ ملم دەبێت .
سنووری پارێزگای سلێمانی وە ئیدارەی گەرمیان بەشێک لە پارێزگای ھەڵەبجە زۆربەی کات لە کاتەکانی دوای نیوەڕۆ و ئێوارە باران بارینی بە ڵێزمەی دەبێت بارانی پێشبینیکراوی لە ماوەی کاریگەری ئەم شەپۆڵە بەم شێوەیە دەبێت :
سنووری پارێزگای سلێمانی و ناوچە شاخاوییەکانی (٤٥-٧٥) ملم دەبێت .
ئیدارەی سەربەخۆی گەرمیان لە (٣٥-٤٥) ملم دەبێت .
پارێزگای ھەلەبجە و ناوچە شاخاوییەکانی (٢٥-٣٥) ملم دەبێت .
ئیدارەی سەربەخۆی ڕاپەڕین : بە درێژای ماوەی دەستپێکی شەپۆڵەکە باران بارینی دەبێت وە بڕی بارانی پێشبینیکراو بۆ ئەم سنوورە لە نێوان (٦٥-٨٥) ملم دەبێت .
تێبینی / ئەگەری تەزرە بارین و ھەورە تریشقە ھەیە لە کاتە جیاجیاکان و ھەندێ ناوچە لەگەڵ زیاد بوونی خێرای با بۆ سەرووی ٢٥ کم لە کاتژمێرێکدا .
کاریگەری ئەم شەپۆڵە لە ڕۆژی چوار شەممە لاواز دەبێت لە کاتەکانی دوای نیوەڕۆی ھەمان ڕۆژ کۆتای دێت .
بەرێوەبەرایەتی گشتی کەشناسی و بوومەلەرزەزانی – بەشی پێشبینی ٢٠٢٤/٠٣/١٧
پەیامنێری كوردسات نیوز رایگەیاند، فەرمانبەرانی هەریەكە لە بەڕێوەبەرایەتی هاتوچۆی سلێمانی و دادنووسی سلێمانی دژی دواكەوتن و دابەشنەكردنی مووچەكانیان بایكۆتی دەوامیان راگەیاند و داواكارن بە زووترینكات مووچەی مانگی شوبات دابەشبكرێت.
بایكۆتی ئەو فەرمانبەرانە لە كاتێكدایە، ماوەی چەند رۆژێكە وەزارەتی دارایی عێراق نزیكەی 600 ملیار دیناری خستووەتە سەر هەژماری وەزارەتی دارایی هەرێم بۆ دابەشكردنی مووچەی مانگی شوباتی فەرمانبەران، بەڵام وەزارەتی دارایی هەرێم بە پاساوی ئەوەی ئەو بڕە پارەیە كەمە و بەشی مووچەی تەواوی مووچەخۆرانی هەرێم ناكات، دابەشكردنی مووچەی مانگی شوباتی بۆ كاتێكی نادیار دواخستووە.
سەچاوەیەک بە کوردسات نیوزی راگەیاند، ئێوارەی ئەمڕۆ لە زرگوێز تەقە لە ئەندامێکی کۆمەڵەی شۆڕشگێرانی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران کراوە و کوژراوە.
وتیشی، ئەندامەکەی کۆمەڵە لەلایەن ئەندامێکی تری حزبەکەی خۆیەوە تەقەی لێکراوە و تائێستاش نازانرێت ھۆکاری روداوەکە بەھۆی چییەوە بووە.
سەرچاوەیەکی ئەمنیش لە پێنجوێن بە کوردسات نیوزی راگەیاند، تۆمەتباری رووداوەکەیان دەستگیرکردووە.
ئەلینا رۆمانۆوسکی باڵیۆزی ئەمریکا لە عێراق رایگەیاند، لەم ڕۆژەدا کە یادی کۆمەڵکوژییەکەی ھەڵەبجە دەکەنەوە بە ھاوبەشی لەگەڵ عێراقییەکان و کوردەکان، ئەوان پاڵپشتی لە قوربانیان و کەسوکارەکانیان دەکەن.
دەشڵێت، پابەندن بە بەرپرسیارێتی و پێویستە بەیەکەوە پارێزگاری لە مافەکانی مرۆڤ بکەن و ڕێگری لە بەکارھێنانی چەکی کیمیایی لە جیھاندا بکەن.
دەقی پەیامەکە...
بەڕێزن بنەماڵەی سەربەرز و تێکۆشەری خوالێخۆشبوو لیوا خۆشەوی
بەداخێکی زۆرەوە ھەواڵی کۆچی ناوەختی کاک (مستەفا لیوا خۆشەوی)مان پێگەیشت.
بۆ ئەم خەمە گەورەیە پرسە و ھاوخەمیی قووڵی خۆمان ئاڕاستە کەسوکار و خانەوادە سەربەرزەکەی دەکەم کە نموونەی باڵای خەبات و تێکۆشانن لەپێناو کوردستان.
لەخوای گەورە داواکارم ھەڤاڵی کۆچکردوومان بە بەھەشتی بەرین شادبکات و سەبووری بەھەموولایەک ببەخشێت.
دڵسۆزتان
بافڵ جەلال تاڵەبانی
سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان
محەمەد شیاع سودانی سەرۆکوەزیرانی عێراق لە یادی ٣٦ ساڵەی کیمیابارانی ھەڵەبجە پەیامێکی بڵاوکردەوە و رایگەیاندووە، کیمیابارانی ھەڵەبجە دڕەندەیی رژێمی گۆڕبەگۆڕ و سەرجەم تاوانەکانی بەرامبەر گەلی کورد و سەرجەم پێکھاتھکانی عێراق بۆ نەوەی ئێستا دەسەلمێنێت.
ئاماژەی بەوەشکردووە، کارەساتی کیمیابارانی ھەڵەبجە لە ویژداندا دەمێنێتەوە و ھانیان دەدات ھەوڵەکانیان زیاتر بکەن بۆ بەھێزکردنی سیستمی دیمکراتی و ھەوڵەکانی حکومەتیش بەردەوامە بە مەبەستی قەرەبووکردنەوە و خزمەتکردنی ھەموو ئەوانەی زوڵم و ستمەیان بەرامبەر کراوە لەگەڵ جێبەجێکردنی ئەو یاسایانەی مافەکانیان دەستەبەر دەکات.
دەقی پەیامەکە...
لـە ساڵیادی کارەساتی کیمیابارانی ھەڵەبجەدا؛ دروود بۆ ڕووحی پاکی سەرجەم شەھیدانی ھەڵەبجە و کوردستان دەنێرین، سەری ڕێز و وەفاداری بۆ کەسوکاری سەربەرزی شەھیدان و بریندران و خەڵکی ھەڵەبجە دادەنەوێنین.
ھەڵەبجە، شووناس و خەمی نەتەوەییمانە، زامێکی لەبیرنەکراو و ساڕێژنەبووە.ھەرگیز ئەو کارەساتە لەیادناکەین، بۆ ھەمیشە ھەڵەبجە بە زیندوێتی دەمێنێتەوە لە بیرو ھزرماندا.
خزمەتکردن و ئاوەدانکردنەوە و گەشەپێدان و بەرەوپێشچوونی زیاتری ھەڵەبجە، نیشانەی وەفاداریی و ڕێزگرتنە لە قوربانیدانی ھەڵەبجەییەکان لە مێژووی گەلەکەماندا.
ئەرکی ھەموومانە، لەم ڕۆژەدا، ناکۆکییەکان وەلابنێین و کۆدەنگ و یەکھەڵوێست و یەکدەنگبین، پارێزگاری لە قەوارەی ھەرێمی کوردستان و قوربانیدانیی چەندین ساڵەی گەلەکەمان بکەین، لە پێناو کوردستانێکی ئارام و سەقامگیر و بەھێزدا.
شۆڕش ئیسماعیل
وەزیری پێشمەرگەی حکومەتی ھەرێمی کوردستان
١٦ـی ئاداری ٢٠٢٤