پۆلیسی هەولێر: بەهۆی دەمەقاڵێوە لە بەنزینخایەک سێ کەس کوژران
محەمەد رزگار
٦ی ئابی ٢٠٢٥
لە بەنزینخانەیەکی هەولێر بەهۆی دەمەقاڵێوە سێ کەس کوژران، پۆلیسی هەولێریش دەڵێت: تۆمەتباری روداوەکە دەستگیرکراوە.
قارەمان جەوهەر پەیامنێری کوردسات نیوز رایگەیاند: بەهۆی دەمەقاڵێوە لە بەنزینخانەیەکی هەولێر لەسەر رێگای کۆیە شەڕ لەنێوان دوو کەس و کارمەندێکی بەنزینخانەکە دروستبوو، لەئەنجامدا سێ کەس کوژران.
وتیشی، کارمەندی بەنزینخانەکە بە چەک تەقەی لەو دوو کەسە کردووە کە چوونەتە بەنزیخانەکە و هاوکات، کەسێکی دیکە کە هیچ پەیوەندییەکی بە روداوەکەوە نەبووە لەوێوە تێپەڕیوە گوللـەی بەرکەوتووە و ئەویش گیانی لەدەستداوە.
پەیامنێری کوردسات نیوز ئەوەشی خستەڕوو، کێشەکە لەسەر پارەی بەنزین بووە و لە ئەنجامدا ئەو روداوەی لێکەوتووەتەوە
هاوکات بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی هەولێر بڵاویکردەوە، تۆمەتباری روداوەکە دەستگیرکراوە و لە ئێستاشدا بە بڕیاری دادوەر راگیراوە و لێکۆڵینەوەش لە روداوەکە بەردەوامە.
