لە سلێمانی دوو تیرۆرست دەستگیرکران کە پیلانیان بۆ ئەنجامدانی تەقینەوە لە یەکێک لە بنکەکانی بەرگری و شارستانی دانابوو، دەزگای ئاسایشی هەرێمیش دەڵێت:  یەکێک لەتیرۆریستەکان کارمەندی بنکەیەکی بەرگری شارستانی بووە

دەزگای ئاسایشی هەرێم بڵاویکردەوە، بەڕێوەبەرایەتی گشتی ئۆپراسیۆنەکانی ئاسایش، لەشاری سلێمانی دوو تیرۆریستیان دەستگیرکرد، پیلانیان ئەنجامدانی تەقینەوە بوو لەیەکێک لەبنکەکانی بەرگری شارستانی.

ئاماژەی بەوەشکرد، دوای بەدواداچوون و لێکۆڵینەوەی ورد و کۆکردنەوەی زانیاری هەواڵگری، لەئەنجامی بڵاوبوونەوەی گرتە ڤیدیۆیەک لەتۆڕەکۆمەڵاتییەکان لەبارەی هەڕەشەکردن و تەقینەوە، بەڕێوەبەرایەتی گشتی ئۆپراسیۆنەکان، دەستبەجێ توانیان لەئەنجامی بەدواداچوونەکان شوێنی تیرۆریستان لەشاری سلێمانی دەستنیشان بکەن.

ئەوەشی خستەڕوو، بەفەرمانی دادوەری لێکۆڵینەوەی ئاسایش لەڕۆژی 22 تا 24-6-2025 توانیویانە ئەو دوو تیرۆرستە دەستگیر بکەن و یەکێک لەتیرۆریستەکان کارمەندی بنکەیەکی بەرگری شارستانی بووە.

دەزگای ئاسایشی هەرێم راشیگەیاند، دوای دانپێدانان دەرکەوت تیرۆریستان بەنیازبوون لەپیلانی یەکەمدا ژەهر بکەنە ناو تانکی ئاوی خواردنەوەی یەکێک لە بنکەکانی بەرگری شارستانی سلێمانی، لەپیلانی دووەمدا لەڕێگەی لکاندنی بۆمب بە ئۆتۆمبێلی بنکەکە تەقینەوە ئەنجام بدەن، بەڵام بەڕێوەبەرایەتی گشتی ئۆپراسیۆنەکانی ئاسایش بەسەرکەوتوویی توانیان شکست بە پیلانی تیرۆریستان بهێنن و دەستگیریان بکەن.

ئاشکراشیکرد، لەئێستادا تیرۆریستان بەمادەی(2)تیرۆر دەستگیرکراون و لێکۆڵینەوە لەدۆسیەکانیان بەردەوامە.

بۆ بینینی ڤیدیۆی دانپێدانانی تیرۆرستەکان کلیک لێرە بکە..