د.یاد نەقشبەندی: بەشێكی زۆری توشبووانی شێرپەنجە لە نەخۆشخانەی هیوا چاکبوونەتەوە
محەمەد رزگار
٥ی ئابی ٢٠٢٥
لە ماوەی شەش مانگی رابردوودا زیاتر لە دوو هەزار حاڵەتی نوێی شێرپەنجە لە نەخۆشخانەی هیوا تۆمارکراون، بەڕێوەبەری نەخۆشخانەکەش دەڵێت: زۆربەی توشبووەکان خەڵکی خوارووی عیراق و شارەکانی دیکەی هەرێمن.
د.یاد نەقشبەندی بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی هیوا لە سلێمانی لە میانی بەشداریکردنی لە ستۆدیۆ هەشتی کوردسات نیوز رایگەیاند، بەهۆی قەیرانی دارایی و گرفتە سیاسییەکان داهاتی سندوقی شێرپەنجە لە سەدا 60 کەمی کردووە، سەڕەرای ئەوەش چارەسەرکردنی نەخۆش و پێدانی دەرمان پێیان لە نەخۆشخانەکە بەردەوامە.
بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی هیوا وتیشی، شاری سلێمانی پایتەختی چارەسەرە بۆ توشبووانی شێرپەنجە، هەروەها بەشێكی زۆری توشبووان لە نەخۆشخانەی هیوا چاکبوونەتەوە.
راشیگەیاند، ئەو ئامارانەی بڵاوبووەتەوە کە لەماوەی شەش مانگدا، دوو هەزار حاڵەتی توشبووی نوێ لە نەخۆشخانەی هیوا تۆمارکراون، توشبووی پارێزگاکانی دیکەی هەرێمی تێدایە و بەشێکی ئەو توشبووانەش خەڵکی ناوەڕاست و خوارووی عیراقن، نەک تەنها شاری سلێمانی.
د.یاد نەقشبەندی ئەوەشی خستەڕوو، خۆشبەختانە رێژەی توشبوون لە خوار ستانداردی جیهانییەوەیە، بەڵام دەبێت بەردەوام لە پێشکەوتندا بین بۆ چارەسەرکردن و بڵاوکردنەوەی هۆشیاری زیاتر لە کۆمەڵگەدا، هاوکات سەرەڕای زیادبوونی رێژەی توشبوون بە شێرپەنجە، لەبەرانبەردا رێژەی چاکبوونەوەش زیادیکردووە.