دەزگای لوتكە هۆشداری توند دەدات لە كۆچی نایاسایی لەرێگەی لیبیا
لاوان
٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٥
دەزگای لوتكە هۆشداری توند دەدات لە كۆچی نایاسایی لەرێگەی لیبیاوە و دەڵێت، كۆچەرانی كورد لە لیبیا لەژێر مەترسی بێسەروشوێنكردنی زۆرەملێ و ئەشكەنجە و دەستدرێژی و مامەڵەی خراپدان.
دەزگای لوتكە بۆ كاروباری ئاوارە و پەنابەران رایگەیاند، بەهۆی نەبوونی چاودێری یاساییەوە هەزاران كۆچەر لە لیبیا لەژێر مەترسی بێسەروشوێنكردنی زۆرەملێ و ئەشكەنجەدان و دەستدرێژی و مامەڵەی خراپدان، لەنێویاندا كۆچەری كورد.
ئەوەشی خستووەتەڕو، بە سەدان كۆچەر لە لیبیا لەلایەن میلیشا چەكدارەكان و گروپەكانی بازرگانیكردن بە مرۆڤەوە دەستبەسەركراون.
دەزگای لوتكە ئاماژەی بەوەشداوە، لەمساڵدا زیاتر لە 24 هەزار كۆچبەر لە دەریای ناوەڕاست گیراون و گواستراونەتەوە بۆ لیبیا، لەو وڵاتەش رەوشی زیندانەكانی كۆچبەران لەڕادەبەدەر مەترسیدارە، بە جۆرێك كۆچەران بۆ ماوەیەكی درێژخایەن دەستگیردەكرێت بەبێ ئەوەی بخرێنە بەردەم داواكاری گشتی بۆ دیپۆرتكردنەوە، ئەوەش پێشێلكردنی یاسا و مافەكانی مرۆڤە.



