قوباد تاڵەبانی، لە پەیامێکدا رایگەیاند کە دابەشبوونی دەنگی ناڕازیی هاووڵاتیان تەنها لە بەرژەوەندیی پارتی دیموکراتی کوردستاندا بووە، و داوای لێکردن لەبری پەرتەوازەبوون، دەنگ بدەن بە یەکێتی بۆ ئەوەی هێزێکی گەورە دروست ببێت کە کۆتایی بە پەراوێزخستن و نادادپەروەری بهێنێت.

قوباد تاڵەبانی لە پەیامەکەیدا کە لە پەیجی تایبەتیی خۆی لە فەیسبووک بڵاویکردووەتەوە، دانی بەوەدا ناوە کە "رێژەیەکی گەورەی خەڵک ناڕازین لە شێوازی ئیدارەدان و حکومڕانی، ناڕازین لەبەر پەراوێزخران و نادادپەروەری."

ئاماژەی بەوەشکردووە کە زۆرینەی ئەم خەڵکە لە رابردوودا بنکەی جەماوەریی یەکێتی بوون، بەڵام بەشێکیان بەهۆی "خەمساردی و بێ بەرنامەیی و ناکۆکی ناوخۆیی" یەکێتییەوە هیوابڕاو بوون. 

تاڵەبانی رونیکردووەتەوە کە "ئەم دابەشبوونەی خەڵکی ناڕازی تەنها لە بەرژەوەندیی پارتیدا بووە، چونکە پارتی نایەوێت هێزێکی گەورە لە بەرامبەر خۆیدا ببینێت و ستۆپی پێ بکات و پێی بڵێت رێگە نادەم خەڵک لەبەر هەڵوێستیان پەراوێز بخرێن."

قوباد تاڵەبانی لە کۆبوونەوەکەیدا لەگەڵ هەڤاڵانی بازنەکانی هیران و باسرمە جەختی کردەوە کە ئەگەر پێشتر لە یەکێتی ناڕازی بوون، "ئێستا یەکێتی هێزێکی تۆکمە و خاوەن بەرنامەیە" و سازش لەسەر داواکارییەکانی خەڵک ناکات.

لە کۆتاییدا، قوباد تاڵەبانی پرسیارێکی ئاراستەی خەڵکی ناڕازی کردووە: "ئایا باشتر نییە لە جیاتی دابەشبوون یان بەشدارینەکردن لە هەڵبژاردن، بە دەنگی خۆیان ئەو حیزبە بەهێزتر بکەن کە هێزی پێویستی هەیە لە کوردستان کۆتایی بە پەراوێزخستن بهێنێت و لە بەغداش کێشەکان چارەسەر بکات؟"