قوباد تاڵەبانی: بڕیاری یەکێتی بووەتە بڕیاری جەماوەرەکەی
راهۆز
٢٧ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٥
قوباد تاڵەبانی رایگەیاند، یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لەژێر سەرۆکایەتیی بافڵ تاڵەبانیدا پێداچوونەوەیەکی گەورەی بەخۆیدا کردووەتەوە و ئێستا سەرکردایەتییەکەی "زیاتر لەهەر کاتێکی تر یەکدەنگ و یەکهەڵوێستە" و سیاسەتەکانی رەنگدانەوەی ویستی جەماوەرەکەیەتی.
لە کۆبوونەوەی لەگەڵ بازنەکانی هەریر و خەلیفان، قوباد تاڵەبانی دانی بەوەدا نا کە تا چەند ساڵێک لەمەوبەر، جەماوەر و کادرانی یەکێتی "بە حەق گلەیی و رەخنەیان لە حیزبەکەیان هەبوو."
رونیکردەوە: "ئەیانوت بۆچی سەرکردایەتییەکەی یەکدەنگ و یەکهەڵوێست نییە، ئەیانوت بۆچی ئەو سەرکردایەتییە لە جەماوەرەکەی دوورکەوتووەتەوە."
تاڵەبانی جەختی کردەوە کە لەم چەند ساڵەی دواییدا، لەژێر رۆشنایی رەخنەی جەماوەردا، یەکێتی پێداچوونەوەیەکی گەورەی بەخۆیدا کردووەتەوە و وتی: "قەت سەرکردایەتیی یەکێتی وەک ئێستا یەکدەنگ و یەكهەڵوێست نەبووە. ئێستا سیاسەت و بڕیاری یەکێتی رێک بڕیار و هەڵوێستی کادران و جەماوەرەکەیەتی."
ناوبراو دووپاتیکردەوە کە ئەمە کۆتایی پرۆسەکە نییە و وتی: "هەر بەمەش ناوەستین، بڕیاری کاک بافڵ و سەرکردایەتییە کە پێداچوونەوەی زیاتر بە رێکخستنەکاندا دەکرێت بۆ ئەوەی دەرفەتی هیچ بۆشاییەک نەمێنێت و هەمووان هەست بە کاریگەریی خۆیان بکەن."
لە کۆتاییدا، قوباد تاڵەبانی وتی: "یەکێتی بڕیاری داوە حیزبی خەڵک بێت و خەڵک لە کوێ بێت، یەکێتی لەوێ دەبێت."



