دادگای تاوانەکانی سلێمانی، ئەمڕۆ دووشەممە، سزای لەسێدارەدانی بۆ دوو تۆمەتبار دەرکرد کە لە ساڵی 2024دا لە کاتی ئەرکدا کارمەندێکی پۆلیسیان بە ناوی رزگار ئەحمەد حەسەن شەهید کردبوو.

بەپێی راگەیەندراوێکی بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی پارێزگای سلێمانی، شەوی 21ی کانوونی دووەمی 2024، مەفرەزەیەکی بەشی پۆلیسی نەهێشتنی تاوان بەمەبەستی دەستگیرکردنی تاوانبارێک بە ناوی (ر،ح، ق) کە فەرمانی دەستگیرکردنی هەبوو، دەرچوون.

پۆلیس رایگەیاندووە، "دوای روبەروبوونەوەیەکی قورس، تاوانباری ناوبراو دەستگیرکرا، بەڵام لەلایەن تاوانبارێکی ترەوە بە ناوی (ژ، س، ح) تەقە لە مەفرەزەکەی پۆلیس کرا."

لە ئەنجامی تەقەکردنەکەدا، کارمەندی پۆلیس (رزگار ئەحمەد حەسەن) شەهید بوو و ئەفسەرێکی دیکەی هەمان بەش بریندار بوو. دواتر تاوانباری دووەم (ژ، س، ح) کە هەڵاتبوو، دوای ماوەیەکی کەم دەستگیرکرا.

وردەکاریی بڕیارەکەی دادگا
ئەمڕۆ دووشەممە، دادگای تاوانەکانی 3ی سلێمانی، دوای تەواوبوونی رێکارە یاساییەکان، سزای لەسێدارەدانی بۆ هەردوو تاوانبار (ژ، س، ح) و (ر،ح، ق) دەرکرد.

ژیاننامەی شەهید رزگار:
شەهید رزگار ئەحمەد حەسەن لە ساڵی 1980 لە ناوچەی گەرمیان لە خێزانێکی نیشتمانپەروەر لەدایکبووە و یازدەیەمین شەهیدی خانەوادەکەیەتی. لە ساڵی 1996ـەوە پەیوەندیی بە هێزی پێشمەرگەی کوردستانەوە کردووە و دواتر گواستراوەتەوە بۆ هێزەکانی پۆلیس. بۆ ماوەی 11 ساڵ تا کاتی شەهیدبوونی، لە بەشی پۆلیسی نەهێشتنی تاوانی سلێمانی لە ئەرکدا بووە و بە پۆلیسێکی دڵسۆز و چالاک ناسرابوو.