ئاسایشی سلێمانی دەستگیرکردنی دوو بازرگانی مادەی هۆشبەری راگەیاند
بڵند
١٩ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٥
بەڕێوەبەرایەتی گشتی ئاسایشی سلێمانی رایگەیاند، بە هەماهەنگی بەڕێوەبەرایەتی گشتی نەهێشتنی مادە هۆشبەرەکانی دەزگای ئاسایشی هەرێم، توانیویانە دوو بازرگانی مادەی هۆشبەر بە 10 کیلۆگرام کریستاڵەوە لە سنوری ئیدارەی راپەڕین دەستگیر بکەن.
ئەمڕۆ چوارشەممە، ئاسایشی گشتی سلێمانی راگەیەندراوێکی بڵاوکردوەتەوە و تێیدا هاتووە؛ بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی راپەڕین بەهەماهەنگی بەڕێوەبەرایەتی گشتی نەهێشتنی ماددە هۆشبەرەکانی دەزگای ئاسایشی هەرێم، لەچالاکییەکدا لە سنوری ئیدارەی راپەڕین دوو بازرگانی ماددەی هۆشبەریان دەستگیرکرد.
ئاماژەیان بەوەشکردوە؛ دەستگیرکردنی ئەو دوو بازرگانە لەئەنجامی کۆکردنەوەی زانیاری پێشوەختە و چاودێری ورد و بەدواداچوونی بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی راپەڕین بووە بە بڕیاری دادوەر.
ئەوەشیانخستوەتەروو؛ دوو تۆمەتبارەکە، ئەمڕۆ دەستگیرکراون و لەئێستادا بەبڕیاری دادوەر بەمادەی 25 لەیاسای بەرەنگاربوونەوەی ماددە هۆشبەرەکان و کارتێکارە ئەقڵییەکان راگیراون و لێکۆڵینەوە لەدۆسییەکانیان بەردەوامە.



