وەزارەتى خوێندنى باڵای هەرێم ئاشکرایکرد، دەرگاى پێشکەشکردن بۆ وەرگرتن لە زانکۆکانى ناوەڕاست و باشورى عیراق کرایەوە و 400 کورسی 

وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی حکومەتی هەرێم بڵاویکردەوە، دەرچووانى دوانزەى ئامادەیی هەرێمى کوردستان (2024-2025)، لە ئێستاوە دەتوانن بە ئۆنڵاین داواکارى بۆ وەرگرتن لە زانکۆکانى ناوەڕاست و باشورى عیراق پێشکەش بکەن، هەروەها دەرچووانى دوانزەى ئامادەیی ناوەڕاست و باشورى عیراقیش بەهەمان شێوە دەتوانن لە ئێستاوە بە ئۆنڵاین داواکارى بۆ وەرگرتن لە زانکۆکانى هەرێمى کوردستان پێشکەش بکەن.

ئاماژەی بەوەشکرد، لە ئەنجامى هەماهەنگى نێوان وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى هەرێم لەگەڵ وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى حکومەتى فیدرال، بڕیاردرا بە دابینکردنى (400) کورسى خوێندن لە زانکۆ و پەیمانگەکانى ناوەڕاست و باشورى عیراق بۆ خوێندکارانی دوانزەى ئامادەیی هەرێمى کوردستان، بەپێچەوانەوەش دابینکردنى (400) کورسى خوێندن لە زانکۆ و پەیمانگەکانى هەرێمى کوردستان بۆ خوێندکارانی دوانزەى ئامادەیی ناوەڕاست و باشورى عیراق.

وەزارەتی خوێندنی باڵا راشیگەیاند، بۆ ئەو مەبەستە لە ئێستاوە سەرجەم دەرچووانى دوانزەى ئامادەیی هەرێمى کوردستان و ناوچەکانى دیکەى عیراق لە رێگەى لینکى هاوپێچ لە وێبسایتى زانکۆلاین دەتوانن لە داواکارى پێشکەش بکەن.

دەرچوانى دوانزەى ئامادەیی هەرێمى کوردستان لە ڕێگەى لینکى (regayzanko.com) داواکارى بۆ وەرگرتن لە زانکۆ و پەیمانگەکانى ناوەڕاست و باشورى عیراق تاکو رۆژى سێشەممە 25ـی11ـی2025 دەتوانن پێشکەش بکەن.

هەروەها دەرچوانى دوانزەى ئامادەیی ناوەڕاست و باشورى عیراق لە رێگەى لینکى (regayzanko.com) داواکارى بۆ وەرگرتن لە زانکۆ و پەیمانگەکانى هەرێمى کوردستان تاکو رۆژى سێشەممە 25ـی11ـی2025دەتوانن پێشکەش بکەن.