ئەمڕۆ 28ـەمین فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی گەلاوێژ لە سلێمانی دەستپێدەکات
محەمەد رزگار
٢٠ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٥
ئەمڕۆ سەعات 3ـی پاشنیوەڕۆ 28ـەمین فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی گەلاوێژ لە سلێمانی دەستپێدەکات و بۆ ماوەی سێ رۆژ بەردەوام دەبێت.
د. ئیبتیسام ئیسماعیل سەرۆکی بنکەی روناکبیری گەلاوێژ لە میانی بەشداریکردنی لە بەرنامەی بەیانی کوردسات نیوز رایگەیاند، ئەمڕۆ بە ناونیشانی "با داهێنانەکان لەپێناو جوانی و بەها مرۆییەکاندا بن" فێستیڤاڵەکە بەڕێوەدەچێت، کە لەلایەن دەزگای میدیای کوردسات و بنکەی روناکبیری گەلاوێژەوە بەڕێوەدەبرێت، ئاماژەی بەوەشکرد، لە ئێستادا ئامادەکاری تەواو بۆ دەستپێکردنی فێستیڤاڵەکە کراوە، کەتێیدا پیشانگەی کتیب و شێوەکاری ئامادەکراوە و لە سەعات سێی پاشنیوەڕۆ لە تەلاری هونەر فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی گەلاوێژ دەستپێدەکات.
وتیشی، لەمساڵدا تەوەری سەرەکی فێستیڤاڵەکە زیرەكی دەستكرد و كاریگەری لەسەر دنیای روناكبیرییە، هاوکات میوانەکان لە هەر چوار پارچەی کوردستان و عیراق و وڵاتانی ناوچەکە و جیهانیش، بانگهێشت کراون و بەشداری فێستیڤاڵەکە دەبن و بابەتەکانیان پێشکەش دەکەن.
د. ئیبتیسام ئیسماعیل راشیگەیاند، لە پەراوێزی فێستیڤاڵەکە پێشانگەیەکی کاری دەستی دراوەتە ژنان، بۆ ئەوەی تواناکانی خۆیان دەربخەن.
جێگەی ئاماژەیە، کارەکانی 28ـەمین فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی گەلاوێژ لە ئەمڕۆوە تاوەکو 22ـی مانگ بەردەوامدەبێت، هاوکات ژمارەیەکی زۆر لە میوانی ناوخۆ و بیانی تێیدا بەشداردەبن.



