کوردستانکوردستان

قایمقامیەتی قەزای چەمچەماڵ ئاگاداری ئەو هاووڵاتیانە دەکاتەوە کە بەهۆی لافاوەکەی چەند رۆژی رابردووەوە ئۆتۆمبێلەکانیان زیانی بەرکەوتووە، لە سبەینێوە دەتوانن سەردانی لیژنەی تایبەتمەند بکەن بۆ تۆمارکردنی زیانەکانیان.

بەپێی فەرمانێکی کارگێڕی کە ئەمڕۆ پێنجشەممە بە ژمارە (4422) و بە ئیمزای رەمک رەمەزان، قایمقامی قەزای چەمچەماڵ دەرچووە، بڕیاردراوە بە پێکهێنانی لیژنەیەکی هاوبەش بە مەبەستی تۆمارکردنی ئەو ئۆتۆمبێلانەی کە بەهۆی لافاوی رۆژی (9/12/2025)ـەوە زیانیان بەرکەوتووە.

لە فەرمانەکەدا هاتووە، لیژنەکە لەسەر فەرمانی نووسینگەی قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆک وەزیرانی هەرێم پێکهێنراوە و نوێنەرانی (هاتوچۆ، قایمقامیەت، پۆلیس، ئاسایش و بەرگری شارستانی) تێیدا ئەندامن.

قایمقامیەتی چەمچەماڵ داوا لەو هاووڵاتیانە دەکات کە ئۆتۆمبێلەکانیان زیانی بەرکەوتووە، سبەی هەینی سەعات (9:00)ـی سەرلەبەیانی تاوەکو کۆتایی هەفتە، سەردانی بەڕێوەبەرایەتیی هاتوچۆی چەمچەماڵ بکەن، بە مەبەستی تۆمارکردنی زیانەکانیان لەلایەن لیژنەکەوە.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆک وەزیران پەیامی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانی گەیاندە کونسوڵی بەریتانیا و رایگەیاند، ئامادەن بۆ گفتوگۆی پێکهێنانی حکومەت بە مەرجی "هاوبەشیی راستەقینە"، هاوکات پلانی حکومەت بۆ زیانلێکەوتووانی لافاوەکەی گەرمیان و چەمچەماڵ ئاشکرا دەکات.

ئەمڕۆ پێنجشەممە، قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆک وەزیرانی هەرێم پێشوازی لە ئەندرۆ بیزڵی، کونسوڵی گشتیی بەریتانیا کرد. دۆسیەی لافاوەکەی ئەم دواییەی ناوچەکانی چەمچەماڵ و گەرمیان و چۆنیەتی قەرەبووکردنەوەی زیانلێکەوتووان، تەوەرێکی سەرەکیی دیدارەکە بوون.

لە دیدارەکەدا کونسوڵی گشتیی بەریتانیا پرسە و هاوخەمی خۆی ئاراستەی خانەوادەی قوربانیان و زیانلێکەوتووانی لافاوەکە کرد. لە بەرامبەردا قوباد تاڵەبانی دڵنیایی دا کە حکومەت دەستەوەستان نابێت و هەموو رێوشوێنێکی پێویستی گرتووەتەبەر بۆ ئەوەی خێزانە زیانلێکەوتووەکان بگەڕێنەوە سەر ماڵ و حاڵی خۆیان.

جێگری سەرۆک وەزیران وتیشی: "هەنگاوی پێویست دەگرینەبەر بۆ رێگریکردن لە دووبارەبوونەوەی هەر روداوێکی هاوشێوە لە داهاتوودا."

لە بەشێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا، گفتوگۆکان بەرەو پرسی پێکهێنانی حکومەتی داهاتووی هەرێم و عیراق وەرچەرخان.

سەبارەت بە کابینەی نوێی هەرێم، قوباد تاڵەبانی بە راشکاوی هەڵوێستی حزبەکەی بۆ کونسوڵی بەریتانیا روونکردەوە و جەختیکردەوە، یەکێتی دەرگای دانەخستووە و ئامادەیە بۆ دەستپێکردنەوەی گفتوگۆکان، بەڵام بە دیدێکی روونەوە کە بریتییە لە "پێکهێنانی حکومەتێک لەسەر بنەمای پرەنسیپی هاوبەشیی راستەقینە کە بەبێ جیاوازی خزمەتی هەموو کوردستان بکات".

سەبارەت بە بەغداش، قوباد تاڵەبانی ئاماژەی بە سەردانەکەی ئەم دواییەی وەفدی باڵای یەکێتی بۆ پایتەختی عیراق کرد و رایگەیاند، دید و بەرنامەی یەکێتی بۆ لایەنە عیراقییەکان روونکراوەتەوە.

قوباد تاڵەبانی وتی: "جەختمان کردووەتەوە لەسەر پێویستیی پێکهێنانی حکومەتێکی بەهێز، حکومەتێک کە بتوانێت کێشەکانی عیراق و لەناویشیاندا کێشەکانی نێوان هەرێم و بەغدا بە لێکتێگەیشتن و بەپێی دەستوور چارەسەر بکات".

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

بەرێوەبەرایەتی بەرگری شارستانی هەرێمی كوردستان رایگەیاند ، لیژنەی تایبەت بۆ هەڵسەنگاندنی زیانەكانی لافاوەكەی چەند رۆژی رابردوو پێكهێنراوە و زیانە گیانیانیەكانیش سێ حاڵەتی گیان لەدەستدان و 12 برینداربوون بووە .  

سەركەوت كارەش وتەبێژی بەرگری شارستانی هەرێم بە كوردسات نیوزی راگەیاند ،  لە چەند رۆژی رابردوودا سەرجەم تیمەكانی بەرگری شارستانی لە حاڵەتی ئامادەباشیدا بوون بۆ بەهاناوەچونی هاووڵاتیان و وتی ، زیانەكان زۆرن و لە ئێستادا لیژنەی تایبەتمەند بۆ هەڵسەنگاندنی زیانەكان پێكهێنراوە و دواتر بۆ رای گشتی رادەگەیەنرێت .

زیانە گیانییەكانیش بەهۆی لافاوەكەوە 3 حاڵەتی گیان لەدەستدان بوە لە گەرمیان و چەمچەماڵ و ناحیەی شۆرش  و 12 برینداریش لە سنوری قەزای چەمچەماڵ هەبووە .

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

عومرەکارێکی کورد لە شاری مەککە کۆچی دواییکرد، کە هاووڵاتییەکی شاری دهۆکە و تەمەنی 64 ساڵە.

كاروان ستونی وته‌بێژی حه‌ج وعومره‌ی كوردستان بە کوردسات نیوزی‌ راگه‌یاند، بەرەبەیانی ئەمرۆ عومرەکارێکی کورد بەناوی 'مەجید ئەحمەد عەبدوڵا'، لە سعودیە کۆچی دواییکرد.

وتیشی، ئەم عومرەکارە خەڵکی شاری دهۆكه‌، ته‌مه‌نی له‌ سه‌رووی 64 ساڵییه‌وه‌ بووه‌، ئه‌مرۆ له‌ شاری مه‌ككه‌ كۆچیدوایی كردووه‌ و بڕیاریشە هەر لە شاری مەککە بەخاک بسپێردرێت.

کاروان ستونی ئەوەشی خستەڕوو،‌ به‌وته‌ی كه‌سوكاره‌كه‌ی له‌ گه‌ڵدا هاوسه‌فه‌ربوون ئه‌م عومره‌كاره‌ پێشتر له‌ كوردستان نه‌شته‌رگه‌ری چاندنی گورچیله‌ی بۆ ئه‌نجام دراوه‌ و ته‌ندروستی جێگیر بووه‌، دوای گه‌شتكردنی بۆ سعودیه‌ له‌ شاری مه‌ككه‌ تووشی جه‌ڵته‌ی دڵ ده‌بێت و دوای مانه‌وه‌ی بۆ ماوه‌ی حەوت سەعات له‌ نه‌خۆشخانهیەکی مه‌ككه‌ كۆچی دوایی ده‌كات.

هاوکات بەپێی ئامارەکانی حەج و عومرەی کوردستان، لە سەرەتای ئەمساڵەوە ئەمە دوازدەهەمین عورەکاری کوردستانە لە سعودییە کۆچی دواییکردووە.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

بەپێی پێشبینییەکانی کەشناسی لە 48 سەعاتی داهاتوودا باران بارین دەستپێدەکات و ئەگەری بەفربارینیش هەیە.

بەڕێوەبەرایەتی گشتی کەشناسی هەرێم لە پێشبینییەکانی بۆ ئەمڕۆ و سبەینێ بڵاوکردەوە و رایگەیاند، ئەمڕۆ ئاسمان بەگشتی لەنێوان هەوری تەواو و نیمچە هەور دەبێت لەکاتەکانی دوایی نیوەرۆ تا ئێوارە ئەگەری نمە بارانی کەم کەم هەیە.

ئەوەشی خستەڕوو، لە ناوچە شاخاوییەکانی سنوری ئیدارەی سۆران بڕێكی کەم بەفر دەبارێت .

کەشناسی هەڕێم ئەوەشی خستەڕوو، سبەینی هەینی ئاسمان هەوری تەواو دەبێت لەکاتەکانی بەیانی زوو نمە باران لەناوچە سنوریەکانی رۆژئاوا و ناوچە شاخاویەکانی باکور دەست پێدەکات.

راشیگەیاند، پاشان کاریگەری درێژ دەبێتەوە بۆ تەواوی ناوچەکانی هەرێم هەروەها بەفر لەناوچە شاخاویە بەرزەکان دەبارێت زیاتر لەناوچە سنوریەکان.

کەشناسی ئاشکراشیکرد، کاریگەری ئەم شەپۆلە دابارینە بەردەوامی دەبێت بۆ رۆژی شەممە بەتایبەتی لەناوچەکانی سنوری رۆژهەڵات (پارێزگای سلێمانی و هەڵەبجە).

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

لەسەر بڕیار و راسپاردەی بافڵ جەلال تاڵەبانی و قوباد تاڵەبانی مەکتەبی ئیدارەو دارایی گشتی یەکێتی، هەڵمەتێکی بەرفراوانیان لەتەواوی شەقام و کۆڵانەکان شاری چەمچەماڵ دەستیپێكرد بۆ بە هاناوەچوونی زیانلێکەوتووانی شارەکە و پاککردنەوەی شارەکە.

نەهرۆ محەمەد نوێنەری ئیدارە دارایی گشتی یەکێتی لە لێدوانێکدا بۆ کوردسات نیوز رایگەیاند، لەسەر راسپاردەی بافڵ جەلال تاڵەبانی سەرۆکی یەکێتی و قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆک وەزیرانی هەرێم، هەڵمەتی پاککردنەوە و لابردنی پاشماوەی لافاوەکەی چەمچەماڵ دەستیپێکرد.

وتیشی، بە زیاتر لە 250 کارمەند و 110 ئامێر هەڵمەتەکە دەستیپێکردووە، دەشڵێت؛ تیمەکانیان لە هەموو شوێنەکان دەستبەکاربوونەوە.

نوێنەری ئیدارە دارایی گشتی یەکێتی ئەوەشی خستەڕوو، بەپێی ئەو پلانەی دانراوە ئەمڕۆ هەموو ناوچەکان پاکدەکەنەوە.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

بەڕێوەبەرایەتی گشتیی کەشناسی و بوومەلەرزەزانی هەرێم رایگەیاند، کاریگەریی ئەو شەپۆلە بارانبارینەی رووی لە ناوچەکە کردووە روو لە لاوازبوون دەکات، بەڵام نمەباران لە ناوچە شاخاوییەکان بەردەوام دەبێت.

بەڕێوەبەرایەتییەکە لە راپۆرتێکدا کە وێنەیەکی دەست کوردسات نیوز کەوتووە، ئاماژەی بەوەکردووە، ئەمشەو و سبەی پێنجشەممە هەرێمی کوردستان لەژێر کاریگەریی ناسەقامگیرییەکی لاوازی نزمە پەستانی دەریای سپی ناوەڕاستدا دەمێنێتەوە.

بەپێی راپۆرتەکە، پێشبینی نمەبارانی پچڕپچڕ دەکرێت بەتایبەتی لە ناوچە شاخاوییەکان، لەگەڵ بارینی بەفرێکی کەم لە ناوچە سنورییەکانی باکور و باکوری رۆژهەڵات.

کەشناسی روونیکردووەتەوە، لە سنوری پارێزگای دهۆک و ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ نمەباران دەبارێت و پێشبینی دەکرێت بەیانیی سبەی پێنجشەممە لە ناوچەکانی قەسرۆک و بەردەڕەش زۆرترین بڕ ببارێت کە دەگاتە نزیکەی 4 بۆ 6 ملم.

سەبارەت بە پارێزگاکانی هەولێر، سلێمانی، هەڵەبجە، کەرکوک و ئیدارەکانی سۆران، راپەڕین و گەرمیان، پێشبینی کەمترین بڕی نمەباران دەکرێت کە لە نێوان 0.2 بۆ 1 ملم دەبێت.

بەڕێوەبەرایەتییەکە ئەوەشی خستووەتەڕوو، کاریگەریی ئەم شەپۆلە تا رۆژی هەینی روو لە کەمبوونەوە دەکات و لەو ماوەیەشدا پلەکانی گەرما گۆڕانکاریی ئەوتۆیان بەسەردا نایەت.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

حکومەتی هەرێمی کوردستان راپۆرتی تایبەت بە زیانەکانی شەپۆلی بارانبارین و لافاوەکەی چەند رۆژی رابردووی بڵاوکردەوە و ئاشکرای دەکات، جگە لە زیانی ماددیی زۆر، لە چەمچەماڵ، گەرمیان و کەرکوک چوار هاووڵاتی گیانیان لەدەستداوە.

فەرمانگەی میدیا و زانیاریی حکومەتی هەرێم، ئاماری زیانەکانی ئەو شەپۆلە بارانبارینەی بڵاوکردەوە کە لە رۆژانی 8 و 9ی کانوونی یەکەمی 2025 ناوچە جیاجیاکانی گرتەوە، بەپێی راپۆرتەکە زۆرترین رێژەی بارانبارین و زیانەکان لە سنوری پارێزگای سلێمانی و ئیدارەی گەرمیان بووە.

بەپێی راپۆرتەکە، بەهۆی لافاوەکەوە لە قەزای چەمچەماڵ دوو هاووڵاتی گیانیان لەدەستداوە و دوو کەسی دیکە بریندار بوون و کەسێکیش بێسەروشوێنە، لە قەزای کەلار منداڵێک و لە کەرکوکیش منداڵێکی تەمەن حەوت ساڵ بەهۆی لافاوەوە خنکاون. هەروەها لە سنوری بالیسانی پارێزگای هەولێر بەهۆی هەورەبروسکەوە شەش پێشمەرگە بریندار بوون.

لە راپۆرتەکەدا هاتووە، لە چەمچەماڵ و تەکیە رێژەی بارانبارین زۆر بەرزبووە و گەیشتووەتە سەرووی 170 ملم، بەو هۆیەوە 500 ماڵ لە چەمچەماڵ و دەیان ماڵ لە سلێمانی و بازیان زیانیان بەرکەوتووە، هەروەها لە ناحیەی شوان 400 حەوزی ماسی لەناوچوون.

گەرمیان و کەرکوک:

لە سنوری ئیدارەی گەرمیان، زیانێکی زۆر بەر بازاڕی قەزای رزگاری کەوتووە و پردی نێوان هەردوو قەزای کەلار و رزگاری پچڕاوە، لەگەڵ تێکشکانی پرۆژەی ئاودێری سەلام. لە کەرکوکیش جگە لە گیانلەدەستدانی منداڵێک، پردێکی ستراتیژی لە قەزای داقوق داڕماوە کە هاتوچۆی نێوان کەرکوک و بەغدای پەکخستووە.

هەولێر، دهۆک و هەڵەبجە:

لە پارێزگای هەولێر بەهۆی لێڵبوونی ئاوەوە، پرۆژەکانی ئاو لەسەر زێی گەورە بۆ ماوەی 24 بۆ 48 سەعات راگیراون. لە هەڵەبجەش بەهۆی بارانەوە پشووی رەسمی لە خوێندنگە و زانکۆکان راگەیەندراوە.

سۆران و راپەڕین:

لە ئیدارەی سۆران و راپەڕین بەفرێکی زۆر باریوە، بەو هۆیەوە دەروازەی کێلێ بە تەواوی داخراوە و جووڵەی بازرگانی راگیراوە، لە دەڤەری باڵەکایەتی و چۆمانیش بەفر رێگەوبانەکانی گرتووە.

حکومەتی هەرێم ئاماژەی بەوەکردووە، لیژنەی قەرەبووکردنەوەی زیانلێکەوتووان دەستبەکار بووە و لە رێگەی تیمەکانەوە هاوکارییەکان دابەش دەکرێن.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

حەمەی حەمە سەعید، وەزیری رۆشنبیری و لاوانی حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، بەهۆی لافاوەکەوە زیانێکی زۆر بەر کتێبخانەی گشتیی چەمچەماڵ کەوتووە و بە زووترین کات نۆژەنی دەکەنەوە.

وەزیری رۆشنبیری و لاوان لە پەیامێکدا ئاماژەی بەوەکردووە، بەهۆی لافاوەکەی دوێنێوە، بەڕێوەبەرایەتی رۆشنبیری و کتێبخانەی گشتیی چەمچەماڵ زیانێکی زۆریان بەرکەوتووە، بەشێکی زۆری کتێبەکان تەڕ بوون و کەوتوونەتە ژێر لیتە و هۆڵەکانی خوێندنەوەش زیانیان پێگەیشتووە.

ئەوەشی خستووەتەڕوو، هەوڵی جددی دەدەن و کار بۆ ئەوە دەکەن بە زووترین کات کتێبخانەکە نۆژەن بکرێتەوە و سەرجەم پێداویستییەکانی دابین بکرێنەوە.

حەمەی حەمە سەعید هاوخەمیی خۆیشی بۆ کەسوکاری قوربانیانی لافاوەکەی چەمچەماڵ، تەکیە و سنوری پارێزگای کەرکوک دەربڕی.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە
 
قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆک وەزیرانی هەرێم سەردانی قەزای چەمچەماڵی کرد و رایگەیاند، دوو بڕیاری بەپەلەیان دەرکردووە کە یەکێکیان تایبەتە بە قەرەبووکردنەوە و ئەوی دیکەشیان پێکهێنانی لیژنەی لێکۆڵینەوەیە.

قوباد تاڵەبانی لە میانی بەسەرکردنەوەی زیانلێکەوتووانی لافاوەکەی چەمچەماڵ ئاماژەی بەوەکرد، قەبارەی وێرانکاری و زیانەکانی لافاوەکەی رۆژی رابردوو دڵتەزێنە، پرسە و سەرەخۆشی لەو خێزانانە دەکەن کە ئازیزانیان لەدەستداوە و پشتیوانی تەواوی زیانلێکەوتووان دەبن.

جێگری سەرۆک وەزیران ئاشکرایکرد، بۆ هاوکاریکردنی زیانلێکەوتووان و رێگریکردن لە دووبارەبوونەوەی روداوی هاوشێوە، دوو بڕیاری بەپەلەیان دەرکردووە؛ بڕیاری یەکەم بریتییە لە دامەزراندنی یەکەیەکی فریاکەوتنی خێرای مرۆیی و چاکبوونەوە، کە ئەرکی دابینکردنی خێرای پێداویستییەکان، شوێنی حەوانەوە، خۆراک و ئاوی پاک دەبێت بۆ زیانلێکەوتووان، هەروەها هەماهەنگی لەنێوان حکومەت و کەرتی تایبەت و رێکخراوەکان دەکات بۆ ئاساییکردنەوەی خزمەتگوزارییەکان.

لەبارەی بڕیاری دووەمیشەوە قوباد تاڵەبانی رایگەیاند، لیژنەی لێکۆڵینەوەیان پێکهێناوە بۆ ئەوەی بە شێوەیەکی زانستی لێکۆڵینەوە لە کەمتەرخەمییەکان بکات و رێوشوێنی پێویست بۆ رێگریکردن لەم جۆرە روداوانە لە داهاتوودا دیاری بکات.

قوباد تاڵەبانی دڵنیایی دایە دانیشتوانی چەمچەماڵ، شۆڕش، پیریادیەکان و گەرمیان کە بە تەنها جێیان ناهێڵن و وتی: "ئەمڕۆ سەرنجمان لەسەر یارمەتیدانی گەلەکەمانە، سبەینێ بەدوای راستییەکاندا دەگەڕێین و لێپرسینەوە لە هەر کەمتەرخەمییەک دەکەین".
بەردەوامبە لە خوێندنەوە

وەزارەتی پەروەردەی حکومەتی هەرێمی کوردستان بڕیاریدا تاقیکردنەوەکانی وەرزی یەکەمی خوێندن لە سنوری قەزای چەمچەماڵ بۆ مانگی یەکی ساڵی 2026 دوا بخات.

سامان سیوەیلی، وتەبێژی وەزارەتی پەروەردە رایگەیاند، لەپێناو بەرژەوەندی گشتیی مامۆستایان و خوێندکاران و کەسوکاریان، وەزارەتەکەیان بەڕێوەبەرایەتی گشتیی پەروەردەی سلێمانی راسپاردووە بە دواخستنی تاقیکردنەوەکان.

ئاماژەی بەوەشکردووە، بەپێی بڕیارەکە تاقیکردنەوەکانی وەرزی یەکەمی ناوەندەکانی خوێندن لە سنوری قەزای چەمچەماڵ بۆ مانگی 1ی ساڵی 2026 دواخراون.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

رێبوار تەها، پارێزگاری کەرکوک رایگەیاند، بەهۆی خراپیی کەشوهەواوە بڕیاریانداوە سبەی پێنجشەممە دەوامی رەسمی لە سەرجەم فەرمانگەکان و ناوەندەکانی خوێندن رابگیرێت.

لە راگەیەندراوێکدا پارێزگاری کەرکوک ئاماژەی بەوەکردووە، بڕیارەکە سەرجەم خوێندنگە و کۆلێژ و فەرمانگەکانی پارێزگا دەگرێتەوە.

ئەوەشی خستووەتەڕوو، پشووەکە تیمە خزمەتگوزارییەکان و شانەی قەیران و کارەساتەکان ناگرێتەوە و ئەوان لەسەر کارەکانیان بەردەوام دەبن.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

وەزیری پەروەردەی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە وەڵامی داواکارییەکی دانیشتوانی چەمچەماڵ و ناحیەکانی سنورەکەدا رایگەیاند، دەسەڵاتی داوە بە بەڕێوەبەرایەتی پەروەردە رەچاوی دۆخی مامۆستایان و خوێندکاران بکەن.

رانکۆ بەکر، لە بەرنامەی (پرسی رۆژ)ـی کەناڵی کوردسات نیوز، داواکاری و نیگەرانیی هاووڵاتیانی قەزای چەمچەماڵ و ناحیەکانی سنورەکەی گەیاندە لایەنە پەیوەندیدارەکان.

لە وەڵامدا، ئالان حەمە سەعید، وەزیری پەروەردەی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە پەیجی رەسمی کوردسات نیوز وەڵامی داواکارییەکەی دایەوە و رایگەیاند: "گفتوگۆمان لەگەڵ مامۆستا نەژاد کردووە و دەسەڵاتمان پێداون کە رەچاوی دۆخەکە بکەن".

وەزیری پەروەردە جەختیکردووەتەوە، پێدانی ئەو دەسەڵاتە لەپێناو پاراستنی بەرژەوەندی مامۆستایان و خوێندکارانی سنورەکەدایە.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

دوای ئەوەی بە مەیدانی سەردانی قەزای چەمچەماڵی کرد، بە مەبەستی بەدواداچوون بۆ هۆکارەکانی لافاوەکەی چەمچەماڵ و لێکۆڵینەوە لە کەمتەرخەمییەکانی لایەنە پەیوەندیدارەکان، قوباد تاڵيبانی رایگەیاند، ئەمڕۆ رۆژی تۆمەتبەخشینەوە نییە و رۆژی ئەوەیە هەموومان چەمچەماڵی بین، جەختیکردەوە کاری لەپێشینەیان پاراستنی ژیانی خەڵکی چەمچەماڵە و دواتر یارمەتیدانی ئەو کەسانەی زیانیان پێگەیشتوە.

ئەمرۆ چوارشەممە، لە کۆنفرانسکی رۆژنامەوانیدا قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆک وەزیرانی هەرێم رایگەیاند، هاوخەمی کەسوکاری قوربانیانن و بەڵێن بەخەڵکی چەمچەماڵ دەدەن لەگەڵیاندان و ناهێڵن لەوە زیاتر توشی نارەحەتیی ببنەوە، بۆ ئەو مەبەستەش یەکەیەکی فریاگوزاری خێرایان پێکهێناوە بۆ چارەسەرکردنی گرفتەکانی چەمچەماڵ.

قوباد تاڵەبانی ئەوەشی خستەڕوو، دوو لیژنەیان پێکهێناوە بۆ لێکۆڵینەوە لە روداوەکە، یەکیان بۆ فریاگوزاری خێرا و لیژنەیەکیش بۆ لێکۆڵینەوە لە هۆکاری روداوەکە و دوپاتیکردەوە هەرکەسێک کەمتەرخەم بووبێت لێپرسینەوەی لەگەڵدا دەکرێت و بە کاتیش شوێنی گونجاو بۆ مانەوەی ئەو کەسانە دابین دەکەن، کە زیان بە ماڵەکانیان گەیشتووە.

ئاماژەی بەوەشکرد، بۆ پرسی خوێندنیش، لەگەڵ وەزارەتی پەروەردە لەسەر هێڵن تا زیانەکان کاریگەریی لەسەر خوێندکاران دروست نەکات.

جەختیشیکردەوە سندوقێکی هاوکاریی بۆ قەرەبووکردنەوەی زیانلێکەوتووانی لافاوەکەی چەمچەماڵ دروست دەکەن، چونکە روبەڕوبوونەوەی ئەم جۆرە روداوانە پێویستی بەکاری هەرەوەزییە.

 لە کۆتاییشدا قوباد تاڵەبانی سوپاسی هێزە ئەمنییەکان و تیمە فریاگوزاریەکانی کرد و رایگەیاندك هەر ئەو کارانەیان لێ چاوەڕوان دەکرێت و سوپاسی هەموو ئەو لایەنانەی کرد، کە دەستی هاوکارییان بۆ چەمچەماڵ درێژ کردوە.

 

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

خانمی یەکەمی عیراق پەیامێکی هاوخەمی بۆ کۆچی دوایی نەجم هۆگر بڵاوکردەوە، رایگەیاندوە؛ بەبیستنی هەواڵی ماڵئاوایی یەکجارەکی نەجمەدین تۆفیق عەلی، ناسراو بە (نەجم هۆگر)  زۆر غەمباربووم. و پرسەو سەرەخۆشش لەخێزانەکەی دەکات.

 

 دەقی راگەیەندراوەکەی خانمی یەکەمی عیراق:

خانمی یەکەمی عێراق پەیامێکی هاوخەمی بۆ کۆچی دوایی نەجم هۆگر بڵاوکردەوە، کەئەمە دەقەکەیەتی: 

بەبیستنی هەواڵی ماڵئاوایی یەکجارەکی نەجمەدین تۆفیق عەلی، ناسراو بە (نەجم هۆگر) ، زۆر غەمباربووم. 

بەم کۆچە، گەلەکەمان ئەستێرەیەکی درەوشاوەی دنیای هونەر و دراما و شانۆ، شاعیر و نوسەرێکی بەتوانای لەدەستچوو کەدەیان شاکاری پێشکەشی کۆمەڵگە کردبوو. 

بۆ ئەم خەمە پرسەو سەرەخۆشی لەخێزان و کەسوکارەکەی ئەکەم، هاوبەشی خەم و پەژارەیانم.

خواى گەورە لەکۆچکردوو خۆش بێت، وجێگەی بەهەشت بێت، سەبرو ئارامی بەهەمووان ببەخشێت و ئەمە دوایین ناخۆشیمان بێت.

شاناز ئیبراهیم ئەحمەد

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

لە دوای دوو رۆژ لەو شەپۆلەی بارانبارینەی، کە بەشێک لە ناوچەکانی هەرێمی گرتوەتەوە، بەڕێوەبەرایەتی بەنداوەکانی هەرێم رایگەیاند، لە 48 سەعاتی رابردودا، زیاتر لە 100 ملیۆن مەتر سێ جا ئاو لە بەنداوەکانی دوکان و دەربەندیخان زیادی کردوە، ئاماژەی بەوەش کرد تەواوی بەنداوە بچوکەکان لە سنوری پارێزگای سلێمانی  سەرڕێژیان کردوە.

ئەمڕۆ چوارشەممە، لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ کوردسات نیوز، رەحمان خانی بەرێوەبەری گشتی بەنداوەکانی هەرێم رایگەیاند، بەهۆی ئەو شەپۆلە بارانبارینەی لە 48 سەعاتی رابردودا هەرێمی گرتوەتەوە، ئاستی ئاویی هەریەکە لە بەنداوەکانی دوکان و دەربەندیخان بە شێوەیەکی باش بەرز بوەتەوە.

ناوبراو رایگەیاند، بەگوێرەی داتاکان تەنها لە 48 سەعاتی رابردودا  بەنداوی دوکان 70 سانتیمەتر و بەنداوی دەربەندیخانیش 150 سانتیمەتر  ئاستی ئاوەکەیان بەرز بوەتەوە، تەنها لەو دوو بەنداوەدا زیاتر لە 100 ملیۆن مەتر سێ جا ئاو زیادی کردوە.

لەبارەی بەنداوە بچوک و  پۆندەکانیشەوە، رەحمان خانی رایگەیاندوە، هەر هەموویان پڕبون  و سەرڕێژیان کردوە.

ئەمە لە کاتیكدایە، کەشناسی هەرێم رایگەیاندوە، لە دوانیوەریۆی ئەمڕۆوە کاریگەری ئەو شەپۆلە بارانبارینەی ناوچەکانی هەرێمی گرتوەتەوە بەرەو کۆتایی دەچێت و نمە باران لە چەند ناوچەیەک بەردەوامی دەبێت.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە
1...117118119120121...992