کەشناسی هەرێم پێشبینی بۆ 24 سەعاتی داهاتووی کەشوهەوا بڵاوکردەوە و بەگوێرەی پێشبینییەکانیش کەشی ئەمڕۆی ناوچەکە بە گشتی ئاسمان هەور و هەندێ کات نیمچە هەور دەبێت، کاریگەری ئەو شەپۆلی بارانبارینەی رووی لە ناوچەکە کردوە بەرەو کۆتایی دەچێت، بەڵام ناجێگیری کەشوهەوا لە چەند ناوچەیەک بەردەوامی دەبێت.
ئەمڕۆ چوارشەممە، بەڕێوەبەرایەتی گشتی کەشناسی و بوومەلەرزەزانی هەرێم رایگەیاندوە؛ پلەکانی گەرما نزیکدەبن لە تۆمارکراوەکانی دوێنێ و شەپۆلی بارانبارینەکە بەرەو کۆتایی دەچێت و ئەگەری باران بارین لە سنووری پارێزگای هەولێر و بەشێک لە سنووری پارێزگای دهۆک لەکاتی جیا جیا دەبێت .
ئاماژەیان بەوەشکردوە؛ کاریگەری ئەم شەپۆلەی باران بارینە لە سنووری پارێزگاکانی سلێمانی و هەڵەبجە و ئیدارەی گەرمیان لەکاتەکانی پێش نیوەڕۆی ئەمڕۆ چوارشەممە کۆتایی دێت و ئەوەی ئەمێنێتەوە ئەگەری نمە بارانە لە ناوچە جیاجیاکان.
لەبارەی کەشی سبەینێ پێنج شەممەشەوە کەشناسی رایگەیاندوە؛ ئاسمان نیمچە هەور دەبێت و لە ناوچە شاخاوییەکان هەندێ کات دەگۆڕێت بۆ هەوری تەواو و ئەگەری نمە باران لە هەندێ کاتدا دەبێت، پلەکانی گەرماش بەراورد بە تۆمارکراوەکانی ئەمڕۆ کەمێک بەرزدەبنەوە.
بەرزترین پلەکانی گەرمای پێشبینیکراو بە پلەی سیلیزییش بەمشێوەیە دەبێت؛
هەولێر : 14 پلەی سیلیزی
سلێمانی : 14 پلەی سیلیزی
دهۆک : 14 پلەی سیلیزی
زاخۆ : 14 پلەی سیلیزی
کەرکوک : 15 پلەی سیلیزی
هەڵەبجە : 14 پلەی سیلیزی
سۆران: 10پلەی سیلیزی
ئاکرێ : 15 پلەی سیلیزی
حاجی ئۆمەران : 3 پلەی سیلیزی
ئامێدی: 10پلەی سیلیزی
دوای دوو رۆژی بەردەوام لە بارانبارین، کەشناسی سلێمانی رێژە بارانبارینی گشتی سلێمانی بۆ ئەمساڵ بڵاوکردەوە و بە گوێرەی زانیارییەکانلە سەرەتای ئەمساڵەوە، زیاتر لە 250 ملم بارانباریوە.
جەوهەر حەمەلاو، بەڕێوەبەری کەشناسی و بومەلەرزەزانی سلێمانی بە کوردسات نیوزی راگەیاند، تەنها لە 24 سەعاتی رابردودا 122.7 ملم لە سلێمانی باران باریوە.
ناوبراو ئاماژەی بەوەشکرد، بە گوێرەی داتاکانیان، تا ئێستا کۆی گشتی بڕی بارانبارینی ئەمساڵی لە سلێمانی گەیشتەوەتە 258.7 ملم و ئەمەش رێژەیەکی باشە بۆ بڕی باران بارین.
ناوبراو راشیگەیاند، ساڵی پار ئەم کاتانە لە سلێمانی 145.3 ملم بارانباریوە و رەنگە تا درەنگانێکی ئەمشەو بڕیی بارانبارین لەسەنتەری پارێزگاکە بگاتە دوو هێندەی بڕی ساڵ پار.
لە راگەیەندراوەکەی مەکتەبی سیاسی یەکێتیدا هاتووە؛ بەداخەوەن کە بەهۆی لافاوەوە زیانێکی زۆر بەر ماڵ و حاڵی هاووڵاتییان کەوتوە بە تایبەت لە سنوری چەمچەماڵ و کەرکوک کە گیان لەدەستدانی لێ کەوتەوە
ئاماژەیان بەوەشکردوە؛ وێرای ئاراستەکردنی پەژارە وماتەمیان بۆ کەسوکاری قوربانییەکان، دەستخۆشیش لە تیمەکانی فریاگوزاری و دەزگا پەیوەندیدارەکان دەکەن کە بەردەوامن لە کارەکانیان.
داواش دەکەن هەماهەنگی هەبێت لە نێوان دەزگا پەیوەندیدارەکانی پارێزگاکان و حکومەتی فیدڕالیش لە دابینکردنی ئامێر و کەرەستەی پێویست بۆ کۆنتڕۆڵکردنی هەر حاڵەتێکی نەخوازراو لە داهاتوودا.
دەقی راگەیەندراوەکە
راگەیەندراوێک لە مەکتەبی سیاسی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانەوە
بەداخەوە کە ئەمرۆ لەم شەپۆڵی بارانبارین و لافاوەی شارەکانی کوردستانی گرتوەتەوە زیانێکی زۆر بەر ماڵ و حاڵی هاوڵاتیان و چەندین شوێنی گشتی کەوتووە ، بەتایبەتی لە شاری چەمچەماڵ لە هەرێم و سنوری لەیلان لە کەرکوک گەیشتە گیان لە دەستدان و خنکان.
وێڕای ئاڕاستەکردنی ماتەم و پەژارەی خۆمان بۆ کەسوکاری کۆستکەوتوان ، دەستخۆشی لە تیمەکانی فریاگوزاری و دەزگا پەیوەندیدارەکان دەکەین کە هیممەت بۆ چارەسەری لێکەوتەکانی لافاوەکە دەکەن، بە پەرۆشەوە داواکارین هەماهەنگی و تەگبیری هاوبەشی حکومەتی هەرێم ، پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆکان و دەزگا ڕەسمییەکانی حکومەتی فیدڕاڵی لە دابیکردنی ئامێر و کەرەستەکانی پێویستن بگاتە حاڵەتی ئامادەباشی تەواو و بە زوویی کۆنترۆڵی زیانەکان بکرێن. بەتایبەتی کە ئەم شەپۆڵە ماوەیەک بەردەوام دەبێت و پێویستی بە کۆششی دەستەجەمعی و فریاگوزاری دەستبەجێ هەیە.
نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێم راگەیەندراوێکی لەسەر روداوەکانی ئەمرۆ بەهۆی بارانبارینی بەخوڕەوە بڵاوکردەوە و تێیدا رایگەیاندوە؛ لەم رەوشە نەخوازراوەدا، پشتيوانيى تهواویان بۆ خهڵكى خۆشهويستى چهمچهماڵ و زيانلێكهوتووانى لافاوهكه دووپات دهكهنهوه و پرسە و سەرەخۆشی خۆی ئاراستەی کەسوکاری قوربانییەکان دەکات.
سەرۆکی هەرێم رایگەیاندوە؛ به داخێكى زۆرهوه ههواڵى گيانلهدهستدانى دوو هاووڵاتى له سنوورى چهمچهماڵ و هاووڵاتييهك له سنوورى لهيلان له كهركووك پێگهيشوە و لایەنە پەیوەندیدارەکانیشی راسپاردوە، تا به هاناى لێقهوماوانهوه بچن و ههموو ههوڵێك بۆ پاراستنى گيان و ماڵى هاووڵاتيان بدەن
دەقی راگەیەندراوەکەی سەرۆکی هەرێم:
به داخێكى زۆرهوه ههواڵى گيانلهدهستدانى دوو هاووڵاتى له سنوورى قهزاى چهمچهماڵ و هاووڵاتييهك له سنوورى لهيلان له كهركووك و برينداربوونى ژمارهيهكى ديكهمان بههۆى لافاوهوه پێگهيشت.
پرسه و سهرهخۆشيى قووڵم ئاراستهى خانهواده و كهسوكارى قوربانييان دهكهم، هاوسۆز و هاوخهميانم. له خواى مهزن داواكارم گيانى خوالێخۆشبووان به بهزهيى و ميهرهبانيى خۆى شاد بكات و ئارامى و دڵنهوايى به ههمووان ببهخشێت، ههروهها هيواى زوو چاكبوونهوه بۆ برينداران دهخوازم.
لەم دۆخە نەخوازراوەدا، پشتيوانيى تهواومان بۆ خهڵكى خۆشهويستى چهمچهماڵ و زيانلێكهوتووانى لافاوهكه دووپات دهكهينهوه. لايهنه پهيوهنديدارهكانى حكوومهتى ههرێمى كوردستان ڕاسپێردراون كه به هاناى لێقهوماوانهوه بچن و ههموو ههوڵێك بۆ پاراستنى گيان و ماڵى هاووڵاتيان و پێشكهشكردنى هاوكاريى پێويست، بدهن.
نێچيرڤان بارزانى
سهرۆكى ههرێمى كوردستان
2025/12/9
سەرۆکایەتی کۆماری عیراق، لەسەر بارانبارینی بەخوڕ و هەڵسانی لافاو لە چەند ناوچەیەکی هەرێم راگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و وێرای دڵتەنگی و هوخەمی بۆ کەسوکاری قوربانییەکان، داواش دەکات حکومەتی فیدڕاڵ هەماهەنگی بکات لەگەڵ حکومەتی هەرێم بۆ بەهاناوەچونی هاووڵاتییان .
سەرۆکایەتی کۆمار رایگەیاندوە، لە نزیکەوە چاودێری دۆخی گەلەکەیان دەکەن لە هەرێمی کوردستان دوای ئەو لافاو و بارانبارینە بەخوڕانەی کە چەند ناوچەیەکی گرتەوە، بەداخەوە جگە لە زیانی مادیی زیانی گیانی و برینداری لێکەوتەوە.
ئاماژەیان بەوەشکردوە؛ وێڕای دەربڕینی دڵتەنگی قووڵی ئەم روداوە دڵتەزێنانە، هاوسۆزی تەواوی سەرۆکایەتی کۆمار دووپات دەکەنەوە لەگەڵ کەسوکاری قوربانیەکان، لەگەڵ هەموو ئەو هاووڵاتیانەی کە زیانی ماددییان بەرکەوتووە.
داواش لە لایەنە پەیوەندیدارەکانی فیدراڵی دەکات، کە دەستبەجێ هەماهەنگی لەگەڵ حکومەتی هەرێم بکەن بۆ پێشکەشکردنی پاڵپشتی و هاوکاری پێویست، هەروەها هەوڵەکانی فریاگوزاری خێراتر بکەن و هاووڵاتییان بپارێزن.
دەقی راگەیەندراوەکە
ئێمە لە نزیکەوە چاودێری دۆخی گەلەکەمان دەکەین لە هەرێمی کوردستان دوای ئەو لافاو و بارانبارینە بەخوڕەی کە چەند ناوچەیەکی گرتەوە، بەداخەوە زیانی گیانی و برینداری لێکەوتەوە، هەروەها زیانی ماددی بەرچاوی لێکەوتەوە.
وێڕای دەربڕینی دڵتەنگی قووڵی خۆمان بۆ ئەم ڕووداوە دڵتەزێنانە، هاوسۆزی تەواوی سەرۆکایەتی کۆمار دووپات دەکەینەوە لەگەڵ کەسوکاری قوربانیان و بریندارەکان، و لەگەڵ هەموو ئەو هاووڵاتیانەی کە زیانی ماددییان بەرکەوتووە.
هەروەها داوا لە لایەنە پەیوەندیدارەکانی حکومەتی فیدراڵی دەکەین کە دەستبەجێ هەماهەنگی لەگەڵ حکومەتی هەرێم بکەن بۆ پێشکەشکردنی پاڵپشتی و هاوکاری پێویست، هەروەها هەوڵەکانی فریاگوزاری خێراتر بکەن و هاوڵاتییان بپارێزن.
خوای گەورە قوربانیان بەر بەزەیی خۆی بخات و ئارامی بە کەسوکاریان ببەخشێت، هیوای هەر چی زووە بۆ چاکبونەوەی برینداران دەخوازین.
خوای گەورە عێراق و گەلەکەی لە هەموو زیانێک بپارێزێت.
سەرۆکایەتی کۆمار
٩ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٥
پەیامنێری کوردسات نیوز رایگەیاند، لە گوندی خەتێ لە سنوری گوندی باڵیسان، هەورەبروسکە لە شەش پێشمەرگەی داوە و بە مەبەستی وەرگرتنی چارەسەر رەوانەی نەخۆشخانەی رانییە کراون، ئاماژەی بەوەشکرد یەکیان تەندروستی ناجێگیرە و رەوانەی نەخۆشخانەی شار لە سلێمانی کراوە.
ئەمڕۆ سێشەممە، خالید ئەحمەدی پەیامنێری کوردسات نیوز رایگەیاند، ئەو پێشمەرگانەی هەورەبروسکە لێی داون،سەر بە فەوجی سێین لە لیوای 712ن و لە کاتی روداوەکەدا لە ئەرکدا بوون.
بە گوێرەی زانیاریەکان روداوەکە کاتیك بووە، پێشمەرگەکان نانی نیوەرۆیان خواردوە و جگە لە زیانی گیانی هەورەبروسکەکە زیانی مادیشی هەبووە و بوەتە هۆی کەوتنەوەی ئاگر لە شوێنی روداوەکە.
یەکێک لە پێشمەرگەکان بە کوردسات نیوزی راگەیاند، روداوەکە لە کاتی نانخواردندا بوو، 12 پێشمەرگەبوون و شەشیان تەندروستیان خراپ بووە، ئاماژەی بەوەشکرد ئەو یەکێکە لەوانەی دەستی سوتاوە بەهۆی هەورەبروسکەکەوە.
پەیامنێری کوردسات نیوز راشیگەیاند، لە ئێستادا پێشمەرگەکان پێنجیان تەندروستیان جێگیرە و لە فریاکەوتنی رانییە چارەسەری پێویستیان بۆ کراوە، بەڵام یەکێکیان بەهۆی ناجێگیری تەندروستییەوە رەوانەی سلێمانی کراوە.
لەسەر هەڵوێستی هێزەکانی کۆماندۆ و هێزە ئەمنییەکان کۆمەڵەی خێندکاران راگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و تێیدا سوپاسیان دەکات و هەڵوێستەکەیان بە مێژویی ناودەبات
ئەمرۆ بەهۆی بارانبارینی بەخوڕەوە، لە سنوری چەمچەماڵ، لافاو هەڵساو بەهۆیەوە ژمارەیەک خوێندکار لە یەکێک لە خوێندنگەکاندا گیریان خوارد، هێزەکانی کۆماندۆ و ئۆپراسیۆن چون بەهانایانەوە و توانیان رزگاریان بکەن.
كۆمەڵەی خوێندكارانی كوردستان راگەیەندراوێکی بڵاوکردوەتەوە و تێدا سوپاسی هێزەكانی كۆماندۆی كوردستان، بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی ئۆپەراسیۆنەكانی ئاسایش و سەرجەم دەزگا ئەمنی و فریاگوزارییەكانی سنووری سلێمانی دەكات.
ئاماژەیان بەوەشکردوە؛ لە لافاوەكەی ئەمڕۆدا ئەو هێزانە هەڵوێستێكی مێژووییان تۆماركرد و ژمارەیەكی زۆر خوێندكاریان لە خوێندنگەكان رزگاركرد و بەهانایانەوە چوون.
كۆمەڵەی خوێندكارانی كوردستان هیوای سەلامەتی بۆ هەموولایەك دەخوازێت و بۆ هەر ئەركێكی پێویست تیمەكانمان ئامادەی هاوكاری و پشتیوانین.
قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆک وەزیرانی هەرێم پەیامێکی بڵاوکردووەتەوە و دەڵێت، "زۆر پەرۆش و دڵگرانین بە گیانلەدەستدانی دوو هاووڵاتیی دانیشتووی چەمچەماڵ و برینداربوونی ژمارەیەک هاووڵاتی دیکە لە لافاوەکەی ئەمڕۆدا. سەرەخۆشی لە خانەوادە و کەسوکاری قوربانییەکان دەکەم".
دەقی پەیامەکەی قوباد تاڵەبانی...
زۆر پەرۆش و دڵگرانین بە گیانلەدەستدانی دوو هاووڵاتیی دانیشتووی چەمچەماڵ و برینداربوونی ژمارەیەک هاووڵاتی دیکە لە لافاوەکەی ئەمڕۆدا. سەرەخۆشی لە خانەوادە و کەسوکاری قوربانییەکان دەکەم و هیوای چاکبوونەوەی خێرا بۆ بریندارەکان دەخوازم.
لەگەڵ بەڕێز رەمک رەمەزان، قائیمقامی چەمچەماڵ و لایەنە پەیوەندیدارەکان لەسەر خەتین و رامسپاردن هەموو رێوشوێنێکی پێویست بگرنەبەر بۆ پاراستنی گیان و ماڵی هاووڵاتیان.
بەهۆی لافاوەکەی قەزای چەمچەماڵ دوو کەس گیانیان لەدەستدا و چوار هاووڵاتی دیکەش برینداربوون.
قائیمقامییەتی چەمچەماڵ راگەیەنراوێکی لەبارەی لافاوەکە بڵاوکردەوە و رایگەیاند، بەهۆی لافاوی چەند سەعاتی رابردووی قەزای چەمچەماڵەوە دوو هاووڵاتی گیانیان لەدەستدا و چوار هاووڵاتی دیکەش برینداربوون.
ئاماژەی بەوەشکرد، سەرجەم فەرمانگە پەیوەندیدارەکان لە ئەرکدان و ئەوەی لەتوانای ئیدارەی چەمچەماڵ بێت درێغی ناکات.
قائیمقامییەتی چەمچەماڵ بەناوی ئیداراتی قەزای چەمچەماڵەوە پرسەو سەرەخۆشی ئاراسەی بنەماڵەی کۆچکردووان دەکات و هیوای زوو چاکبوونەوە بۆ بریندارەکان دەخوازێت.
بەهۆی بارابارینی زۆرەوە لافاو بەشێكی زۆری ناوچەکانی هەرێمی کوردستانی گرتووەتەوە، لەقەزای چەمچەماڵیش بەهۆی لافاوەوە دوو کەس گیانیان لەدەستداوە و زیانێکی مادی زۆری لێکەوتووەتەوە.
پەیامنێری كوردسات نیوز لە چەمچەماڵ رایگەیاند، بەهۆی لافاوەوە رێگای كەركوك-چەمچەماڵ بە تەواوی داخراوە، هەروەها بەهۆی لافاوەكەوە پیاوێكی 53 ساڵ گیانی لەدەستدا.
هەر بەپێی زانیارییەکانی کوردسات نیوز، گەنجێکی تەمەن 23 ساڵان بەناوی بۆکان بەشارەت بەهۆی لافاوەکەوە لە ناحیەی شۆڕشی سەر بەقەزای چەمچەماڵ گیانی لەدەستداوە.
هاتوچۆی سلێمانی لەراگەیەنراوێکدا داوا لە هاووڵاتیان و شۆفێران دەکات رێگای سەرەكی بازیان سلێمانی بەپێچەوانەوە بەكارنەهێنن.
ئەوەشی خستەڕوو، بەشێوەیەكی كاتی بازگەی تاسڵوجە بەڕوی شۆفێراندا داخراوە.
لەلای خۆشیەوە، سەنتەری هەماهەنگی هاوبەشی سلێمانی هۆشداری دەداتە هاووڵاتیان لەبارەی دروستبونی لافاو دەڵێت؛ : لەکاتی هەبوونی حاڵەتی نەخوازراو و دروستبونی لافاودا پەیوەندی بە ژمارە 100 ەوە بكەن.
هاوکات پەیامنێری كوردسات نیوز ئاشکرایکرد، لە ناحیەی پیرەمەگرونیش لافاو دروست بووە.
هەروەها جێگری پارێزگاری سلێمانی رایگەیاند، داوا لە هاووڵاتیان دەکات بۆ کاری پێویست نەبێت لە ماڵەکانیان دەرنەچن، داواش دەکات شەقامەکانی دەرەوەی سلێمانی بەکارنەهێنن.
ئارام نەجات سەرۆكی شارەوانی چەمچەماڵ بە کوردسات نیوزی راگەیاند، تیمەكان بەسەر گەڕەكەكان دابەشكراون و تیمەكانی سلێمانی ئامادەییان دەربڕیوە بۆ هاوكاری.
وتیشی، لە ناحیەی شۆڕش دوو كەس بەهۆی لافاوەوە گیانیان لەدەستداوە، دەشڵێت، ئامێرمان ناردووە بۆ گۆڕینی رێڕەوی لافاوەكە.
بەهۆی بارانبارینی زۆر و بەلێزمە هاتوچۆی سلێمانی داوا لە شۆفێران دەکات رێگای سەرەکی بازیان بە ئاڕاستەی سلێمانی بە پێچەوانەشەوە بەکارنەهێنن تا ئاساییبوونەوەی رەوشەکە.
بەڕێوبەرایەتی هاتوچۆی سلێمانی لە راگەیەنراوێکدا داوا لە شۆفیران دەکات، بەھۆی باران بارینی زۆر و بەلێزمە ئاستەنگێکی زۆر دروست بووە لە شاڕێی سەرەکی بازیان بە ئاراستەی سلێمانی و بەپێچەوانەوە بەتایبەت نزیک چێشتخانەی کانی شەیتان و بەمەبەستی پاراستنی سەلامەتی شۆفێران و ئۆتومبیلەکانیان داواکارن تا ئاسایبونەوەی رەوشی کەش و ھەوا ئەو شەقام و شارێیە بەکارنەھێنن.
ئاماژەی بەوەشکرد، لەسەر فەرمانی پارێزگاری سلێمانی بەشێوەیەکی کاتی بازگەی تاسڵوجە بەروی شۆفێراندا داخرا ، و رەوشەکە لەژێر چاودێریدایە و بەئاسایی بونەوەی رەوشی کەش وھەوا ھاتوچۆ ئاسایی دەکرێتەوە، لەرێی راگەیاندنی بەرێوەبەرایەتی ھاتوچۆی سلێمانی ئاگاداری بڵاو دەکرێتەوە.
هاتوچۆی سلێمانی لە هەر حاڵەتێکی نەخوازراودا هاووڵاتیان دەتوانن لەرێی ژمارەی کۆنترۆڵی ھاتوچۆی سلێمانی 188 داوای ھاوکاری بکەن .
بەپێی پێشبینییەکانی کەشناسی لە 48 سەعاتی داهاتوودا بارانبارین بەردەوام دەبێت و ئەگەری بەفربارینیش هەیە.
بەڕێوەبەرایەتی گشتی کەشناسی هەرێم لە راگەیەنراوێکدا پێشبینییەکانی بۆ ئەمڕۆ و سبەینێ بڵاوکردەوە و رایگەیاند، ئەمڕۆ ئاسمان هەور و کاریگەری شەپۆلی باران بارین بەردەوام دەبێت لەسەرجەم ناوچەکە، لەسنوری پارێزگای هەولێر و دهۆک بارانی مامناوەند دەبێت و دابارین بەشێوەی لێزمە بارانی پچڕ پچڕ و هەندێ کات نمە بارانی پچڕ پچڕ دەبێت، لەکاتی لێزمە باران ئەگەری هەورە بروسکە هەیە .
ئەوەشی خستەڕوو، لەسنوری پارێزگای سلێمانی و هەڵەبجە وئیدارەی گەرمیان و ئیدارەی راپەڕین بارانی بە لێزمە و بەخوڕ دەبارێت لە زۆربەی کاتەکان، لەگەڵ هەورە بروسکە و زیادبوونی خێرای با، هەندێ کات بە هۆی بارانی بە لێزمە پێشبینی بەرزبوونەوەی ئاستی ئاو دەکرێت، کاریگەری ئەم شەپۆلە بەدرێژایی رۆژی سێ شەممە لەسەر ناوچەکە دەمێنێتەوە.
کەشناسی ئاماژەی بەوەشکرد، سبەینێ چوارشەممە لە ئەنجامی بەردەوامی کاریگەری شەپۆلی باران بارین ئاسمان هەوری تەواو دەبێت و هەندێ کات نیمچە هەور دەبێت، لە سنووری پارێزگای هەولێر و دهۆک هەندێ کات نمە بارانی پچڕ پچڕ دەبارێت و لە ناوچە شاخاوییەکان بارانی مامناوەند دەبارێت.
راشیگەیاند، لە سەر ناوچە شاخاوییە سنورییەکان ئەگەری بەفر بارین هەیە، هەروەها لە کاتەکانی بەرەبەیان لە سنوری پارێزگای سلێمانی و هەڵەبجە و ئیدارەی گەرمیان و راپەڕین هەندێ کات لێزمە باران دەبێت،تا کاتەکانی نیوەڕۆ، کاریگەری ئەم شەپۆلە لە سەر ئەم ناوچانە دەمێنێتەوە، پاشان کاریگەری شەپۆلی باران بارین لە کاتەکانی دوای نیوەڕۆ لەسەرجەم ناوچەکە لاواز دەبێت .
قوباد تاڵەبانی رایگەیاند، هەفتەی داهاتوو یەكێتی و پارتی كۆدەبنەوە و موچەی مانگی 11 و 12 نافەوتێت.
قوباد تاڵەبانی لە وەڵامی رۆژنامەنووساندا رایگەیاند، هەفتەی داهاتوو كۆبوونەوەی یەكێتی و پارتی دەستپێدەكاتەوە، دەبێت ئەركی یەكەمی كابینەی دەیەم داڕشتن و پەسەندكردنی بودجە بێت.
سەبارەت بە سەردانەكەی بۆ بەغداد وتی، كۆبوونەوەكان باش و دۆستانە بوون و یەكێتی دیدی خۆی پێشكەشی لایەنە سیاسییەكانی عیراق كرد، هەروەها وەك یەكێتی باوەڕیان بە عیراقی بەهێز هەیە و بەشێك دەبن لە داڕشتنی سیاسەتێك بۆ داهاتووی عیراق. وتیشی، كاندیدیان بۆ پۆستی سەرۆك كۆمار دەبێت.
ئەوەشی خستەڕوو، وەك یەكێتی باوەڕمان بە عیراقێكی بەهێز هەیە و پڕۆژەی ئێمە بۆ هەموو عیراقە نەك تەنها كوردستان
لەسەر موچەش وتی، موچەی مانگی 11 و 12 نافەوتێت.
سەبارەت بە ئاستی وەبەرهێنان لە سلێمانی وتی، لە ئاستێكی زۆر باشدایە و گەشەی ئابوری لە سلێمانی لە پێشەنگدایە.
" لەگەڵ پارتی دوو حزبی ركابەرین و ئاساییە كە كێبڕكێی یەكتر بكەین"، قوباد تاڵەبانی وا دەڵێت.
ئەمڕۆ بە بەشداری قوباد تاڵەبانی وەبەرهێنەرانی ناوخۆ و دامەزراوە داراییە نێودەوڵەتییەکان،کۆڕبەندی وەبەرهێنان بەرێوەدەچێت، تێیدا قوباد تاڵەبانی وتارێکی پێشکەشکرد و رایگەیاند، زۆرینەی کەرتەکان لە هەرێمی کوردستان لە ئاستێکی زۆر باشدایە.
قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆک وەزیرانی هەرێم لە کۆڕبەندەکەدا رایگەیاند، بەردەوام لەسەر هێڵن بۆ خێراترکردنی پڕۆژەکان لە سلێمانی، هەروەها دەرفەتی زیاتر دەدرێتە قەزا و ناحییەکانی هەرێمی کوردستان بۆ چالاکردن و بەرەوپێبردنی ئابوری.
وتیشی، کەرتی تایبەت رۆڵێکی بەرچاویان هەبووە لە پێشخستنی کەرتی وەبەرهێنان و هەمووان لە پێناو خزمەتکردنی خەڵکی کوردستان کاردەکەن.
قوباد تاڵەبانی سەبارەت بە وەبەرهێنان و کارکردن لە پڕۆژەکان لە شاری سلێمانی ئاماژەی بەوەکرد، چەندین دەیەیە سلێمانی خاوەنی ژێرخانێکی بەهێزی ئەمنییە ئەمەش یارمەتیدەرێکی باشبووە بۆ بەرەوپێشچوونی وەبەرهێنان.
ئەوەشی خستەڕوو، سلێمانی ژینگەیەکی لەبارە بۆ هەموو ئەو کۆمپانیا و لایەنانەی کار بۆ روبەڕوبونەوەی قەیرانەکان دەکەن.
جێگری سەرۆک وەزیرانی هەرێم راشیگەیاند، سلێمانی بووەتە پایتەختی وەبەرهێنان و کارسازی بۆ هەموو عیراق، دەشڵێت، کاردەکەن لەپێناو گەشەکردنی ئابورییەکی هەمەجۆر و مۆدێرن و کەمکردنەوەی رۆتین و زیاترکردنی شەفافیەت.
کۆڕبەندەکە لە هۆڵی کارگەى جگەرە لە سلێمانى لەلایەن رێکخراوی دارایی نێودەوڵەتی (IFC) و یەکەی وەبەرهێنانی سلێمانی رێکخراوە، مەبەست لە بەڕێوەچوونیشی بۆ بەستنەوەی وەبەرهێنەرانی ناوخۆ بە رێکخراوی IFC و هاوبەشە نێودەوڵەتییەکانە، ئەمە جگە لەوەی هەوڵی رەخساندنی دەرفەتی وەبەرهێنان و بەدەستهێنانی پاڵپشتیی دارایی دەدات و پشتگیری لە هەمەچەشنکردنی ژێرخانی ئابووری و گەشەپێدانی کەرتی تایبەت دەکات.
رێکخراوی (IFC) کە ساڵی 1956 دامەزراوە و زیاتر لە 100 وڵات کار دەکات و ئەندامێکی سەرەکیی بانکی جیهانییە، لە ساڵی 2005ـەوە لە عیراق کار دەکات و بە بەهای 2.5 ملیار دۆلار وەبەرهێنانی لە کەرتەکانی بانک، بازرگانی و کشتوکاڵ کردووە و 28 هەزار هەلیکاری رەخساندووە.
کەشناسی هەرێم بڕی بارانبارینی 24 سەعاتی رابردووی هەندێک لە ناوچەکانی هەرێمی کوردستانی بڵاوکردەوە، کە لە سلێمانی زیاتر 60ملم و لە دهۆکیش 23ملم بارانباریوە.
بەپێی ئامارەکەی کەشناسی هەرێم، لە 24 سەعاتی رابردوودا بڕی بارانبارین بەمشێوەیە: چەمچەماڵ 81.2 ملم، سلێمانی 61.3 ملم، شەقڵاوە 22.6ملم، نازەنین 62.5ملم، شەمامک 20.5ملم، دهۆک 23.6، زاخۆ 12.9ملم.
هاوکات بەڕێوەبەرایەتی کشتوکاڵی هەڵەبجە بڵاویکردەوە، لە 24 سەعاتی رابردوودا بڕی 54ملم باران لە پارێزگاکە باریوە، هەروەها لە سیروان 70.5 ملم، خورماڵ 61.5، بیارە 72ملم، تەوێڵە 53.8 ملم باران باریوە.
لەلایەکی دیکەوە بەڕێوەبەرایەتی کشتوکاڵی ئیدارەی راپەڕین ئاماری بارانبارینی ناوچەکەی بڵاوکردەوە، کە ئامارەکە بەم شێوەیەیە، رانیە 83.3ملم، قەڵادزێ 82ملم، حاجیاوا 102ملم، چوارقورنە 92ملم، سەنگەسەر 80.8 باران لە 24 سەعاتی رابردوودا باریوە.
لە مانگی رابردوودا زیاتر لە هەزار و 660 نەخۆش سەردانی نەخۆشخانەی دڵیان لە سلێمانی کردووە و زیاتر لە 650 بوژانەوەی دڵ ئەنجامدراوە.
بەڕێوبەرایەتی گشتی تەندروستی سلێمانی ئاماری مانگی رابردووی نەخۆشخانەی دڵی بڵاوکردەوە و رایگەیاند، لە رۆژی 1 بۆ 30ـی مانگی رابردوو هەزار و 667 نەخۆش سەردانی نەخۆشخانەکەیان کردووە بەمەبەستی وەرگرتنی چارەسەر.
ئاماژەی بەوەشکرد، لەو ماوەیەدا لە نەخۆشخانەی دڵ 655 بوژانەوەی دڵ و 40 نەشتەرگەری دڵ و 365 قەستەرە و 190 دانانی باڵۆن ئەنجام دراوە.
تەندروستی سلێمانی ئەوەشی خستەڕوو، هەر لەو مانگەدا لە نەخۆشخانەی دڵ 216 پشكنینی سیتی سكان و 372 ئیكۆ و 335 هێڵكاری دڵ ئەنجام دراوە، هەروەها 130 چارەسەری سروشتی كراوە و 251 تیشك گیراوە و چوار هەزار و 934 پشكنینی تاقیگەیی ئەنجام دراوە.