بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کشتوکاڵی هەڵەبجە، نوێترین ئاماری بارانبارینی لە سنوری پارێزگاکەدا بڵاوکردەوە و بەپێی ئامارەکە، کۆی گشتیی بارانبارینی ئەمساڵ لە زۆربەی ناوچەکاندا لەچاو ساڵی رابردوو زیادیکردووە.
بەپێی ئەو خشتەیەی کە ئەمڕۆ، لەلایەن هۆبەی کەشناسیی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کشتوکاڵی هەڵەبجەوە بڵاوکراوەتەوە، لە ماوەی 24 سەعاتی رابردودا لە تەواوی ناوچەکانی هەڵەبجە، سیروان، خورماڵ، بیارە و تەوێڵە باران باریوە.
ئاماری بارانبارین لە 24 سەعاتی رابردودا:
بیارە: 5.7 ملم
هەڵەبجە: 5.5 ملم
خورماڵ: 5.5 ملم
سیروان: 5.0 ملم
تەوێڵە: 4.6 ملم
کۆی گشتیی بارانبارینی ئەمساڵ بەراورد بە پارساڵ:
ئامارەکە دەریدەخات کە کۆی گشتیی بارانبارینی ئەمساڵ تا ئەم بەروارە، لە ناوچەکانی هەڵەبجە، سیروان و بیارە زیاتر بووە بەراورد بە هەمان کات لە ساڵی رابردودا. زۆرترین رێژەی بارانبارینی ئەمساڵیش لە سیروان تۆمارکراوە کە 263.1 ملم بووە.
سیروان: ئەمساڵ 263.1 ملم | پارساڵ 188.2 ملم
بیارە: ئەمساڵ 259.0 ملم | پارساڵ 253.3 mلم
هەڵەبجە: ئەمساڵ 239.4 ملم | پارساڵ 213.4 ملم
خورماڵ: ئەمساڵ 220.5 ملم | پارساڵ 227.1 ملم
تەوێڵە: ئەمساڵ 211.3 ملم | پارساڵ 247.9 ملم
لە بەرانبەردا، لە هەردوو ناوچەی خوڕماڵ و تەوێڵە، رێژەی بارانبارینی ئەمساڵ بە بەراورد بە ساڵی رابردوو کەمیکردووە.
ئەندامێكی مەكتەبی سیاسی یەكێتی جەخت لە یەكڕیزیی لایەنە كوردییەكان دەكاتەوە و رایدەگەیەنێت، كلیلی بەدەستهێنانی مافەكان بوونی پرۆژەیەكی هاوبەشە.
سەعدی ئەحمەد پیرە، ئەندامی مەكتەبی سیاسی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان رایگەیاند، بە ئامادەكردنی پرۆژەی هاوبەش و یەكگرتووی كورد لە هەولێر و بەغداد، دەتوانن زۆرترین دەستكەوت بۆ بەدەست بهێنن و پێگەی كورد بەهێزتر بكەن.
ئەو ئەندامەی مەكتەبی سیاسیی یەكێتی هۆشداریشیدا، ئەگەر كورد یەكگرتوو نەبێت و بە یەك پرۆژەوە نەچێتە بەغداد ئەوا مەترسیی ئەوە هەیە زۆرێك لە دەستكەوت و مافەكانی كورد هەرێم و عیراقیش لەدەستبچن.
وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی بڕیاریدا بە لێخۆشبوون لە تەواوی کرێی خوێندنی خوێندکارانی چەمچەماڵ و دەوروبەری بۆ ساڵی خوێندنی 2025-2026، ئەوەش وەک هاوخەمییەک بۆ زیانلێکەوتووانی ناوچەکە.
د. ئارام محەمەد قادر، وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی بە ئیمزای خۆی بڕیارەکەی دەرکردووە و ئاماژەی بەوەداوە، لەپێناو بەشداریکردن لە خەمی خەڵکی چەمچەماڵ و بەدەنگەوەهاتنی خوێندکارەکانیان بەهۆی ئەو کارەساتە سروشتییەی روویکردووەتە ناوچەکە، بڕیاردراوە بە لێخۆشبوون لە پارەی کرێی خوێندن بۆ دانیشتووانی قەزاکە.
بەپێی بڕیارەکە، لێخۆشبوونەکە سەرجەم ئەو خوێندکارانە دەگرێتەوە کە دانیشتووی چەمچەماڵن و لە سیستمی پارالێل یان خوێندنی ئێواران لە زانکۆکان وەرگیراون.
بڕیارەکە گشتگیرە و هەردوو قۆناغی خوێندنی بەرایی (دبلۆم و بەکالۆریۆس) و خوێندنی باڵا (دبلۆمی باڵا، ماستەر و دکتۆر) دەگرێتەوە.
وەزارەتی خوێندنی باڵا مەرجی ئەوەی داناوە، کە پێویستە خوێندکاران بە بەڵگەنامەی رەسمی و یاسایی بیسەلمێنن کە دانیشتووی قەزای چەمچەماڵن یان ئەو ناوچانەی زیانیان بەرکەوتووە، بۆ ئەوەی بڕیارەکە بیانگرێتەوە.
رێبوار تەها، پارێزگاری کەرکوک بەهۆی بەردەوامیی دۆخی کەشوهەوا و شەپۆلی بارانبارینەوە، بڕیاریدا سبەینێ یەکشەممە لە سەرجەم ناوەندەکانی خوێندنی سنورەکە پشوی رەسمی بێت.
بەپێی بڕیارەکەی پارێزگاری کەرکوک، لەپێناو سەلامەتی خوێندکاران، پشووەکە سەرجەم قۆناغەکانی باخچەی ساوایان، سەرەتایی، ناوەندی و ئامادەیی لە سەنتەری کەرکوک و سەرجەم قەزا و ناحیە و گوندەکان دەگرێتەوە.
هاوکات ئاماژە بەوەش کراوە، پشوەکە فەرمانگە حکومییەکان و زانکۆ و پەیمانگاکان ناگرێتەوە و سبەینێ دەوام تێیاندا وەک رۆژانی ئاسایی بەردەوام دەبێت.
وەک بەدەنگەوەهاتنێک بۆ دۆخی لێقەوماوانی چەمچەماڵ، گروپی کۆمپانیاکانی قەیوان بڕی یەک ملیار دیناری بەخشییە سندوقی قەرەبوکردنەوەی زیانلێکەوتووانی قەزاکە.
دلێر کەمال، بەڕێوەبەری راگەیاندن و پەیوەندییەکانی قەیوان گروپ بە کوردسات نیوزی راگەیاند، لە سۆنگەی هەستکردن بە بەرپرسیارێتی و ئەو خەمە گەورەیەی رووی لە چەمچەماڵ کردووە، بڕی یەک ملیار دیناریان بەخشیوە بە کۆمیسیۆنی قەرەبوکردنەوەی زیانلێکەوتووانی قەزای چەمچەماڵ و دەوروبەری.
بەڕێوەبەری راگەیاندنی قەیوان گروپ ئاماژەی بەوەشکرد، خەرجکردنی ئەو بڕە پارەیە لەرێگەی نوسینگەی قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆک وەزیرانەوە سەرپەرشتی دەکرێت، تا بەشێوەیەکی شەفاف بگاتە دەست زیانلێکەوتووان.
جگە لەم هاوکارییە داراییە گەورەیە، پێشتریش قەیوان گروپ لەرێگەی کەمپینەکانی دیکەوە بڕی 100 ملیۆن دیناری بەخشیوەتە لێقەوماوانی ناوچەکە.
هاوکات لەرووی لۆجیستییەوە و بۆ خستنەوەسەرپێی ژیان لە چەمچەماڵ، ماوەی چەندین رۆژە زیاتر لە 20 ئامێری جۆراوجۆر لە (شۆفڵ، گەڵابە و تەنکەری ئاو)ی کۆمپانیاکە لە ناوچە زیانلێکەوتووەکاندا خراونەتەگەڕ و لە کاردابوون.
بافڵ جەلال تاڵەبانی سەرۆکی یەکێتی پرسەنامەیەک ئاڕاستەی خانەوادەی کارمەندەکەی بەڕێوەبەرایەتیی ئاسایشی رۆژئاوای سلێمانی دەکات و دەڵێت: کەسوکاری سەربەرزی کاکە ئاکۆ دڵنیا دەکەمەوە بەهیچ شێوەیەک ناهێڵم خوێنی رۆڵەکەیان بەهەدەر بڕوات.
دەقی پرسەنامەکەی بافڵ جەلال تاڵەبانی سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان....
لە دڵەوە نیگەران و غەمباربووم بە شەهیدبوونی کاک (ئاكۆ سابیر حەمە ڕەزا) کارمەندی بەڕێوەبەرایەتیی ئاسایشی رۆژئاوای سلێمانی کە لەکاتی راپەڕاندنی ئەرکەکەیدا و بۆ خزمەتکردنی کەسوکاری سەربەرزی چەمچەماڵ بە ناحەق شەهیدکرا.
بۆ ئەم خەمە، پرسە و سەرەخۆشی لە خێزان و بنەماڵە تێکۆشەرەکەیان و هاوڕێ و هاوکارانی دەکەم و هاوبەشی ماتەمیانم. لە خوای گەورە داواکارم گیانی کۆچکردوو بە بەهەشتی بەرین شادبکات، سەبووری و ئارامی بە هەموولایەک ببەخشێت.
کەسوکاری سەربەرزی کاکە ئاکۆ دڵنیا دەکەمەوە پارێزەری پاراستنی مافەکانیان دەبم و بەهیچ شێوەیەک ناهێڵم خوێنی رۆڵەکەیان بەهەدەر بڕوات.
قوباد تاڵەبانی بەهۆی شەهیدبوونی ئاکۆ سابیر کارمەندی دڵسۆزی هێزەکانی ئاسایش پرسە و سەرخۆشی ئاڕاستەی خانەوادە و کەسوکارەکەی دەکات و دەڵێت: هەموو لایەک دڵنیا دەکەینەوە ئەم تاوانە چەپەڵە بێ سزای یاسایی تێپەڕ نابێت.
قوباد تاڵەبانی رایگەیاند، زۆر بە داخەوە کاک ئاکۆ سابیر کارمەندی دڵسۆزی هێزەکانی ئاسایش کە دوێنێ لەگەڵ دوو هەڤاڵی دیکەی لەکاتی ئەرکی هاوکاریکردنی زیانلێکەوتووانی لافاوەکەی چەمچەماڵ لەلایەن چەند چەکدارێک تەقەیان لێ کرا و برینداربوون، ئەمڕۆ لە نەخۆشخانە بەهۆی قورسیی برینەکەیەوە گیانی لەدەستدا و تێکەڵ بە کاروانی شەهیدان بوو.
ئاماژەی بەوەشکرد، لە دڵەوە پرسە و سەرەخۆشی ئاراستەی خانەوادە و کەسوکاری سەربەرزی شەهید ئاکۆ و هەموو هەڤاڵانی لە هێزەکانی ئاسایش و خەڵکی چەمچەماڵ و هەموو کوردستان دەکەم. هەموو لایەکیش دڵنیا دەکەینەوە ئەم تاوانە چەپەڵە بێ سزای یاسایی تێپەڕ نابێت و ئەو تاوانبارانەی دەستگیرکراون سزای یاسایی خۆیان وەردەگرن.
ئەو کارمەندی ئاسایشەی لە قەزای چەمچەماڵ تەقەی لێکرا دوای مانەوەی رۆژێک لە نەخۆشخانە شەهید بوو.
پەیامنێری کوردسات نیوز رایگەیاند، ئەو کارمەندەی ئاسایش کە چەکدارێکی سەر بە هێزێکی پارتی لە چەمچەماڵ تەقەی لێکرد، کەمێک پێش ئێستا بەهۆی سەختی برینەکەیەوە شەهید بوو.
ئاکۆ سابیر حەمە رەزا کارمەندی ئاسایشی رۆژئاوا، دوێنێ لە روداوێکی تەقەکردندا لە قەزای چەمچەماڵ، لەلایەن چەکدارێکەوە تەقەی لێکرا و دوای ماوەیەک مانەوەی لە نەخۆشخانە بەهۆی سەختی برینەکەیەوە شەهید بوو، هەر بەهۆی روداوەکەوە دوو کارمەندی دیکەی ئاسایش کە هاوکاری زیانلێکەوتووان و خەڵکی چەمچەماڵیان دەکرد برینداربوون.
رەوشی زیانلێکەوتوانی قەزای چەمچەماڵ و شارەکە بە گشتی قۆناغ بە قۆناغ ئاسایی دەکرێتەوە و لێپرسراوی نوسینگەی جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی سەرۆک وەزیرانی هەرێمیش بە کوردسات نیوزی راگەیاند: بارودۆخەکە لە چەمچەماڵ ئاسایی بووەتەوە.
عەتا محەمەد لێپرسراوی نوسینگەی قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆک وەزیرانی هەرێم لەلێدوانێکدا بۆ کوردسات نیوز رایگەیاند، لە دوای لافاوەكە قۆناغ بە قۆناغ رەوشی شارەكە ئاسایی دەبێتەوە و هاووڵاتییانیش زۆر بەباشی بەدەم پلانەكانی كۆمیسیۆنی فریاگوزارییەوە دەچن، وتیشی، پاككردنەوەی ناوشاری چەمچەماڵ 90%ی تەواو بووە و دابەشكردنی ئاوی ماڵانیش دەستپێكردووەتەوە.
وتیشی، قوباد تاڵەبانی سات بە سات لەسەر هێڵە و چاودێری رەوشەکە و قەرەبووکردنەوەی زیانلێکەوتووان دەکات و بەردەوام پێشنیاز و رێنماییمان پێدەدات بۆ ئاسایکردنەوەی رەوشەکە.
سەبارەت روداوی تەقەکردنەکەی دوێنێی قەزای چەمچەماڵ، عەتا محەمەد ئاماژەی بەوەکرد،، لەگەڵ ئەوەی دوێنێ چەند چەکدارێک هێرشیان کردە سەر هێزە ئەمنییەکان و بەداخەوە سێ کارمەند بریندار بوون، کە تەندروستی کارمەندێکیان ناجێگیرە، بەڵام تەقەکەرەکان دەستگیرکراون و رووبەڕووی یاسا کراونەتەوە.
بەپێی پێشبینییەکانی کەشناسی لە 48 سەعاتی داهاتوودا بارانبارین بەردەوام دەبێت و لەناوچە شاخاوییەکانیش بەفر دەبارێت.
بەڕێوەبەرایەتی گشتی کەشناسی هەرێم لە راگەیەنراوێکدا بڵاویکردەوە، ئەمڕۆ ئاسمان هەوری تەواو دەبێت لەگەڵ بارینی بارانی پچڕ پچڕی بەردەوام تا ئێوارە، هەروەها ئەگەری بەفربارینێکی کەم لە ناوچە شاخاویە سنوریەکان هەیە.
ئاماژەی بەوەشکرد، سبەینێ یەکشەممە ئاسمان هەوری تەواو دەبێت پاشان بۆ نیمچە هەور دەگۆرێت، هاوکات ئەگەری بارینی نمە باران هەیە بە تایبەتی لە هەندێ ناوچە لە رۆژهەڵاتی هەرێم .
کەشناسی هەرێم راشیگەیاند، پلەکانی کەمێک بەرز دەبێتەوە بەراورد بە تۆمارکراوەکانی ئەمڕۆ.
بەرزترین پلەکانی گەرمای پێشبینیکراو بە پلەی سیلیزی
هەولێر : 13 پلەی سیلیزی
سلێمانی : 12 پلەی سیلیزی
دهۆک : 13 پلەی سیلیزی
زاخۆ : 13 پلەی سیلیزی
کەرکوک : 15 پلەی سیلیزی
هەڵەبجە : 15 پلەی سیلیزی
گەرمیان : 17 پلەی سیلیزی
لە گەڕەکێکی شاری سلێمانی بەهۆی لێچوونی غازەوە تەقینەوەیەک لە مالێکدا رویدا و بەهۆیەوە کەسێک برینداربووە.
ئەمیر محەمەد پەیامنێری کوردسات نیوز رایگەیاند، بەیانی ئەمڕۆ لە گەڕەکی ئاوبارەی سلێمانی تەقینەوەیەک لە مالێکدا رویدا، بەهۆشیەوە پیاوێک برینداربووە.
وتیشی، لە ماڵەکەدا تەنها ئەو پیاوەی لێبووە و کە برینداربووە و هیچ زیانێکی دیکەی گیانی نەبووە، بەڵام زیانێکی زۆر بە ماڵەکە گەیشتووە.
چەند شایەحاڵێکی روداوەکە بۆ کوردسات نیوز رایانگەیاند، تەقینەوەکە سەعات 7:35 دەقەی ئەم بەیانییە رویداوە و دەنگێکی بەهێزی هەبووە.
سەنتەری میترۆ رایدەگەیەنێت: كارەساتی لافاوەكەی چەمچەماڵ و كەلار و ناوچەكانی تری گەرمیان، بۆنەیەك نین بۆ دەرخستنی رقی سیاسی و ململانێی نێوان هێزە سیاسییەكان، دەبێت میدیا جیاوازی بكات لە نێوان هاوپشتی لێقەوماوان و بانگەشەی سیاسی و حزبی.
سەنتەرى میترۆ بۆ داکۆکی لە مافى رۆژنامەنووسان لەراگەیەنراوێکدا ئاشکرایکرد، كاری میدیا لەكاتی كارەساتی وەك لافاو، پێدانی زانیارییە لەسەر گۆڕانكارییەكانی كەشوهەوای ناوچەكە، رێڕەوەكانی لافاو و مەترسی سەرهەڵدانەوەی، هۆشیاركردنەوەی هاوڵاتیان لە مەترسییەكانی، هەروەها ئاسانكاری پەیوەندی نێوان هاووڵاتیان و دەزگای رەسمی و رێكخراوە خێرخوازەكان، دەستنیشانكردنی پێداویستییەكانی خەڵكی زیان لێكەوتوو، نەك گوتاری سیاسی بێزاركەر و دووبارەی سەردەمی بانگەشەكانی هەڵبژادن.
ئاماژەی بەوەشکرد، بەكارهێنانی ئەم كارەساتە مرۆییە بۆ قازانجی حزبی یان ئەجێندای سیاسی، تەنیا پێشێلكردنی ئەخلاقی رۆژنامەوانی نییە، بەڵكو بێ بایەخكردنی ئازارەكانی خەڵكی لێقەوماوە كە قوڕ و لیتەی لافاوەكە ژیانی گەمارۆ داون، شەرم بكەن.
سەنتەری میترۆ داوا دەکات حكومەت بە بەرپرسیارێتی تەواوی خۆی هەستێت، بە تایبەتیش كە پێشبینی شەپۆلی تری بارانی بەخوڕ دەكرێت، ئێستا كاتی خۆدزینەوە و پاسا و نییە، كاتی موزایەداتی سیاسی نییە، كاتی كاری مەیدانی و هەماهەنگی كاریگەرە، بە تایبەتیش كارەساتەكە دەریخست توێژێكی پەراوێزخراوی بێ ماف چۆن ژیانیان بەسەر بردووە.
راشیگەیاند سەنتەری میترۆ بە رێزەوە دەڕوانێتە كەمپین و هەوڵی رێكخراوە خێرخوازییەكان بۆ بەهاناوە چوونی لێقەوماوان.
ئەوەشی خستەڕوو، چاودێری كارەكانی كۆمسیۆنی فریاگوزاری و بوژانەوەی مرۆیی چەمچەماڵ دەكەن، كە قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان بۆ كۆنترۆڵكردنی قەیران و قەرەبووكردنەوەی دەستنیشانكردنی كەموكوڕییەكان و لێپرسینەوە لە كەمتەرخەمییەكان، پێكهێناوە، داوا لە رۆژنامەنووسان دەكەین وەك سەرچاوەی رەسمی هەمئاهەنگی لەگەڵ بكەن.
دەزگای ئاسایشی هەرێم، سوپاسی ئەفسەر و کارمەندانی دەکات و هەوڵ ماندبوونیان بەرزدەنرخێنێت کە توانیان هاوکاری بەردەوامی زیانلێکەوتوانی چەمچەماڵ بن.
دەزگای ئاسایشی هەرێم لە راگەیەنراوێکدا بڵاویکردەوە، بەڕێوەبەرایەتی گشتی ئۆپراسیۆنەکانی ئاسایش و بەرێوەبەرایەتی ئاسایشی رۆژئاوای سلێمانی، سەرەڕای جێبەجێکردنی ئەرک و کارەکانیان بۆ ئەنجامدانی کاری مرۆیی و لەپێناو پاراستنی سەروماڵی هاووڵاتیان و رزگارکردنی خەڵکی چەمچەماڵ و دەووروبەری لەو روداوە سروشتییەی کە خەڵکی چەمچەماڵی گرتەوە، وەک قەڵغانێک چوون بەدەم هاوکاری خەڵک و تیمە خزمەتگوزارییەکان و چاودێریکردن و سەرپەرشتیکردنی ڕێکخراوەکان و ئەوکەسانەی هەڵمەتی هاوکاریکردنیان راگەیاند.
ئەوەشی خستەڕوو، سەرەڕای ئەم ئەرک و ماندبوونە بۆ خزمەتی خەڵک ئەمڕۆ دەستێکی رەش پەلاماری هێزەکانی ئاسایشی رۆژئاوایدا، بووە هۆی برینداربوونی سێ كارمەندى ئاسايش و لێکۆڵينەوه لەو بابەتە بەردەوامه.
بەپێی داتاکانی ماڵپەڕی شەفافیەت داهاتی نانەوتی ئەم هەفتەیەی سلێمانی زیاتر لە 10 ملیار دینار بووە.
ماڵپەڕی شەفافیەت داهاتی ئەم هەفتەیەی بڵاوکردەوە و بەپێی ئامارەکە، لە رۆژی 6ـی 12ـی2025 تا 12ـی ئەم مانگە، داهاتی پارێزگاکانی سلێمانی و هەڵەبجە و هەردوو ئیدارە سەربەخۆکانی راپەڕین و گەرمیان، لە 10 ملیار و 573 ملیۆن و 171 هەزار دینار بووە.
هەر بەپێی داتای ماڵپەڕی شەفافیەت، بە بەراورد بە هەفتەی رابردوو نزیکەی 2 ملیار دینار داهاتی نانەوتی کەمتر بووە.
جێگەی ئاماژەیە، ماڵپەڕی شەفافییەت بۆ داهات و خەرجی، لەسەر راسپاردەی قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆک وەزیرانی هەرێم دامەزرا، ئێستا رۆژانە لە رێگەی ئەو ماڵپەڕەوە دەتوانیت سەرجەم داهاتە نانەوتییەکانی هەردوو پارێزگای سلێمانی و هەڵەبجە و ئیدارە سەربەخۆکانی راپەڕین و گەرمیان بزانیت.
بەهۆی ئاگرکەوتنەوە لە ئۆتۆمبێلێکدا لە تونێلی پیرمام لە سنوری هەولێر، شۆفێر و سەرنشینەکەی گیانیان لەدەستدا.
موقەدەم شاخەوان سەعید، وتەبێژی بەرگری شارستانی هەولێر بە کوردسات نیوزی راگەیاند، رۆژی هەینی لە تونێلی پیرمام ئۆتۆمبێلێکی تایبەت گڕیگرتووە، بەهۆیەوە شۆفێر و سەرنشینێک کە لە ئۆتۆمبێلەکەدا بوون بەهۆی زۆری رێژەی سوتاوییەوە گیانیان لەدەستداوە.
وتەبێژی بەرگری شارستانی هەولێر ئاماژەی بەوەشکرد، لێکۆڵینەوە لە روداوەکە دەستیپێکردووە، بەڵام تا ئێستا هۆکارەکەی دیار نییە، چونکە لە سەرەتای روداوەکەوە ئاگادارنەکراونەتەوە.
بەپێی زانیارییەکان، ئەو دوو هاووڵاتییەی لە روداوەکەدا گیانیان لەدەستداوە، هەردووکیان کوردن و بران.
لە سێهەمین ساڵڕۆژی شەهیدبوونی فەرماندە ئاکام عومەر، فەرماندەی هێزەکانی کۆماندۆی کوردستان، بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان پەیامێکی بڵاوکردەوە و رایگەیاند، بەڵێن دەدەن وەفاداربن بۆ قوربانییەکانی.
سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە پەیامەکەیدا رایگەیاند، "بە شکۆوە سێهەمین ساڵڕۆژی شەهیدبوونی فەرماندە ئاکام عومەر، فەرماندەی هێزەکانی کۆماندۆی کوردستان بەرز رادەگرین و بۆ هەمیشە یاد و یادەوەرییەکانی لەلامان بە زیندوویی دەمێنێتەوە".
بافڵ جەلال تاڵەبانی ئاماژەی بەوەشکردووە، "فەرماندە ئاکام لەپێناو سەرفرازی گەلەکەمان گیانی بەختکرد و بەتەمەنێکی کەمەوە مێژوویەکی پڕشانازی تۆمارکرد".
لە بەشێکی دیکەی پەیامەکەیدا، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان جەختیکردەوە، "بەڵێن دەدەین وەفاداربین بۆ قوربانییەکانی و ئەوەی بەرنامەی بۆ دانابوو بە ئەمانەتەوە جێبەجێی بکەین".
لە کۆتاییدا، بافڵ جەلال تاڵەبانی دروود و سڵاوی بۆ گیانی پاکی فەرماندە ئاکام و هاوڕێکانی و سەرجەم شەهیدانی کوردستان نارد.