بەڕێوەبەرایەتی گشتیی کەشناسی و بوومەلەرزەزانی هەرێم رایگەیاند، کاریگەریی ئەو شەپۆلە بارانبارینەی رووی لە ناوچەکە کردووە روو لە لاوازبوون دەکات، بەڵام نمەباران لە ناوچە شاخاوییەکان بەردەوام دەبێت.

بەڕێوەبەرایەتییەکە لە راپۆرتێکدا کە وێنەیەکی دەست کوردسات نیوز کەوتووە، ئاماژەی بەوەکردووە، ئەمشەو و سبەی پێنجشەممە هەرێمی کوردستان لەژێر کاریگەریی ناسەقامگیرییەکی لاوازی نزمە پەستانی دەریای سپی ناوەڕاستدا دەمێنێتەوە.

بەپێی راپۆرتەکە، پێشبینی نمەبارانی پچڕپچڕ دەکرێت بەتایبەتی لە ناوچە شاخاوییەکان، لەگەڵ بارینی بەفرێکی کەم لە ناوچە سنورییەکانی باکور و باکوری رۆژهەڵات.

کەشناسی روونیکردووەتەوە، لە سنوری پارێزگای دهۆک و ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ نمەباران دەبارێت و پێشبینی دەکرێت بەیانیی سبەی پێنجشەممە لە ناوچەکانی قەسرۆک و بەردەڕەش زۆرترین بڕ ببارێت کە دەگاتە نزیکەی 4 بۆ 6 ملم.

سەبارەت بە پارێزگاکانی هەولێر، سلێمانی، هەڵەبجە، کەرکوک و ئیدارەکانی سۆران، راپەڕین و گەرمیان، پێشبینی کەمترین بڕی نمەباران دەکرێت کە لە نێوان 0.2 بۆ 1 ملم دەبێت.

بەڕێوەبەرایەتییەکە ئەوەشی خستووەتەڕوو، کاریگەریی ئەم شەپۆلە تا رۆژی هەینی روو لە کەمبوونەوە دەکات و لەو ماوەیەشدا پلەکانی گەرما گۆڕانکاریی ئەوتۆیان بەسەردا نایەت.