بەڕێوەبەری گشتی بەنداوەکانی هەرێم: لە 48 سەعاتی رابردودا زیاتر لە 100 ملیۆن مەتر سێجا ئاو، لە بەنداوەکانی دەربەندیخان و دوکان زیادی کردوە
بڵند
١٠ی کانونی یەکەمی ٢٠٢٥
لە دوای دوو رۆژ لەو شەپۆلەی بارانبارینەی، کە بەشێک لە ناوچەکانی هەرێمی گرتوەتەوە، بەڕێوەبەرایەتی بەنداوەکانی هەرێم رایگەیاند، لە 48 سەعاتی رابردودا، زیاتر لە 100 ملیۆن مەتر سێ جا ئاو لە بەنداوەکانی دوکان و دەربەندیخان زیادی کردوە، ئاماژەی بەوەش کرد تەواوی بەنداوە بچوکەکان لە سنوری پارێزگای سلێمانی سەرڕێژیان کردوە.
ئەمڕۆ چوارشەممە، لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ کوردسات نیوز، رەحمان خانی بەرێوەبەری گشتی بەنداوەکانی هەرێم رایگەیاند، بەهۆی ئەو شەپۆلە بارانبارینەی لە 48 سەعاتی رابردودا هەرێمی گرتوەتەوە، ئاستی ئاویی هەریەکە لە بەنداوەکانی دوکان و دەربەندیخان بە شێوەیەکی باش بەرز بوەتەوە.
ناوبراو رایگەیاند، بەگوێرەی داتاکان تەنها لە 48 سەعاتی رابردودا بەنداوی دوکان 70 سانتیمەتر و بەنداوی دەربەندیخانیش 150 سانتیمەتر ئاستی ئاوەکەیان بەرز بوەتەوە، تەنها لەو دوو بەنداوەدا زیاتر لە 100 ملیۆن مەتر سێ جا ئاو زیادی کردوە.
لەبارەی بەنداوە بچوک و پۆندەکانیشەوە، رەحمان خانی رایگەیاندوە، هەر هەموویان پڕبون و سەرڕێژیان کردوە.
ئەمە لە کاتیكدایە، کەشناسی هەرێم رایگەیاندوە، لە دوانیوەریۆی ئەمڕۆوە کاریگەری ئەو شەپۆلە بارانبارینەی ناوچەکانی هەرێمی گرتوەتەوە بەرەو کۆتایی دەچێت و نمە باران لە چەند ناوچەیەک بەردەوامی دەبێت.



