وەزیری رۆشنبیری: کتێبخانەی گشتیی چەمچەماڵ بنیات دەنێینەوە
راهۆز
١٠ی کانونی یەکەمی ٢٠٢٥
حەمەی حەمە سەعید، وەزیری رۆشنبیری و لاوانی حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، بەهۆی لافاوەکەوە زیانێکی زۆر بەر کتێبخانەی گشتیی چەمچەماڵ کەوتووە و بە زووترین کات نۆژەنی دەکەنەوە.
وەزیری رۆشنبیری و لاوان لە پەیامێکدا ئاماژەی بەوەکردووە، بەهۆی لافاوەکەی دوێنێوە، بەڕێوەبەرایەتی رۆشنبیری و کتێبخانەی گشتیی چەمچەماڵ زیانێکی زۆریان بەرکەوتووە، بەشێکی زۆری کتێبەکان تەڕ بوون و کەوتوونەتە ژێر لیتە و هۆڵەکانی خوێندنەوەش زیانیان پێگەیشتووە.
ئەوەشی خستووەتەڕوو، هەوڵی جددی دەدەن و کار بۆ ئەوە دەکەن بە زووترین کات کتێبخانەکە نۆژەن بکرێتەوە و سەرجەم پێداویستییەکانی دابین بکرێنەوە.
حەمەی حەمە سەعید هاوخەمیی خۆیشی بۆ کەسوکاری قوربانیانی لافاوەکەی چەمچەماڵ، تەکیە و سنوری پارێزگای کەرکوک دەربڕی.



