حکومەتی هەرێمی کوردستان راپۆرتی تایبەت بە زیانەکانی شەپۆلی بارانبارین و لافاوەکەی چەند رۆژی رابردووی بڵاوکردەوە و ئاشکرای دەکات، جگە لە زیانی ماددیی زۆر، لە چەمچەماڵ، گەرمیان و کەرکوک چوار هاووڵاتی گیانیان لەدەستداوە.

فەرمانگەی میدیا و زانیاریی حکومەتی هەرێم، ئاماری زیانەکانی ئەو شەپۆلە بارانبارینەی بڵاوکردەوە کە لە رۆژانی 8 و 9ی کانوونی یەکەمی 2025 ناوچە جیاجیاکانی گرتەوە، بەپێی راپۆرتەکە زۆرترین رێژەی بارانبارین و زیانەکان لە سنوری پارێزگای سلێمانی و ئیدارەی گەرمیان بووە.

بەپێی راپۆرتەکە، بەهۆی لافاوەکەوە لە قەزای چەمچەماڵ دوو هاووڵاتی گیانیان لەدەستداوە و دوو کەسی دیکە بریندار بوون و کەسێکیش بێسەروشوێنە، لە قەزای کەلار منداڵێک و لە کەرکوکیش منداڵێکی تەمەن حەوت ساڵ بەهۆی لافاوەوە خنکاون. هەروەها لە سنوری بالیسانی پارێزگای هەولێر بەهۆی هەورەبروسکەوە شەش پێشمەرگە بریندار بوون.

لە راپۆرتەکەدا هاتووە، لە چەمچەماڵ و تەکیە رێژەی بارانبارین زۆر بەرزبووە و گەیشتووەتە سەرووی 170 ملم، بەو هۆیەوە 500 ماڵ لە چەمچەماڵ و دەیان ماڵ لە سلێمانی و بازیان زیانیان بەرکەوتووە، هەروەها لە ناحیەی شوان 400 حەوزی ماسی لەناوچوون.

گەرمیان و کەرکوک:

لە سنوری ئیدارەی گەرمیان، زیانێکی زۆر بەر بازاڕی قەزای رزگاری کەوتووە و پردی نێوان هەردوو قەزای کەلار و رزگاری پچڕاوە، لەگەڵ تێکشکانی پرۆژەی ئاودێری سەلام. لە کەرکوکیش جگە لە گیانلەدەستدانی منداڵێک، پردێکی ستراتیژی لە قەزای داقوق داڕماوە کە هاتوچۆی نێوان کەرکوک و بەغدای پەکخستووە.

هەولێر، دهۆک و هەڵەبجە:

لە پارێزگای هەولێر بەهۆی لێڵبوونی ئاوەوە، پرۆژەکانی ئاو لەسەر زێی گەورە بۆ ماوەی 24 بۆ 48 سەعات راگیراون. لە هەڵەبجەش بەهۆی بارانەوە پشووی رەسمی لە خوێندنگە و زانکۆکان راگەیەندراوە.

سۆران و راپەڕین:

لە ئیدارەی سۆران و راپەڕین بەفرێکی زۆر باریوە، بەو هۆیەوە دەروازەی کێلێ بە تەواوی داخراوە و جووڵەی بازرگانی راگیراوە، لە دەڤەری باڵەکایەتی و چۆمانیش بەفر رێگەوبانەکانی گرتووە.

حکومەتی هەرێم ئاماژەی بەوەکردووە، لیژنەی قەرەبووکردنەوەی زیانلێکەوتووان دەستبەکار بووە و لە رێگەی تیمەکانەوە هاوکارییەکان دابەش دەکرێن.