لە چوارچێوەی ئامادەكارییەكان بۆ دەستپێكردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێم، بڕیارە سبەینێ وەفدێكی وەزارەتی نەوتی عیراق سەردانی هەولێر بكات و بەدواداچوون بۆ بڕی نەوتی بەرهەمهێنراو لە هەرێم بكات.
پەیامنێری كوردسات نیوز لە بەغداد رایگەیاند، وەفدەكەی وەزارەتی نەوتی عیراق بە ئەندامێتی نوێنەری كۆمپانیای سۆمۆ سەردانی هەولێر دەكات و بە هەماهەنگی لایەنە پەیوەندیدارەكانی حكومەتی هەرێم، بەدواداچوون بۆ بڕی راستەقینەی نەوتی بەرهەمهێنراو لە هەرێمی كوردستان و داهاتەكەی و هەروەها هەنگاوەكانی دەستپێكردنەوەی هەناردەی نەوتەكە دەكات، دواتر بە راپۆرتێك پێشكەشی ئەنجومەنی وەزیرانی عیراقی دەكات.
ئەوەشی خستەڕوو، لەسەر بنەمای راپۆرتی كۆتایی ئەو وەفدەی وەزارەتی نەوت، ئەنجومەنی وەزیرانی عیراق بڕیار لەسەر ناردنی موچەی مانگەكانی حوزەیران و دواتر دەدات.
بەپێی دوایین رێككەوتنی نێوان هەولێر و بەغداد بۆ چارەسەركردنی كێشەی موچە و دەستپێكردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێم، كە بە هەوڵی بافڵ جەلال تاڵەبانی سەرۆكی یەكێتیی نیشتمانیی کوردستان كرا، هەرێم دەبێت مانگانە 120 ملیار دینار داهاتی نانەوتی و رۆژانە نزیكی 230 هەزار بەرمیل نەوت بداتە حكومەتی عیراق، تاكو لە بەرانبەردا حكومەتی ناوبراو موچە و بودجەی هەرێم بنێرێت.
قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران پیرۆزبایی لە عەلی باپیر دەکات بەبۆنەی هەڵبژاردنەوەی بە سەرۆکی کۆمەڵی دادگەری کوردستان و دەڵێت: هیوادارم کۆنگرە راسپاردە و بڕیاری نوێی لێ بەدەستبێت کە بەرنامەی سیاسی ئەم حزبە پەرەپێبدات.
دەقی پەیامەکەی قوباد تاڵەبانی...
بە بۆنەی بەستنی کۆنگرەی پێنج و هەڵبژاردنەوەتان بەسەرۆکی کۆمەڵی دادگەریی کوردستان، پیرۆزباییتان لێ دەکەم.
بەڕێز مامۆستا عەلی باپیر سەرۆکی کۆمەڵی دادگەریی کوردستان
بە بۆنەی بەستنی کۆنگرەی پێنج و هەڵبژاردنەوەتان بەسەرۆکی کۆمەڵی دادگەریی کوردستان، پیرۆزباییتان لێ دەکەم.
هیوادارم کۆنگرە راسپاردە و بڕیاری نوێی لێ بەدەستبێت کە بەرنامەی سیاسی ئەم حزبە پەرەپێبدات، سەرەنجام بەخزمەتی بەرژەوەندییەکانی گەلەکەمان بکەوێتەوە و دەستێکی خێر و دڵسۆزانەی نیشتمانیی بێت بۆ یەکڕیزی نێوماڵی کورد و پێشخستنی پرۆسەی سیاسی هەرێمی کوردستان.
دوبارە پیرۆزبێت و هیوای سەرکەوتنتان بۆ دەخوازم.
قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران
لە نێو روباری گەلی عەلی بەگ گەشتیارێکی تەمەن 25 ساڵ خنکا، بەرگری شارستانی سۆرانیش دەڵێت: توانرا لە دوای 20 خولەک تەرمەکەی بدۆزرێتەوە و دەربهێنرێتەوە.
رەوەند مەغدید وتەبێژی بەرگری شارەستانی سۆران بە کوردسات نیوزی راگەیاند، کاتژمێر 2:45 خولەک ئاگادارکراینەوە گەنجێکی تەمەنی 25 ساڵ لەکاتی مەلە کردن لە روباری گەلی عەلی بەگ خنکا، دەشڵێت، دوایی 20 خولەک لەخنکانی لەلایەن تیمەکانی رزگارکردنی سەر بەڕێوەبەرایەتی بەرگری شارستانی تەرمەکەی بهێندرێتە دەرەوە.
ئاماژەی بەوەشکرد، تەرمەکەی رەوانەی پزیشکی دادی سۆران کراو، دوایی رێکارە پزیشکیەکان رادەستی کەس و کاری کرایەوە.
جێگەی ئاماژەیە گەنجەکه دانیشتووی قەزای خەلیفانە ناوی "محمد حسن" ە
بافڵ جەلال تاڵەبانی سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، بەبۆنەی هەڵبژاردنەوەی عەلی باپیر بە سەرۆکی کۆمەڵی دادگەری کوردستان، پەیامێکی پیرۆزبایی ئاراستەکرد و رایگەیاند، رۆڵی مامۆستا عەلی باپیر و کۆمەڵی دادگەری لە گۆڕەپانی سیاسیی کوردستاندا، بەرزدەنرخێنین و جەخت لە گەشەپێدانی پەیوەندییەکانمان و هاریکاریی نێوانمان دەکەینەوە.
دەقی پەیامەکەی بافڵ جەلال تاڵەبانی.......
بەڕێز/ مامۆستا عەلی باپیر، سەرۆکی کۆمەڵی دادگەریی کوردستان
بەبۆنەی هەڵبژاردنەوەتان بە سەرۆکی کۆمەڵی دادگەریی کوردستان، گەرمترین پیرۆزبایی لە بەڕێزتان و سەرجەم ئەندام و لایەنگرانی کۆمەڵ دەکەم و وەک هەمیشە هیوای سەرکەوتنی زیاترتان بۆ دەخوازم.
رۆڵی بەڕێزتان و کۆمەڵی دادگەری لە گۆڕەپانی سیاسیی کوردستاندا بەرزدەنرخێنین و جەخت لە گەشەپێدانی پەیوەندییەکانمان و هاریکاریی نێوانمان دەکەینەوە لەپێناو یەکخستنی هەوڵە نیشتمانییەکان و رێکخستنەوەی ماڵی کورد.
هەرێمی کوردستان و ناوچەکە بە قۆناغێکی هەستیاردا تێدەپەڕن و کاری پێکەوەیی هەموو هێز و لایەنە سیاسییەکان پێویستییەکی لەپێشینەیە بۆ تێپەڕاندنی ئەم دۆخە و خزمەتکردنی زیاتری هاونیشتمانییان.
سەربەرز و سەرکەوتووبن
بافڵ جەلال تاڵەبانی
سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان
مەکتەبی سیاسی یەکێتی نیشتمانی کوردستان بەبۆنەی کۆچی دوایی (حاجی کەریم مام شریف شاناخسێی) باوکی عومەر کەریم، ئەندامی بۆردی مەکتەبی راگەیاندن و هۆشیاری پەیامێکی هاوخەمی بڵاوکردەوە.
لە پەیامەکەدا هاتووە؛ "بۆ کۆچی دوایی (حاجی کەریم مام شریف شاناخسێی) باوکی بەڕێزتان لەناخی دڵەوە پرسەو ماتەمی خۆمان ئاڕاستەی کەسوکار و خانەوادە تێکۆشەر و بەڕێزەکەتان دەکەین.
لە یەزدانی مەزن داواکارین رۆحی کۆچکردوو بە بەهەشتی بەرین شادبکات و ئارامی بە گشت لایەک ببەخشێت.
دوێنێ پێنجشەممە، سهید ئهحمهد سەید حەسەن بەرزنجی مامۆستا و زانای ئایینی کۆچی دوایی کرد.
سهید ئهحمهد سەید حسن بەرزنجی یەکێک بوو لە مامۆستا و زانا ئایینییە گەورەکانی هەرێمی کوردستان.
ئەو مامۆستا ئایینییە ئەندامی پێشووی لیژنەی فەتوای سلێمانی بوو، هەروەها ئیمام و مودەڕیسی مزگەوتی شێخ حسێنی قازی بوو.
بە دەیان مامۆستای ئایینیی لەسەر دەستی ئەو زانا ئایینییە، چەندین زانستی ئایینیی و فکری و فەلسەفییان خوێندووە و دەیان فێرخواز و قورئانخوێنی پێگەیاندووە.
داهاتی نا نەوتیی ئەم هەفتەیەی سنوری پارێزگای سلێمانی زیاتر لە نۆ ملیار و 124 ملیۆن دینار بووە و بەراورد بە هەفتەی رابردووش زیاتر لە ملیارێك دینار زیادیكردووە.
ماڵپەری شەفافیەت كە چاودێری داهاتی نانەوتیی پارێزگاكانی سلێمانی و هەڵەبجە و ئیدارە سەربەخۆكانی راپەڕین و گەرمیان دەكات، بڵاویكردەوە، داهاتی نانەوتیی ئەم هەفتەیە لە 12ی 7 تا ئەمڕۆ، نۆ ملیار و 124 ملیۆن و 558 هەزار دینار بووە، لەو بڕەش 85%ی نەختینە و 14%ی بە چەك بووە.
ئاماژەی بەوەشكردووە، داهاتەكە بەراورد بە هەفتەی رابردوو، زیاتر لە ملیارێك دینار زیادیكردووە كە لەو هەفتەیەدا داهاتەكە زیاتر لە 7 ملیار و 831 ملیۆن دینار بووە.
پەیامنێری کوردسات نیوز باسی لەوەکرد، بەهۆی کێشەی زەوی و زارەوە لە گوندێکی ناحیەی قادرکەرەمی سەر بە قەزای چەمچەماڵ دوو کەس کوژران.
پەیامنێری کوردسات نیوز ئاماژەی بەوەشکرد، شەڕەکە لەنێوان دوو بنەماڵەدا دروست بووە کە خزمی یەکترن و بەهۆی گرفتی زەوی زارەوە بووە.
روونیشیکردەوە، روداوەکە بە جۆرێک بووە، سەرەتا کەسێک کوژراوە و دوو تۆمەتبارەکە هەڵهاتوو، دواتر کەسوکاری کوژراوەکە تۆمەتبارەکانیان لە گوندێکی دیکە دۆزیوەتەوە و تەقەیان لێکردوون، بەهۆیەوە یەکیان گیانی لەدەستداوە و ئەوەی دیکە بریندار بووە.
وتیشی، لە ئێستادا هێزە ئەمنییەکان لێکۆڵینەوەیان لە روداوەکە دەست پێ کردووە و ئەو کەسەشی بریندارە، دەستبەسەر کراوە.
کەشناسیی هەرێم پێشبینییەکانی کەشوهەوای ئەمڕۆ و سبەینێی بڵاوکردەوە و ئاماژەی بەوەکردووە، پلەکانی گەرما بەرز دەبنەوە.
کەشناسیی هەرێم رایگەیاند، ئەمڕۆ هەینی، ئاسمان ساماڵ دەبێـت و پلەکانی گەرما کەمێک بەرزتر دەبنەوە بەراورد بە دوێنێ.
ئاماژەی بەوەشکردووە، سبەینێ شەممە، بە گشتی ئاسمان ساماڵ دەبێت و پلەکانی گەرما بە هەمان شێوە 1 بۆ 2 پلەی دیکە بەرزتر دەبنەوە.
بەرزترین پلەکانی گەرمای پێشبینیکراو بە پلەی سیلیزی بۆ سبەینێ:
هەولێر : 43 پلەی سیلیزی
سلێمانی : 42 پلەی سیلیزی
دهۆک : 42 پلەی سیلیزی
کەرکوک : 45 پلەی سیلیزی
زاخۆ : 43 پلەی سیلیزی
هەڵەبجە : 43 پلەی سیلیزی
سۆران : 41 پلەی سیلیزی
حاجی ئۆمەران : 32 پلەی سیلیزی
گەرمیان : 46 پلەی سیلیزی
بەهۆی پێکدادانی دوو ئۆتۆمبێل لە رێگای زەڕایەن-دەربەندیخان چوار کەس گیانیان لەدەستدا کە سەرجەمیان ئەندامی یەک خێزانن.
روداوەکە لە جۆری پێکدادان بووە لە نێوان تانکەرێکی سوتەمەنی و ئۆتۆمبێلێکی تایبەت لەسەر رێگای زەڕایەن-دەربەندیخان و چوار کەس تیایدا گیانیان لە دەستداوە.
قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکوەزیران لەگەڵ لیو جیون، کونسوڵی گشتیی چین لە هەرێمی کوردستان کۆبووەوە و پێکەوە لەبارەی چەند پرسێکی جێی بایەخی هەردوولا گفتوگۆیان کرد.
لە کۆبوونەوەکەدا کە ئەمڕۆ پێنجشەمە بەڕێوەچوو، قوباد تاڵەبانی سوپاسی هاوکارییەکانی حکومەتی چینی کرد بۆ هەرێمی کوردستان، بە تایبەت لەروی پەرەپێدانی توانا مرۆییەکان و گەشەپێدانی ئابورییەوە.
هیوای خواست لە داهاتوودا کاری زیاتر بکرێت بۆ ئەوەی ژمارەیەکی زیاتر لە هاوڵاتییانی هەرێم سودمەند بن لە بەرنامەی پەرەپێدانی تواناکان.
لە بەشێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا باس لە پەیوەندییەکانی هەرێم و بەغدا کرا. جێگری سەرۆکوەزیران رێککەوتنی هەرێم و بەغدا لەبارەی چارەسەرکردنی کێشەی موچە و هەناردەکردنەوەی نەوتی بۆ کونسوڵی چین روونکردەوە و جەختی کردەوە کە حکومەتی هەرێم ئامادەیە هەموو کێشەکان بەپێی دەستور لەگەڵ بەغدا چارەسەر بکات.
قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆک وەزیران پێشوازیکرد لە ئانل بۆرا ئينان، باڵیۆزی تورکیا لە عیراق و لە کۆبوونەوەی نێوانیاندا پرۆسەی ئاشتی لە تورکیا، پەیوەندییەکانی هەرێم و بەغداد و چەند پرسێکی دیکە تاوتوێ کران.
لە تەوەرێکی کۆبوونەوەکەدا کە رۆژی پێنجشەممە 17ـی 7ـی 2025 لە هەولێر بە ئامادەبوونی ئەرمان تۆبجو، کونسوڵی گشتیی تورکیا لە هەرێم بەڕێوەچوو، باس لە دواین بەرەوپێشچوونەکانی پرۆسەی ئاشتی لە تورکیا کرا. جێگری سەرۆک وەزیران پرۆسەی لەناوبردنی چەکی پەکەکەی بە هەنگاوێکی مێژوویی ناوبرد و هیوای خواست هەنگاوەکانی دیکەی پرۆسەی ئاشتی بە سەرکەوتوویی بەڕێوەبچێت. لەم چوارچێوەیەشدا جەختی کردەوە لەسەر پشتیوانی حکومەتی هەرێم لە پرۆسەکە و ئامادەیی هەرێمی کوردستانیشی دەربڕی بۆ هەموو جۆرە هاوکارییەک بۆ سەرخستنی پرۆسەکە.
لە بەشێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا باس لە کێشەی فرۆکەخانەی نێودەوڵەتی سلێمانی کرا و قوباد تاڵەبانی داوایکرد تورکیا ئاسمانی وڵاتەکەی بەڕووی گەشتەکانی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی سلێمانیدا بکاتەوە.
لە تەوەرێکی دیکەدا گفتوگۆکرا لەبارەی پەیوەندییەکانی نێوان هەرێم و بەغداد. لەم چوارچێوەیەشدا جێگری سەرۆک وەزیران رێککەوتنی نێوان هەرێم و بەغدادی لەبارەی چارەسەرکردنی کێشەی موچە و هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی بە هەنگاوێکی گرنگ بۆ بەهێزترکردنی پەیوەندییەکانی نێوان هەرێم و بەغدا زانی و رایگەیاند: هەرێمی کوردستان خوازیارە هەموو کێشەکانی لەگەڵ بەغداد بەپێی دەستور چارەسەر بکات. باڵیۆزی تورکیاش خۆشحاڵی خۆی لە رێککەوتنەکە دەربڕی و هیوای خواست پەیوەندییەکانی نێوان هەرێم و بەغدا بەرەوپێشچوونی زیاتر بەخۆیەوە ببینێت.
سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیرانی حکومەتی هەرێم دەڵێت، " پێزانینێکی زۆرم بۆ خۆڕاگری و پشوودرێژیی خەڵکی کوردستان هەیە".
دوای رێککەوتنی نێوان عیراق و هەرێم، مەسرور بارزانی سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیرانی حکومەتی هەرێم پەیامێکی بڵاوکردووەتەوە و دەڵێت، "پێزانینێکی زۆرم بۆ خۆڕاگری و پشوودرێژیی خەڵکی کوردستان هەیە، هەروەها سوپاسی ماندووبوونی هەموو کەس و لایەنێکیش دەکەم کە هەوڵیان بۆ چارەسەرکردنی کێشەی موچە داوە و بەردەوام هاوکار و پاڵپشتمان بوون".
دەشڵێت: هیوادارم مووچە و شایستە داراییەکان، کە مافێکی رەوای خەڵکی کوردستانە، چیتر تێکەڵی هیچ کێشە و ناکۆکییەک نەکرێت و لە چوارچێوەی دەستوور و بە رێزگرتن لە رێککەوتنەکان، کێشەکانمان چارەسەر بکەین".
مەسرور بارزانی ئاماژەی بەوەشداوە: دەبێت کۆتاییش بەو هێرشانە بێت کە دەکرێنە سەر هەرێمی کوردستان و بە تایبەتیش کێڵگە نەوتییەکان، هیوادارین حکومەتی فیدراڵ هاوکار بێت لە دۆزینەوری ئەو تێکدەرانە و گرتنەبەری رێکاری یاسایی لە دژیان.
وەزارەتی ئاوەدانكردنەوەو نیشتەجێكردن رایگەیاند، رۆژی پێنج شەممەی داهاتوو یەكەكانی نیشتەجێبون بەسەر كرێنشین و كەمدەرامەتان دابەشدەكرێت.
وەزارەتی ئاوەدانكردنەوەو نیشتەجێكردن لە راگەیەنراوێكدا ئاماژەی بۆ ئەوەكردووە، رۆژی پێنجشەممەی داهاتوو، لە رێورەسمێكدا وەزارەتەكەیان، ناوی سودمەندان رادەگەیەنێت بۆ وەرگرتنی یەكەكانی نیشتەجێبوون و دواتر بەرەسمی بانگهێشتدەكرێن بۆ ئەنجامدانی گرێبەستی وەرگرتنی یەكەكانی نیشتەجێبون.
راشیگەیاند، ژمارەی یەكەكان زیاتر لە نۆ هەزار یەكەی نیشتەجێبونە لەسەرجەم شارەكانی هەرێمی كوردستان، بەشێكیان لە قۆناغی كۆتاییدان و بەشێكیان كاركردن تیایاندا بەردەوامە، سەرجەم یەكەكان دابەش دەكرێن بەوانەشی كە لەئێستادا تەواو نەكراون، بۆ ئەوەی خێزانی سودمەندبوو دڵنیا بێت لەوەی كە یەكەیەك كراوە بە ناویەوەو هەركات تەواوكرا تیایدا نیشتەجێ دەبێت.
لەرابردودا زیاتر لە (25)هەزار خێزان فۆرمی یەكەی نیشتەجێبونیان بەشێوەی ئۆنلاین پڕكردەوە، دواتر پرۆسەی وردبینی و جیاكردنەوەی ناوەكان بە خاڵبەندی ئەنجامدرا، یەكەكان بە قیستی درێژخایەن و بەبێ پێشەكی دەدرێت بە خێزانەكان و بەقیستی مانگانە و بە ماوەی 25 ساڵ پارەكەیان لێوەردەگیرێتەوە.
محەمەد شیاع سودانی سەرۆحک وەزیرانی عیراق سوپاسی بافڵ جەلال تالەبانی دەکات و دەڵێت، "رۆڵی گرنگی بینیوە لە رێککەوتنی نێوان هەولێر و بەغداد".
ئەنجومەنی وەزیرانی عیراق ئەمڕۆ پێنجشەممە 17ـی 7ـی 2025، کۆبوونەوەیەکی نائاسایی ئەنجامدا کە تایبەت بوو بە پرسی موچە و نەوت و رێککەوتنی نێوان هەولێر و بەغداد.
لە سەرەتای کۆبوونەوەکەدا، سەرۆک وەزیرانی عیراق سوپاسی بافڵ جەلال تاڵەبانی کردووە و وتویەتی، "بافڵ جەلال تاڵەبانی سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان رۆڵی گرنگی بینیوە لە نزیکبوونەوەی هەولێر و بەغداد و ئەنجامدانی رێککەوتن".
ئەمە لەکاتێکدایە کە لە چەند رۆژی رابردوودا، بافڵ جەلال تاڵەبانی سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، سەردانی بەغدادی کرد و چەند کۆبوونەوەیەکی گرنگی ئەنجامدا، دوابەدوای کۆبوونەوەکانی سەرۆکی یەکێتی، رێککەوتن لەنێوان هەولێر و بەغداد ئەنجامدرا.
بەپێی زانیارییەکانی کوردسات نیوز، رێککەوتنەکە تا رۆژی 31ـی 12ـی 2025 بەردەوام دەبێت، هەروەها لیژنەیەک لە حکومەتی هەرێم و بەغداد پێکهاتوون و بەمزووانە هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێم دەست پێ دەکات. لە چەند رۆژی داهاتووشدا بڕیار لە خەرجکردنی موچەی مانگی شەشی هەرێم دەدرێت.