وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی بڕیاریدا بە لێخۆشبوون لە تەواوی کرێی خوێندنی خوێندکارانی چەمچەماڵ و دەوروبەری بۆ ساڵی خوێندنی 2025-2026، ئەوەش وەک هاوخەمییەک بۆ زیانلێکەوتووانی ناوچەکە.

د. ئارام محەمەد قادر، وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی بە ئیمزای خۆی بڕیارەکەی دەرکردووە و ئاماژەی بەوەداوە، لەپێناو بەشداریکردن لە خەمی خەڵکی چەمچەماڵ و بەدەنگەوەهاتنی خوێندکارەکانیان بەهۆی ئەو کارەساتە سروشتییەی روویکردووەتە ناوچەکە، بڕیاردراوە بە لێخۆشبوون لە پارەی کرێی خوێندن بۆ دانیشتووانی قەزاکە.

بەپێی بڕیارەکە، لێخۆشبوونەکە سەرجەم ئەو خوێندکارانە دەگرێتەوە کە دانیشتووی چەمچەماڵن و لە سیستمی پارالێل یان خوێندنی ئێواران لە زانکۆکان وەرگیراون.

بڕیارەکە گشتگیرە و هەردوو قۆناغی خوێندنی بەرایی (دبلۆم و بەکالۆریۆس) و خوێندنی باڵا (دبلۆمی باڵا، ماستەر و دکتۆر) دەگرێتەوە.

وەزارەتی خوێندنی باڵا مەرجی ئەوەی داناوە، کە پێویستە خوێندکاران بە بەڵگەنامەی رەسمی و یاسایی بیسەلمێنن کە دانیشتووی قەزای چەمچەماڵن یان ئەو ناوچانەی زیانیان بەرکەوتووە، بۆ ئەوەی بڕیارەکە بیانگرێتەوە.