وەک بەدەنگەوەهاتنێک بۆ دۆخی لێقەوماوانی چەمچەماڵ، گروپی کۆمپانیاکانی قەیوان بڕی یەک ملیار دیناری بەخشییە سندوقی قەرەبوکردنەوەی زیانلێکەوتووانی قەزاکە.

دلێر کەمال، بەڕێوەبەری راگەیاندن و پەیوەندییەکانی قەیوان گروپ بە کوردسات نیوزی راگەیاند، لە سۆنگەی هەستکردن بە بەرپرسیارێتی و ئەو خەمە گەورەیەی رووی لە چەمچەماڵ کردووە، بڕی یەک ملیار دیناریان بەخشیوە بە کۆمیسیۆنی قەرەبوکردنەوەی زیانلێکەوتووانی قەزای چەمچەماڵ و دەوروبەری.

بەڕێوەبەری راگەیاندنی قەیوان گروپ ئاماژەی بەوەشکرد، خەرجکردنی ئەو بڕە پارەیە لەرێگەی نوسینگەی قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆک وەزیرانەوە سەرپەرشتی دەکرێت، تا بەشێوەیەکی شەفاف بگاتە دەست زیانلێکەوتووان.

جگە لەم هاوکارییە داراییە گەورەیە، پێشتریش قەیوان گروپ لەرێگەی کەمپینەکانی دیکەوە بڕی 100 ملیۆن دیناری بەخشیوەتە لێقەوماوانی ناوچەکە.

هاوکات لەرووی لۆجیستییەوە و بۆ خستنەوەسەرپێی ژیان لە چەمچەماڵ، ماوەی چەندین رۆژە زیاتر لە 20 ئامێری جۆراوجۆر لە (شۆفڵ، گەڵابە و تەنکەری ئاو)ی کۆمپانیاکە لە ناوچە زیانلێکەوتووەکاندا خراونەتەگەڕ و لە کاردابوون.