سەنتەری میترۆ رایدەگەیەنێت: كارەساتی لافاوەكەی چەمچەماڵ و كەلار و ناوچەكانی تری گەرمیان، بۆنەیەك نین بۆ دەرخستنی رقی سیاسی و ململانێی نێوان هێزە سیاسییەكان، دەبێت میدیا جیاوازی بكات لە نێوان هاوپشتی لێقەوماوان و بانگەشەی سیاسی و حزبی.

سەنتەرى میترۆ بۆ داکۆکی لە مافى رۆژنامەنووسان لەراگەیەنراوێکدا ئاشکرایکرد، كاری میدیا لەكاتی كارەساتی وەك لافاو، پێدانی زانیارییە لەسەر گۆڕانكارییەكانی كەشوهەوای ناوچەكە، رێڕەوەكانی لافاو و مەترسی سەرهەڵدانەوەی، هۆشیاركردنەوەی هاوڵاتیان لە مەترسییەكانی، هەروەها ئاسانكاری پەیوەندی نێوان هاووڵاتیان و دەزگای رەسمی و رێكخراوە خێرخوازەكان، دەستنیشانكردنی پێداویستییەكانی خەڵكی زیان لێكەوتوو، نەك گوتاری سیاسی بێزاركەر و دووبارەی سەردەمی بانگەشەكانی هەڵبژادن.

ئاماژەی بەوەشکرد، بەكارهێنانی ئەم كارەساتە مرۆییە بۆ قازانجی حزبی یان ئەجێندای سیاسی، تەنیا پێشێلكردنی ئەخلاقی رۆژنامەوانی نییە، بەڵكو بێ بایەخكردنی ئازارەكانی خەڵكی لێقەوماوە كە قوڕ و لیتەی لافاوەكە ژیانی گەمارۆ داون، شەرم بكەن.

سەنتەری میترۆ داوا دەکات حكومەت بە بەرپرسیارێتی تەواوی خۆی هەستێت، بە تایبەتیش كە پێشبینی شەپۆلی تری بارانی بەخوڕ دەكرێت، ئێستا كاتی خۆدزینەوە و پاسا و نییە، كاتی موزایەداتی سیاسی نییە، كاتی كاری مەیدانی و هەماهەنگی كاریگەرە، بە تایبەتیش كارەساتەكە دەریخست توێژێكی پەراوێزخراوی بێ ماف چۆن ژیانیان بەسەر بردووە.

راشیگەیاند سەنتەری میترۆ بە رێزەوە دەڕوانێتە كەمپین و هەوڵی رێكخراوە خێرخوازییەكان بۆ بەهاناوە چوونی لێقەوماوان.

ئەوەشی خستەڕوو، چاودێری كارەكانی كۆمسیۆنی فریاگوزاری و بوژانەوەی مرۆیی چەمچەماڵ دەكەن، كە قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان بۆ كۆنترۆڵكردنی قەیران و قەرەبووكردنەوەی دەستنیشانكردنی كەموكوڕییەكان و لێپرسینەوە لە كەمتەرخەمییەكان، پێكهێناوە، داوا لە رۆژنامەنووسان دەكەین وەك سەرچاوەی رەسمی هەمئاهەنگی لەگەڵ بكەن.