قوباد تاڵەبانی بەهۆی شەهیدبوونی ئاکۆ سابیر کارمەندی دڵسۆزی هێزەکانی ئاسایش پرسە و سەرخۆشی ئاڕاستەی خانەوادە و کەسوکارەکەی دەکات و دەڵێت: هەموو لایەک دڵنیا دەکەینەوە ئەم تاوانە چەپەڵە بێ سزای یاسایی تێپەڕ نابێت.

قوباد تاڵەبانی رایگەیاند، زۆر بە داخەوە کاک ئاکۆ سابیر کارمەندی دڵسۆزی هێزەکانی ئاسایش کە دوێنێ لەگەڵ دوو هەڤاڵی دیکەی لەکاتی ئەرکی هاوکاریکردنی زیانلێکەوتووانی لافاوەکەی چەمچەماڵ لەلایەن چەند چەکدارێک تەقەیان لێ کرا و برینداربوون، ئەمڕۆ لە نەخۆشخانە بەهۆی قورسیی برینەکەیەوە گیانی لەدەستدا و تێکەڵ بە کاروانی شەهیدان بوو.

ئاماژەی بەوەشکرد، لە دڵەوە پرسە و سەرەخۆشی ئاراستەی خانەوادە و کەسوکاری سەربەرزی شەهید ئاکۆ و هەموو هەڤاڵانی لە هێزەکانی ئاسایش و خەڵکی چەمچەماڵ و هەموو کوردستان دەکەم. هەموو لایەکیش دڵنیا دەکەینەوە ئەم تاوانە چەپەڵە بێ سزای یاسایی تێپەڕ نابێت و ئەو تاوانبارانەی دەستگیرکراون سزای یاسایی خۆیان وەردەگرن.