هێزەکانی دەزگای ئاسایشی هەرێم لە هاوکاریکردنی زیانلێکەوتووانی چەمچەماڵ بەردەوامن
محەمەد رزگار
١٢ی کانونی یەکەمی ٢٠٢٥
دەزگای ئاسایشی هەرێم، سوپاسی ئەفسەر و کارمەندانی دەکات و هەوڵ ماندبوونیان بەرزدەنرخێنێت کە توانیان هاوکاری بەردەوامی زیانلێکەوتوانی چەمچەماڵ بن.
دەزگای ئاسایشی هەرێم لە راگەیەنراوێکدا بڵاویکردەوە، بەڕێوەبەرایەتی گشتی ئۆپراسیۆنەکانی ئاسایش و بەرێوەبەرایەتی ئاسایشی رۆژئاوای سلێمانی، سەرەڕای جێبەجێکردنی ئەرک و کارەکانیان بۆ ئەنجامدانی کاری مرۆیی و لەپێناو پاراستنی سەروماڵی هاووڵاتیان و رزگارکردنی خەڵکی چەمچەماڵ و دەووروبەری لەو روداوە سروشتییەی کە خەڵکی چەمچەماڵی گرتەوە، وەک قەڵغانێک چوون بەدەم هاوکاری خەڵک و تیمە خزمەتگوزارییەکان و چاودێریکردن و سەرپەرشتیکردنی ڕێکخراوەکان و ئەوکەسانەی هەڵمەتی هاوکاریکردنیان راگەیاند.
ئەوەشی خستەڕوو، سەرەڕای ئەم ئەرک و ماندبوونە بۆ خزمەتی خەڵک ئەمڕۆ دەستێکی رەش پەلاماری هێزەکانی ئاسایشی رۆژئاوایدا، بووە هۆی برینداربوونی سێ كارمەندى ئاسايش و لێکۆڵينەوه لەو بابەتە بەردەوامه.



