رەوشی زیانلێکەوتوانی قەزای چەمچەماڵ و شارەکە بە گشتی قۆناغ بە قۆناغ ئاسایی دەکرێتەوە و لێپرسراوی نوسینگەی جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی سەرۆک وەزیرانی هەرێمیش بە کوردسات نیوزی راگەیاند: بارودۆخەکە لە چەمچەماڵ ئاسایی بووەتەوە.

عەتا محەمەد لێپرسراوی نوسینگەی قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆک وەزیرانی هەرێم لەلێدوانێکدا بۆ کوردسات نیوز رایگەیاند، لە دوای لافاوەكە قۆناغ بە قۆناغ رەوشی شارەكە ئاسایی دەبێتەوە و  هاووڵاتییانیش زۆر بەباشی بەدەم پلانەكانی كۆمیسیۆنی فریاگوزارییەوە دەچن، وتیشی، پاككردنەوەی ناوشاری چەمچەماڵ 90%ی تەواو بووە و دابەشكردنی ئاوی ماڵانیش دەستپێكردووەتەوە.

وتیشی، قوباد تاڵەبانی سات بە سات لەسەر هێڵە و چاودێری رەوشەکە و قەرەبووکردنەوەی زیانلێکەوتووان دەکات و بەردەوام پێشنیاز و رێنماییمان پێدەدات بۆ ئاسایکردنەوەی رەوشەکە.

سەبارەت روداوی تەقەکردنەکەی دوێنێی قەزای چەمچەماڵ، عەتا محەمەد ئاماژەی بەوەکرد،، لەگەڵ ئەوەی دوێنێ چەند چەکدارێک هێرشیان کردە سەر هێزە ئەمنییەکان و بەداخەوە سێ کارمەند بریندار بوون، کە تەندروستی کارمەندێکیان ناجێگیرە، بەڵام تەقەکەرەکان دەستگیرکراون و رووبەڕووی یاسا کراونەتەوە.