ئەنجوومەنی وەزیران رەزامەندی دەربڕی بۆ لێخۆشبوونی ٪50ـی قەرزی سەر کەناڵەکانی راگەیاندن
محەمەد رزگار
١٦ی کانونی یەکەمی ٢٠٢٥
لەسەر داوای وەزیری رۆشنبیری و لاوانی حکومەتی هەرێم، ئەنجومەنی وەزیران رەزامەندی دەربڕی بۆ لێخۆشبوونی ٪50ی قەرزی سەر کەناڵەکانی راگەیاندن.
ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم بڵاویکردەوە، لەسەر داوای وەزیری ڕۆشنبیری و لاوان، سەرۆکایەتی دیوانی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان بە نووسراوێک، رەزامەندی دەربڕی لەسەر لێخۆشبوون بە رێژەی ٪50ـی سەر قەرزی کەناڵەکانی راگەیاندن.
بەپێی داتاکانی وەزارەتی رۆشنبیری و لاوان، لە کۆی 176 کەناڵی بیستراو، 132 کەناڵ قەرزارن و لە کۆی 126 کەناڵی بینراو 94 کەناڵیان قەرزارن، واتە لە کۆی 302 کەناڵ، 226 کەناڵیان قەرزارن.
بەپێی بڕیارەکە، کەناڵەکانی راگەیاندن دەبێت لە ماوەی مانگێکدا قەرزەکەیان بگێڕنەوە بۆ گەنجینەی گشتیی بۆ ئەوەی ئەو بڕیارە بیانگرێتەوە و نیوەی ئەو قەرزە بخرێتە بەر لێخۆشبوونەوە، بە پێچەوانەوە، دواتر سزای دواکەوتن دەکەوێتە سەر قەرزەکانیان.



