ئەمڕۆ وەزیری خوێندنی باڵای هەرێم بە بڕی نزیکەی 400 ملیۆن دینار هاوکاری گەیاندە چەمچەماڵ و زانکۆی چەرموو، دڵنیایش دەدات هاوکارییەکان بەردەوام دەبێت.

ئەمڕۆ سێشەممە د. ئارام محەمەد وەزیری خوێندنی باڵاو توێژینەوەی زانستی هەرێم بە شێوەیەکی مەیدانی سەردانی قەزای چەمچەماڵی کردو لە کۆبونەوەیەکدا بەئامادەبونی سەرۆکی زانکۆی چەرموو و سەرۆک و راگری سەرجەم زانکۆ و پەیمانگە تایبەتەکانی هەرێمی کوردستان جەختی کردەوە؛ هاتنیان بۆ چەمچەماڵ دڵنیایی دانە بە خەڵکی چەمچەماڵ ئەوان تەنیا نین و هەمومان لە زاخۆوە تا خانەقین بە دڵ و گیان لەگەڵیاندان.

وەزیری خوێندنی باڵا لە کۆبونەوەکەدا کە لە زانکۆى چەرموو بەڕێوەچوو رایگەیاند، بەخۆشحاڵییەوە ئەمرۆ زانکۆ و پەیمانگە تایبەتەکانی هەرێمی کوردستان بڕیاریانداوە هاوکاری دارایی پێشکەش بە خەڵکی چەمچەماڵ و زیانلێکەوتووان بکەن، ئەمەش لای ئەوان جێگەی رێز و پێزانینە بۆ زانکۆ و پەیمانگە تایبەتەکان و وەبەرهێنەرەکانیان، هەروەها لەلایەکی دیکەشەوە وەزارەتی خوێندنی باڵا کەلوپەل و پێداویستی زانستی بۆ زانکۆی چەرموو و پەیمانگەی تەکنیکی چەمچەماڵ دابینکردوەو پێشکەشیان کردوون.

د. ئارام محەمەد جەتیشی کردەووە، زانکۆ و پەیمانگە تایبەتەکان و وەزارەت بە بڕی نزیکەی 400 ملیۆن دینار هاوکاری دارایی و کۆمەک پێشکەش بە زیان لێکەوتووانی چەمچەماڵ و دەوروبەرى و زانکۆی چەرموو دەکەن، بۆ ئەوەی ئەوانیش بەشداربن لەگەڵیان و کەمێک لە ئازار و مەینەتیەکانی زیانلێکەوتووان کەم بکەنەوە.

لەمیانى سەردانە مەیدانییەکەیدا بۆ چەمچەماڵ، د. ئارام محەمەد وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى و سەرۆک و راگرى زانکۆ و پەیمانگە تایبەتەکان، لەگەڵ عەتا محەمەد کۆمسیۆنى فریاگوزارى و بوژانەوەى مرۆیی چەمچەماڵ کۆبۆوە، لە کۆبونەوەکەدا وەزیرى خوێندنى باڵا ئاشکرایکرد؛ ئامانج لەم سەردانە گەیاندنى هاوکارى دارایی و کۆمەکى وەزارەتە بە زیان لێکەوتووان و زانکۆى چەرمو و پەیمانگەى تەکنیکى چەمچەماڵ، بۆ ئەمەش بەڵێنى دوپاتکردەوە؛ هاوکارییەکان بۆ چەمچەماڵ و زانکۆى چەرموو بەردەوام دەبێت.