قوباد تاڵەبانی پیرۆزبایی بردنەوەی خەڵاتی "باشترین هاندەری جیهان" لە یانەی زاخۆ دەکات و رایدەگەیەنێت، ئەم دەستکەوتە بەرهەمی هاوسۆزی و یەکدڵیی خەڵکی کوردستانە، هیواش دەخوازێت ئەو یەکدەنگییە بۆ ناو کایەی سیاسیش بگوازرێتەوە.

لە پەیامێکدا قوباد تاڵەبانی رایگەیاند، بردنەوەی خەڵاتی باشترین هاندەر لەسەر ئاستی جیهان، شانازییەکی گەورەیە بۆ یانەی زاخۆ، وەرزشی کوردستان و تەواوی خەڵکی کوردستان، بۆیە لە دڵەوە پیرۆزبایی لە زاخۆی دەلال و هەمووان دەکات.

قوباد تاڵەبانی ئاماژەی بەوە کردووە، شیرینی و خۆشی بردنەوەی ئەم خەڵاتە لەوەدایە کە بەرهەمی هاوسۆزی و پاڵپشتی هەموو خەڵکی کوردستان بوو. دەشڵێت: "گەلی کورد کە بەو هەموو ستەم و سەرکوت و ئازارەی بەسەریدا هاتووە، هەر زیندووە و هەر بەرەوپێش دەچێت، بەرهەمی ئەو هاوسۆزی و یەکدڵییەی خەڵکە."

لە بەشێکی دیکەی پەیامەکەیدا، قوباد تاڵەبانی بەراوردێک لە نێوان خۆشییەکانی زاخۆ و کارەساتە سروشتییەکەی ئەم دواییە دەکات و دەڵێت: "لەم ماوەیەدا هەمووان یەکدڵ و یەکدەنگ پشتیوانیی زاخۆ بوون و ئەمڕۆش لە جەژن و خۆشیی زاخۆییەکاندا بەشدارن، هەروەکچۆن لە ماوەی هەفتەی رابردوودا لە ناخۆشیشدا هەمووان هاوسۆز و پشتیوانیی خەڵکی چەمچەماڵ و گەرمیان بوون."

لە کۆتاییدا قوباد تاڵەبانی هیوا دەخوازێت ئەو هەستە پیرۆزەی هاوسۆزی و هاوچارەنووسی و یەکدەنگییەی لەناو خەڵکی کوردستاندا هەیە، بگوازرێتەوە بۆ ناو سیاسەتیش، چونکە بە وتەی ئەو "ئەمە رێگە دروستەکەیە بۆ ئەوەی گەلەکەمان بەرەو دەستکەوتی گەورەتر هەنگاو بنێت."