بەهۆی کێشەی زەویوزارەوە لە گوندێکی گەرمیان چوار کەس کوژران و شەش کەسی دیکەش بیرنداربوون.
پەیامنێری کوردسات نیوز رایگەیاند، لە گوندی خاڵەبەگی سنوری گەرمیان بەهۆی کێشەی زەویوزارەوە شەڕ و ئاڵۆزی لەنێوان دوو بنەماڵەدا دروست بووە و کوژران و برینداری لێکەوتووەتەوە.
رەفیق قادر بەرێوەبەری نەخۆشخانەی فریاکەوتنی شەید هەژار لە کەلار بە کوردسات نیوزی رایگەیاند، لەو روداوەدا چوار کەس کوژراون کە ئەندامی یەک خێزانن و شەش کەسی دیکەش برینداربوون.
بەوتەی بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی فریاكەوتنی شەهید هەژار لە گەرمیان، سیان لە كوژراوەكان برای یەكترن و ئەوی دیكەش زاوایان بووەو سەرجەمی كوژراو و بریندارەكان فیشەكیان بەركەوتووە و لەنێویشیاندا برینداری سەخت هەیە.
کەشناسی پێشبینی 48 سەعاتی داهاتووی بۆ کەشوهەوا بڵاوکردوەتەوە و بە گوێرەی پێشبینییەکان باران نابارێت و پلەکانی گەرماش کەمێک بەرز دەبنەوە.
ئەمڕۆ هەینی بەڕێوەبەرایەتی کەشناسی و بومەلەرزەزانی هەرێم، بڵاویکردوەتەوە، پلەکانی گەرما بەراورد بە دوێنی کەمێک بەرزدەبنەوە، ئەم شەپۆلی بایەش بەردەوامی دەبێت و خێراییەکە لە نێوان (10 بۆ 20)کم دەبێت لە سەعاتێکدا.
بە گوێرەی پێشبینییەکانیش، لەم دوو رۆژەدا ئەگەری باران بارین نییە و ئاسمان ساماڵ و پەڵە هەور دەبێت.
لەبارەی کەشی سبەینێشەوە، کەشناسی ئاماژەی بەوەکردوە، پلەکانی گەرما نزیک دەبن لە تۆمارکراوەکانی ئەمرۆ و بە هەمانشێوە کەشی ئاسمان ساماڵ و پەڵە هەور دەبێت.
بەرزترین پلەکانی گەرمای پێشبینیکراویش لە ناوچەکان بەمشێوەی دەبێت
هەولێر : 16 پلەی سیلیزی
سلێمانی : 14 پلەی سیلیزی
دهۆک : 16 پلەی سیلیزی
زاخۆ : 17 پلەی سیلیزی
کەرکوک : 18 پلەی سیلیزی
هەڵەبجە : 16 پلەی سیلیزی
سۆران : 14 پلەی سیلیزی
گەرمیان : 18 پلەی سیلیزی
بەپێی زانیارییەکانی کوردسات نیوز، ئاسۆ بەكر مستەفا، قائیمقامی پێشوتری قەزای دوکان، لە شوێنی رەمک رەمەزان، وەكو قائیمقامی نوێى قەزای چەمچەماڵ بە وەکالەت لە رۆژی یەکشەممەوە دەستبەکاردەبێت.
پەیامنێری کوردستان نیوز، لە زاری سەرچاوەیەکی نزیک لە ئاسۆ بەكر مستەفا رایگەیاند، بڕیارە رۆژی یەکشەممە، ئاسۆ بەكر وەک قائیمقامی قەزای چەمچەماڵ بە وەکالەت دەستبەکاربێت.
ئاسۆ بەکر، پێشتر چەندین بەرپرسیارێتی هەبووە و لە ساڵی 2001 بۆ 2017 قائیمقامی قەزای دوکان بووە.
ئەمە لەکاتێکدایە، دوای ئەو لافاوەی قەزای چەمچەماڵ و سنورەکەی گرتوە، قوباد تاڵەبانی بە خێرایی لیژنەیەکی پێکهێنا، بۆ لێکۆڵینەوە لە روداوەکەو دەستنیشانکردنی ئەو کەسانەی کەمتەرخەم بوون.
رەک رەمەزانی قائیقامیش وەک هەستکردن بە بەرپرسیاریەتی، یەکێک بوو لەوانەی داوای دەستلەکارکێشانەوەی کرد لە پۆستەکەی و لەلایەن قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکی حکومەتەوە داواکەی پەسەند کرا.
بەڕێوەبەرایەتی دەروازەی نێودەوڵەتی زێت رایگەیاند، سبەینێ هەینی هاتوچۆکردن و گەشتکردن لە سنوری دەروازەکەیان دەوەستێت، ئاماژەیان بەوەشکردوە، هۆکاری داخستنەکە کارکردنە لە رێگای دەروازەکە لە سنوریی تورکیادا.
ئەمڕۆ پێنجشەممە، بەڕێوەبەرایەتی دەروازەی نێودەوڵەتی زێت راگەیەندراوێکی بڵاوکردوەتەوە و تێیدا هاتووە؛ هاووڵاتییان و گەشتیارانی سنوورەکەیان ئاگادار دەکەنەوە، کەوا سبەینێ هەینی هاتوچۆکردن لە دەروازەکەدا دەوەستێت.
دەشڵێن؛ وەستانی هاتوچۆکردن کاتییە و رۆژی دووشەمە ئاسایی دەبێتەوە و دەروازەکە بەڕویی گەشتیاراندا دەکرێتەوە.
بە گوێرەی راگەیەندراوەکەیان، هۆکاری داخستنەکە کارکردنە لە رێگای دەروازەکەدا، لە روی دەروازەی دەرەجیکی دیووی تورکیاوە و جەختیان کردوەتەوە، وەک دەروازەی زێت ئەوان هیچ گرفتێکیان نییە.
یاریی دوو گەورەكەی ئیسپانیا لە جامی شا روداوێكی تەواو جیاواز و ناوازەی بەخۆوە بینی بۆ كوردستان كە بۆ یەكەم جار بینەران لە كاتی سەیكردنی یاری بارسێلۆنا و ریاڵ مەدرید بینیان كە داوا لە خەڵك دەكرێت سەردانی كوردستان بكەن.
بە هەوڵی دارەوان حاجی حامیدی پەیامنێری پێشووی كوردسات نیوز لە ئەوروپا كە ئێستا نوێنەری حكومەتی هەرێمی كوردستانە لە ئیسپانیا لەكاتی یاری بارسێلۆنا و ریاڵ مەدرید لە جامی شای ئیسپانیا هانی خەڵكی جیهان درا كە سەردانی كوردستان بكەن.
دارەوان ساڵانێكی زۆر پەیامنێری كوردسات نیوز بووە لە ئەوروپا سەردانی یاریگا جیوازەكانی ئەوروپا كردوە لە نێویاندا یاریگاكانی ئیسپانیا و بەهۆیەوە پەیوەندیەكی زۆر باشی لەگەڵ بەرپرسانی وەرزشی ئەو وڵاتە دروستكردوە.
ئێستاش كە دارەوان نوێنەری حكومەتی هەرێمی كوردستانە سودی لەو پەیوەندیە وەرگرتوە بۆ ئەوەی هانی گەشتیاران بدات سەردانی كوردستان بكەن.
لە كاتی یاری ئەو دوو گەورەیەی ئیسپانیا لە شریتی ریكلامی چواردەوەری یاریگاكە چەند جارێك بە ئینگلیزی دەنووسرا سەردانی كوردستان بكەن لە تەنیشت نووسینەكەش ئاڵای رەنگینی كوردستان دانرابوو.
كاروان گەزنەیی وتەبێژی یەكێتی رایگەیاند ، یەكێتی دەستبەراری ئەو داواكارییانە نابێت كە لە دانوستانەكاندا داویەتیە پارتی .
كاروان گەزنەیی وتەبێژی یەكێتیی نیشتیمانیی كوردستان لە كۆنگرەیەكی رۆژامەوانیدا رایگەیاند ، گرنگە لەگەڵ پارتی تێڕوانینێكی هاوبەش هەبێت بۆ ئەوەی بتوانن خزمەتی راستەقینە پێشكەشی گەلی كوردستان بكەن. ،، وتیشی یەكێتیی بەهیچ شێوەیەك دەستبەرداری ئەو داواكاریانە نابێت كە لە دانوستانەكاندا پێشكەشی پارتی كردوە ، چونكە ئەو داواكاریانە بە دەستكەوتی هەڵبژاردن دادەنرێت بۆ یەكێتیی هەمیشەش یەكێتی جەخت لەوە دەكاتەوە كە كورد بە یەكگرتوویی و بە یەكڕیزی بچێتە بەغداد.
لەبارەی پۆستی سەرۆک کۆماری نوێی عیراقیشەوە وتەبێژی یەکێتی ئاماژەی بەوەکرد، کاندیدمان بۆ پۆستی سەرۆکک ۆماری عیراق دەبێت و هەر خۆشمان دیاری دەکەین.
ماڵپەڕی هاوکاری کوردانە بۆ تۆمارکردنی هاوکارییەکان بۆ زیانلێکەوتووانی لافاوەکەی چەمچەماڵ کاراکرا، سەرجەم داتاکانی بەخشەرەکان و هاووڵاتیان لە خۆدەگرێت.
ماڵپەڕی ' هاوکاری کوردانە - Hawkary Kurdana' ماڵپەڕێکی 24 سەعاتییە و سات بە ساتی هەر بڕە پارەیەک بۆ سەر هەژماری بانکیەکای 'کۆمسیۆنی دریاگوزاری و بوژانەوەی چەمچەماڵ؛ لەبانکی چەرموو هەروەها بانکی جیهان نوێ دەکرێتەوە.
عەتا محەمەد سەرۆکی کۆمسیۆنی فریاگوزاری و بوژانەوەی چەمچەماڵ رایگەیاند، ئەوان لە کۆمسیۆنەکە لە پێناو پەیڕەوکردنی ئەوپەڕی شەفافیەتدا سەرجەم داتا و زانیاریەکانمان دەخەنە بەردەست راگەیاندنەکان و دامەزراوە رەسمییەکان و خەڵکی کوردستان، تا هەمووان وەک چۆن بەشداربوون لە پشتیوانی زەرەرمەندانی لافاوەکە، بەهەمان شێوەش ببینن کە هاوکاریە داراییەکانیان چۆن تۆمار دەکرێت و چۆن خەرجیش دەکرێت بۆ خەڵکی چەمچەماڵ.
لەم لینکەوە دەتوانن ئاگاداری کۆکردنەوەی هاوکارییەکان و چۆنییەتی خەرجکردنی ببن...
بەپێی پێشبینییەکانی کەشناسی لە 48 سەعاتی داهاتوودا پلەکانی گەرما کەمێک بەرز دەبنەوە و خێرایی با لەسەرخۆ و مامناوەند دەبێت.
بەرێوبەرایەتی گشتی کەشناسی هەرێم بڵاوکردەووە، ئەمڕۆ ئاسمان بە گشتی لەنێوان ساماڵ و پەڵەهەور دەبێت لە هەندێک ناوچەش دەگۆڕێت بۆ نیمچەهەور.
ئاماژەی بەوەشکرد، خێرایی با لەسەرخۆ و مامناوەند دەبێت و 10-20 کم دەبێت لە سەعاتێکدا.
کەشناسی هەرێم راشیگەیاند، سبەینێ هەینی ئاسمان ساماڵ و پەڵە هەور دەبێت، هەروەها پلەکانی گەرما کەمێک بەرز دەبنەوە بە بەراورد بە تۆمارکراوەکانی دوێنێ .
بەرزترین پلەکانی گەرمای پێشبینیکراو بە پلەی سیلیزی
هەولێر : 16 پلەی سیلیزی
سلێمانی : 14 پلەی سیلیزی
دهۆک : 15 پلەی سیلیزی
زاخۆ : 17 پلەی سیلیزی
کەرکوک : 17 پلەی سیلیزی
هەڵەبجە : 15 پلەی سیلیزی
سۆران : 12 پلەی سیلیزی
گەرمیان : 18 پلەی سیلیزی
بەڕێوەبەرایەتیی کەشناسی و بومەلەرزەزانی هەرێم هۆشداریدەدات لە هاتنی شەپۆلێکی سەرما و سۆڵە، کە دەبێتە هۆی دابەزینی بەرچاوی پلەکانی گەرما لە زۆربەی ناوچەکانی هەرێمی کوردستان.
بەپێی راگەیەندراوەکەی کەشناسی، بەهۆی کاریگەریی بەرزە پەستانی هەوای روسیا کە بارستە هەوایەکی وشک و ساردی لەگەڵدایە، پێشبینی دەکرێت نزمترین پلەی گەرما لە ئەمشەوەوە تاوەکو شەوی یەکشەممەی داهاتوو 21/12/2025 روو لە دابەزین بکات.
کەشناسی ئاماژەی بەوە کردووە، لە زۆربەی ناوچە شاخاوییەکان پلەکانی گەرما بۆ خوار سفری سیلیزی دادەبەزن. بەپێی خشتەی پێشبینییەکان، لە ناوچە شاخاوییە سنورییەکان پلەی گەرما دەگاتە 5 پلە خوار سفر و لە سەنتەری شاری سلێمانیش لە رۆژی یەکشەممەدا بۆ 3 پلە خوار سفر دادەبەزێت.
هەروەها لە ئیدارەی سەربەخۆی سۆران پلەی گەرما بۆ 1 پلە خوار سفر دادەبەزێت، لەکاتێکدا لە شارەکانی هەولێر، دهۆک و کەرکوک پلەکانی گەرما لە سەرووی سفرەوە دەمێننەوە، بەڵام هەست بە سەرما دەکرێت.
فەرماندەیی پۆلیسی پارێزگای کەرکوک رەتیدەکاتەوە لە کاتی گردبوونەوەیەکی هێمنانەدا لە ناوچەی "رەحیماوا"، هیچ هاووڵاتییەک دەستگیر کرابێت.
پۆلیسی کەرکوک لە رونکردنەوەیەکدا رایگەیاندووە، ئەو دەنگۆیانەی باس لە دەستگیرکردنی بەشداربووانی گردبوونەوەکە دەکەن، دوورن لە راستییەوە.
لە بەشێکی دیکەی رونکردنەوەکەدا، پۆلیس داوا لە دەزگاکانی راگەیاندن دەکات بە پیشەیی کار بکەن و هۆشداریدەدات لەوەی مافی یاسایی خۆیان بەکاردەهێنن بۆ تۆمارکردنی سکاڵا لە دژی هەر کەناڵێک کە راستییەکان دەشێوێنێت.
بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی تەندروستیی سلێمانی رایگەیاند، لە نەخۆشخانەی کۆئەندامی هەرس و جگەری فێرکاری، تیمێکی پزیشکی توانیویانە بە سەرکەوتوویی پولێکی دۆمینە لە گەدەی مێرمنداڵێک دەربهێنن.
تەندروستیی سلێمانی لە راگەیەندراوێکدا ئاشکرایکردووە، رووداوەکە ئەمڕۆ چوارشەممە 17ی کانونی یەکەمی 2025 روویداوە و تەنە نامۆکە "پولێکی دۆمینە" بووە کە لەلایەن مێرمنداڵەکەوە قوتدرابوو. پرۆسەکە لەلایەن تیمێکی پێشکەوتووی هەناوبینی و بێهۆشکارییەوە ئەنجامدراوە.
ئاماژە بەوەشکراوە، هەرچەندە بەگشتی دەرهێنانەوەی تەنی نامۆ لە گەدە کارێکی زۆر دژوار نییە، بەڵام بەهۆی قەبارە و شێوە و پێکهاتەی پولە دۆمینەکە، کارەکە ئاسان نەبووە و تیمەکە ناچاربوون چەندین ئامێری تایبەت بەکاربهێنن تا سەرکەوتوو بوون لە دەرهێنانەوەی.
بەڕێوەبەرایەتی هاتوچۆی سلێمانی ئاگاداری هاووڵاتییان دەکاتەوە، بە مەبەستی کارئاسانی، بڕیاردراوە بە لێخۆشبوون لە سزای دواکەوتن بۆ ئەو شۆفێر و خاوەن ئۆتۆمبێلانەی لە وادەی دیاریکراودا مامەڵەکانیان ئەنجام نەداوە.
بەپێی راگەیەندراوەکەی هاتوچۆی سلێمانی، ئەو هاووڵاتییانەی بە هەر هۆکارێک بێت نەیانتوانیوە لە ماوەی 60 رۆژدا ئۆتۆمبێلەکانیان تۆمار بکەن یان رێکارەکانی گواستنەوەی خاوەندارێتی ئەنجام بدەن، تا رێکەوتی 31/12/2025 لە سزای دواکەوتن دەبەخشرێن.
کونسوڵخانەی گشتیی ئەمریکا لە هەرێمی کوردستان، پیرۆزبایی لە هاندەرانی یانەی وەرزشی زاخۆ دەکات بەبۆنەی بەدەستهێنانی خەڵاتی "باشترین هاندەر"ـی رێکخراوی فیفا بۆ ساڵی 2025.
کونسوڵخانەکە لە پەیامەکەیدا ئاماژەی بەوەشکردووە، جامی جیهانیی ساڵی 2026 گەورەترین پاڵەوانێتی دەبێت لە مێژووی فیفادا، کە تێیدا 48 هەڵبژاردە بەشداری دەکەن.
باس لەوەش کراوە، لە جامەکەدا 11 شاری ئەمریکا میوانداریی 78 یاری دەکەن و یاری کۆتایی لە یاریگای "مێت لایف" لە نیویۆرک بەڕێوەدەچێت.
بەپێی راگەیەندراوەکە، ئەو رووداوە مێژووییە هاوکات دەبێت لەگەڵ 250ـەمین ساڵیادی سەربەخۆیی ئەمریکا و دەرفەتێک دەبێت بۆ نیشاندانی توانای میوانداریی ئەو وڵاتە.
بەڕێوەبەرایەتی گشتی کەشناسی و بومەلەرزەزانی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، بەهۆی کاریگەری نزمە پەستانێک لە باشوری عیراق، خێرایی با لە چەند ناوچەیەک رووی لە زیادبوون کردووە.
بەپێی راگەیەندراوەکەی کەشناسی، کاریگەری ئەو شەپۆلە بەشێوەیەكی سەرەکی لە ناوچەکانی باشوری عیراق و باشوری هەرێمی کوردستان دەرکەوتووە، بەتایبەت لە ئیدارەی سەربەخۆی گەرمیان، چەمچەماڵ و پارێزگای کەرکوک.
ئاماژە بەوەشکراوە، خێرایی با لەو ناوچانە گەیشتووەتە 40 کیلۆمەتر لە سەعاتێکدا و پێشبینی دەکرێت کاریگەرییەکەی تا درەنگانی ئەمشەو بەردەوام بێت.
مەکتەبی پەیوەندییەکانی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە شاری هەولێر، لەگەڵ وەفدێکی باڵای حزبی ئیشتراکی کوردستان (PSK) کۆبووەوە و هەردوولا پشتیوانی خۆیان بۆ پرۆسەی ئاشتی لە باکوری کوردستان دووپاتکردەوە.
سالار لالە سەرحەد، لە مەکتەبی پەیوەندییەکانی یەکێتی رایگەیاند، ئەمڕۆ چوارشەممە 17ی کانونی یەکەم، لە بارەگای مەکتەبی سیاسی لە هەولێر پێشوازییان کردووە لە وەفدێکی PSK بە سەرۆکایەتی بایرم بۆزیل، سەرۆکی ئەو حزبە.
ئاماژەی بەوەشکرد، لە کۆبوونەوەکەدا هەردوولا هاوڕابوون لەسەر گرنگیی هەنگاوەکانی بەرەوپێشبردنی پرۆسەی ئاشتی و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان جەختی کردووەتەوە، کە هەمیشە پشتیوانی کۆتاییهێنان بە شەڕ و دەرەنجامە وێرانکەرەکانی بووە و خوازیاری بەرپاکردنی ئاشتییە لە تورکیا و باکوری کوردستان.
بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتی لە رۆژی ئاڵادا، رایگەیاند ئاڵاکەمان ناسنامەمانە، هێمای مانەوە و قوربانیدان و خۆڕاگریمانە، ئێمە بە رۆحی خۆمان پارێزگاری لێدەکەین، دەشڵێت؛ لەم رۆژەدا دەبێت هەمووان جیاوازییەکان قبوڵ بکەن و کار بۆ بونیادنانی داهاتوویەکی گەشتر بکرێت.
سەرۆکی یەکێتی ئاماژەی بەوەشکردوە، بە رێزەوە یادی هەموو ئەو شەهیدانەمان دەکەینەوە کە لەپێناو سەرفرازی و شەکاوەیی ئاڵاکەماندا شەهیدبوون و جەختیشدەکاتەوە لەوەی پێویستە هەموومان جیاوازییەکان قبوڵ بکەین و کار بۆ بونیادنانی داهاتوویەکی گەشتر بۆ خەڵکە خۆشەویستەکەمان بکەین.
دەقی پەیامەکەی سەرۆکی یەکێتی
ئاڵاکەمان ناسنامەمانە، هێمای مانەوە و قوربانیدان و خۆڕاگریمانە، ئێمە بە رۆحی خۆمان پارێزگاری لێدەکەین.
ئەمڕۆ بە رێزەوە یادی هەموو ئەو شەهیدانەمان دەکەینەوە کە لەپێناو سەرفرازی و شەکاوەیی ئاڵاکەماندا شەهیدبوون.
لە رۆژی ئاڵای کوردستاندا ئەوە بیر دەهێنمەوە پێویستە هەموومان جیاوازییەکان قبوڵ بکەین و کار بۆ بونیادنانی داهاتوویەکی گەشتر بۆ خەڵکە خۆشەویستەکەمان بکەین.
بەرز و پیرۆزبێت رۆژی ئاڵای کوردستان.
بافڵ جەلال تاڵەبانی
سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان