مەزلوم کۆبانی، فەرماندەی گشتی هێزەکانی سوریای دیموکرات رایگەیاند، ساڵی 2026 دەبێتە ساڵی یەکڕیزی کورد لە چوار پارچەکەی کوردستان، جەختیش دەکاتەوە، بانگەشەی دوژمنان بۆ ئەوەی کە کۆتایی ئەمساڵ کۆتایی کوردە راست نییە، راستییەکە ئەوەیە سەرەتایی پرۆژە گەورەکەیە، کە مافی کوردی لە دەستوردا دەچەسپێندرێت لە رۆژئاوا.
مەزڵوم کۆبانی لە چاوپێکەوتنێکی تەلەڤیزیۆنیدا رایگەیاند، دوژمنان بانگەشەی ئەوە دەکەن، کە کۆتایی ئەمساڵ کۆتایی کورد و هێزەکانی سوریای دیموکرات و پڕۆژەی رۆژئاوا دەبێت، بەڵام راستییەکان تەواو جیاوازە و ئەوە سەرەتای پڕۆژە مەزنەکەیانە.
فەرماندەکەی هەسەدە، ئاماژەی بەوەشکردوە، بە پیجەوانەی بۆچونی دوژمنەکانیان، ساڵی 2026 ساڵی یەکگرتوویی کورد دەبێت، دەبێتە ساڵی کۆنفیدراڵی کورد و یەکگروتتی کورد لە رچوار پارچەکەی کوردستان، جەختیشیکردوەتەوە هیچ کاتێک کورد هێندە نزیک نەبون لەیەکتری بۆ بەدیهێنانی ئەو ئامانجە.
مەزڵوم کۆبانی، دوپاتیکردوەتەوە ساڵی 2026، دەبێت ساڵی چەسپاندنی مافەکانی کورد و زەویەکەی لە دەستوری سوریای نوێدا، ئەو قسانەی عەبدی لە کاتێکدایە گوشارەکانی سوریا و تورکیا بەردەوامن بۆ جێبەجێکردنی رێککەوتنی مانگی ئازاری نێوان دیمەشق و هێزەکانی سوریای دیموکرات.
یاشار گولەر، وەزیری بەرگری تورکیا لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاندبوو، رێککەوتنی 10ی ئازار کە لە نێوان حکومەتی سوریا و هێزەکانی سوریای دیموکراتدا واژۆکراوە، هێشتا لەسەر زەوی جێبەجێ نەکراوە.
پارێزگاری سلێمانی رایگەیاند، سەرەڕای ئەوەی هەموو رێکارێکی پێویستیی کارگێڕیی و ئارامیی و ئاسایش و خزمەتگوزاریی پێویست گیراونەتەبەر، بەڵام بەهۆی کارەساتی لافاوەکەی چەمچەماڵ و روداوەکانی سنووری گەرمیان، بۆ سەری ساڵ هیچ ئاهەنگ و بۆنەیەک ساز ناکەن.
ئەمڕۆ شەممە، هەڤاڵ ئەبوبەکر پارێزگاری سلێمانی، راگەیەندراوێکی بڵاوکردوەتەوە و تێیدا وێرای پیرۆزبایی سەری ساڵ رایگەیاندوە، بەهۆی ئەو کارەسات و روداوە ناخۆشانەی لە سنوری قەزای چەمچەماڵ و ئیدارەی سەربەخۆیی گەرمیان رویانداوە سەری ساڵ بۆنە و ئاهەنگی رەسمیان نابێت.
پارێزگاری سلێمانی ئاماژەی بەوەشکردوە، تەواوی رێکارە کارگێری و ئیداری و ئارامیەکانیان گرتوەتەبەر، بەڵام لە پێناوی پشتیوانیی و دەربڕینی هاوخەمیی بۆ هەمووان، بۆ روداوەکانی لافاوەکەی چەمچەماڵ و ئەم دوایەی گەرمیان، کە بەهۆیانەوە زیانێکی گیانی زۆری لێکەوتوەتەوە ئەو بڕیارەیان داوە.
بارەگای مەکتەبی سیاسیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە هەولێر سەبارەت بە دەنگۆی رفاندنی میران بەکر عەبدولرەحمان، پەیامێکی بڵاوکردووەتەوە و تێیداهاتووە، "لەژێر کاریگەری مادە کحولییەکاندابووە و سوکایەتی بە ئۆتۆمبێلێک کردووە".
مەکتەبی سیاسی یەکێتی لە هەولێر دەشڵێت: پاسەوانەکانی مەکتەبی سیاسی ئاگاداریان کردووە کە دووربکەوێتەوە، بەڵام میران بەکر محەمەد پەلاماریداون.
لە راگەیەنراوەکەی مەکتەبی سیاسیشدا هاتووە: دواتر میران بەکر داوای لێبوردنی لە پاسەوانەکان کردووە و بۆ هەموو قسەکانیشمان بەڵگەمان هەیە.

دیلان غەفور، کاندیدی دەرچوی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بۆ ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق رایگەیاندوە، لەسەر داواکاری ئەو، سەرۆک وەزیرانی عیراق بڕیاریداوە بە پێدانی 100 لیتر نەوت بۆ دوو هەزار خێزانی زیانلێکەوتوانی چەمچەماڵ.
دیلان غەفور، لە راگەیەندراوێکدا کە لە واڵی خۆی لە فەیسبووک بڵاویکردوەتەوە، دەڵێت؛ وەک بەشێک لە ئەرکی سەرشانیان بۆ بەدەمەوەچوونی زیانلێکەوتوانی لافاوەکەی چەمچەماڵ، لە رۆژی روداوەکەوە لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکان لەسەرخەت بوون تا بتوانین خزمەتێک بەو خێزانانە بکەن، کە زیانیان بەرکەوتووە.
ناوبراو ئاماژەی بەوەشکردوە، بە خۆشحاڵییەوە هەوڵەکانیان بەئەنجام گەیشتوە و توانیویان رەزامەندی محەمەد شیاع سودانی، سەرۆک وەزیرانی عیراق وەربگرین بە پێدانی 100 لیتر نەوتی سپی بێبەرانبەر بۆ دوو هەزار خێزانی سنوری قەزای چەمچەماڵ، کە بەهۆی لافاوەکەوە زیانیان بەرکەوتووە.
لەبارەی کاتی دابەشکردنی نەوتەکەشەوە، دیلان غەفور دەڵێت؛ لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکان لە پەیوەندیی بەردەوامدان تا بە زووترین کات نەوتەکە بگەیەننە دەست ئیدارەی قەزاکە بە مەبەستی دابەشکردنی.
بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لەگەڵ محەمەد شیاع سودانی، سەرۆک وەزیرانی عیراق لە بەغداد کۆبووەوە.
لە کۆبوونەوەکەدا کە نزار ئامێدی، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی یەکێتی و د. خالید شوانی، وەزیری دادی عیراق بەشداربوون، جەخت لە یەکخستنی هەوڵەکان بۆ پێکهێنانی حکومەتێکی بەهێز کرایەوە کە دیدگاکەی خزمەتکردنی خەڵک و بەهێزکردنی پایەکانی دەوڵەتداری بێت.
بافڵ جەلال تاڵەبانی داوای لە محەمەد شیاع سودانی کرد لە ناردنی موچە پەلە بکرێت و مافی موچەخۆرانی هەرێمی کوردستان بپارێزرێت. لای خۆیەوە، سەرۆک وەزیرانی عیراق پابەندبوونی بە رێککەوتنەکان دووپاتکردەوە و وتی، جەخت لە پاراستنی مافی موچەخۆرانی هەرێمی کوردستان دەکەینەوە.
تا ئێستا زیاتر لە 11 ملیار دینار خراوەتە سەر هەژماری بانکی کۆمسیۆنی فریاگوزاری و بوژاندنەوەی چەمچەماڵ، سەرۆکی کۆمسیۆنەکەش دەڵێت: لە رێگەی لیژنەیەکەوە هاوکارییەکان بەسەر زیانلێکەوتووان دابەشدەکرێت.
عەتا محەمەد سەرۆکی کۆمسیۆنی فریاگوزاری و بوژاندنەوەی چەمچەماڵ، لە کۆنفڕانسێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، لە عیراقدا هەر پرۆسەیەکی قەرەبووکردنەوە بەهۆی کارەساتی سروشتییەوە زیاتر لە ساڵێکی خایاندووە، بەڵام ئەوان لەلایەن کۆمسیۆنەکەیانەوە نەیان هێشتووە بگاتە 10 رۆژ قەرەبوکردنەوەکە دەستپیدەکات.
وتیشی، رۆژی دووشەمە دەست بە دابەشکردنی هاوکارییەکان دەکرێت و هاوکارییە مادییەکانیش لە رێگەی چەک بەسەر ئە ماڵانەدا دابەشدەکرێت کە زیانیان بەرکەوتووە، ئەمەش لەرێگەی لیژنەیەکەوە ئەنجامدەدرێت کە بە هاوبەشی لەگەڵ دەستەی دەستپاکی هەرێم پێکهێنراوە.
عەتا محەمەد ئەوەشی خستەڕوو، ئومێدەوارن هاوکارییەکان بەشی قەرەبووکردنەوەی هەموو زیانلیکەوتووان بکات، هەروەها چاوەڕوان دەکەن هاوکارییە مادییەکان زیاتر ببێت، وەک چۆن لە چەند رۆژی رابردوودا چەند لایەن و خێرخوازێک بەڵێنی ئەوەیان داوە کە هاوکاری مادی بخنەسەر هەژماری بانکی کۆمسیۆنەکە.
بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە ماڵی مام لە بەغداد پێشوازی لە رەیان کلدانی، ئەمینداری گشتیی بزووتنەوەی بابلیون کرد.
لە دیدارێکدا گفتوگۆ لەبارەی پێکهێنانی حکومەتی نوێی عیراق و رەخساندنی زەمینەی لەبار لەبەردەم لایەنە سیاسییەکان بۆ گەیشتن بە حکومەتێکی نیشتمانیی خزمەتگوزار کرا.
بافڵ جەلال تاڵەبانی پەرۆشانە جەختی لە سیاسەت و ستراتیژی یەکێتی کردەوە، بۆ گەیشتن بە حکومەتێکی بەهێز و کاریگەر کە خزمەتی خەڵک بکات بەبێ جیاوازی و ببێتە مایەی سەقامگیریی زیاتر.
وەزارەتی پێشمەرگە رونکردنەوەیەکی بڵاوکردەوە و تێیدا هاتووە، ئەو کارمەندەی وەزارەتەکەیان دوێنێ توشی روداوێکی نەخوازراو بوو، لیژنەیەکیان بۆ لێکۆڵینەوە لە روداوەکە پێکهێناوە.
وەزارەتی پێشمەرگە لە راگەیەنراوێکدا ئاماژە بەوەدەکات، دوێنێ میران بەکر عەبدلرەحمان، کارمەندی وەزارەتی پێشمەرگە توشی روداوێکی نەخوازراو بوو، دەستبەجێ وەزارەت لیژنەیەکی لێکۆڵینەوەی لەسەر روداوەکە پێکهێانەوە بۆ بەدواداچون لەسەر ئەم دۆسیەیە.
ئەوەشی خستەروو، ئەو کارمەندە ماوەی دوو ساڵە سکرتێری رۆژنامەوانی وەزیری پێشمەرگە نەماوە و تەنها کارمەندی وەزارەتەکەیە.
رائید سەربەرز عومەر، وتەبێژی پۆلیسی گەرمیان بە کوردسات نیوزی راگەیاند، لەسەر روداوەکەی دوێنێ پێنج کەس دەستگیرکراون.
وتەبێژی پۆلیسی گەرمیان روونیکردەوە، لەو پێنج کەسە؛ سێ کەسیان لەلایەن هێزەکانەوە دەستگیرکراون و دوو کەسەکەی دیکەشیان خۆیان رادەست کردووە.
جێگەی ئاماژە پێدانە، دوێنێ بەڕێوەبەرایەتى پۆلیسى گەرمیان لەڕاگەیێنراوێکدا لەبارەى روداوەکەوە رایگەیاند، لەسەر کێشەى زەوى و زار دوو بنەماڵە بووەتە شەڕیان و چوار کەس لەلایەک کوژراون و یەکێکی دیکەیان برینداربووە و شەش کەسى دیکەش لە بنەماڵەى بەرامبەر برینداربوون.
کەشناسیی هەرێمی کوردستان پێشبینییەکانی کەشوهەوای بڵاوکردەوە و رایگەیاند، ئەمڕۆ ئاسمان ساماڵ و پەڵەهەور دەبێت و کۆتایی بە رەشەبا دێت، خێرایی با دەگاتەوە 5 بۆ 10 کیلۆمەتر لە سەعاتێکدا، سبەینێش لە ئێوارەدا ئاسمان دەگۆڕێت بۆ هەوری تەواو.
لەبارەی پلەکانی گەرماوە کەشناسی ئاماژەی بەوەداوە، پلەکان نزیک دەبنەوە لە تۆمارکراوەکانی دوێنێ و بە جێگیری دەمێننەوە، بەرزترین پلەش لە گەرمیان تۆمار دەکرێت کە 18 پلەیە و نزمترینیش لە سلێمانی دەبێت کە 14 پلەیە.
سەبارەت بە سبەینێ یەکشەممە، کە دەبێتە یەکەم رۆژی وەرزی زستانی ئەمساڵ (21ـی کانوونی یەکەم)، سەرەتا ئاسمان ساماڵ و نیمچەهەور دەبێت، بەڵام لە کاتەکانی ئێوارەدا دەگۆڕێت بۆ هەوری تەواو و خێرایی با لەسەرخۆ دەبێت.
بەرزترین پلەکانی گەرمای پێشبینیکراو بۆ سبەینێ:
گەرمیان : 18 پلە
هەولێر : 17 پلە
کەرکوک : 17 پلە
زاخۆ : 17 پلە
دهۆک : 16 پلە
هەڵەبجە : 16 پلە
سلێمانی : 14 پلە
بەپێی زانیارییەکانی کوردسات نیوز، لە ڤێلایەکی ناوچەی گەشتیاریی مێرگەپان لە سنوری پارێزگای سلێمانی، تەرمی دوو گەنج دۆزرانەوە کە گومان دەکرێت بەهۆی غازەوە گیانیان لەدەستدابێت.
سەرچاوەیەکی ئاگادار بە کوردسات نیوزی راگەیاند، دۆزینەوەی تەرمەکان دوای تێپەڕبوونی 48 سەعات دێت بەسەر گیانلەدەستدانیاندا، بەپێی لێکۆڵینەوە سەرەتاییەکانیش هۆکاری مردنەکەیان بۆ غازی سۆپا دەگەڕێتەوە.
هەردوو گەنجەکە لە نەتەوەی عەرەبن و بە مەبەستی گەشتکردن روویان لە شاری سلێمانی کردووە، یەکێکیان لەدایکبووی ساڵی 1991ـە و کاسبکارە، ئەوەی دیکەشیان لەدایکبووی ساڵی 2001ـە و خوێندکاری زانکۆ بووە.
وەزارەتی ناوخۆی حكومەتی هەرێمی كوردستان، رێنمایی نوێی هاوردەكردنی ئۆتۆمبێلی بۆ ساڵی 2026 راگەیاند.
بەپێی راگەیەنراوێكی وەزارەتی ناوخۆ، رێنماییەكان لە سەرەتای ساڵی 2026 دەچنە بواری جێبەجێكردنەوە.
بەپێی رێنماییەكە، دەبێت سەرجەم ئۆتۆمبێلەكان بڕوانامەی دڵنیایی جۆری یان هەبێت، هەروەها جەخت لە بوونی سیستمی ژینگەیی كراوەتەوە و هاوردەكردنی ئۆتۆمبێلی ژێرئاوكەوتوو و سووتاو بە هەموو شێوەیەك رێگەپێنەدراوە.
هەر بەپێی ئەو رێنماییە ئۆتۆمبێلی تایبەت نابێت لە دوو ساڵ كۆنتر بێت لە مۆدێلی ساڵ، هۆشداری ئەوەشی داوە كە سەرجەم دەروازە سنوورییەكان پابەندی ئەو ستانداردانە بن كە بڵاوكراونەتەوە.
بافڵ جەلال تاڵەبانی بەبۆنەی جەژنی رۆژیێن ئێزی پیرۆزبایی ئاڕاستەی ئێزیدییەکان دەکات و دەڵێت: یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان پەرۆشانە بەردەوام لە هەوڵدا دەبێت بۆ دەستەبەرکردنی ژیانێکی ئاسودەتر بۆ ئێزدییەکان.
دەقی پیرۆزباییەکەی بافڵ جەلال تاڵەبانی سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بۆ ئێزیدییەکان....
لە دڵەوە پیرۆزبایی گەرم لە خوشک و برایانی ئێزدی دەکەم بەبۆنەی جەژنی (رۆژیێن ئێزی) و هیوای جەژنێکی پڕخۆشی و کامەرانییان بۆ دەخوازم.
یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان پەرۆشانە بەردەوام لە هەوڵدا دەبێت بۆ دەستەبەرکردنی ژیانێکی ئاسودەتر بۆ ئێزدییەکان و ئاسایی کردنەوەی رەوشی شنگال تاوەکو چیدیکە ئێزدییە سەربەرزەکان نەبنە قوربانی ململانێکان و بگەڕێنەوە زێدی خۆیان.
لە سنوری ئیدارەی گەرمیان بەهۆی کێشەی زەویوزار چوار کەس کوژران و حەوتی دیکەش برینداربوون، پۆلیسی گەرمیانیش دەڵێت؛ لێکۆڵینەوە لە روداوەکە دەستیپێکردووە.
بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی گەرمیان رایگەیاند، ئێوارەی ئەمڕۆ هەینی لەسەر رێگای گوندی خاڵەبەگ سەربە قەزای رزگاری لەسەر زەوی وزار شەڕ لەنێوان دوو لایەن رویدا کە خزمی یەکترن، لە ئەنجامدا چوارکەس لەیەک خێزان گیانیان لەدەستدا کە سێ کەسیان برای یەکترن و دانەیەکیان ئامۆزایانە هەروەها برایەکی سێ کوژراوەکە بریندارە.
ئاماژەی بەوەشکرد، لە لایەنەکەی دیکەش شەش کەس برینداربوون، دوای چارەسەری خێرا شەش لەبریندارەکان بەهۆی سەختی برینەکەیانەوە رەوانەی نەخۆشخانەی سلێمانی کراون .
لەئێستادا لەسەر فەرمانی دادوەری لێکۆڵینەوە پەڕاوی لێکۆڵینەوە بۆ روداوەکە کراوەتەوە.
پۆلیسی گەرمیان ئەوەشی خستەڕوو، لەکاتی هەر گۆڕانکاریەک لە رەوتی لێکۆڵینەوە، هەر بەڵگەو زانیاریەک کە ئاڕاستەی پەڕاوەکە بگۆڕێت بەفەرمانی دادوەر یاخود هەر زانیاریەک پێویست بکات رای گشتی ئاگادار دەکەنەوە.
راشیگەیاند، ئەمە تەنها زانیارییە سەرەتاییەکانی بەدەست هاتووی روداوەکەن، سەرجەم هێزەکانیش لەئامادە باشیدان بۆ جێبەجێکردنی سەرجەم بڕیارەکانی دادوەری لێکۆڵینەوە هەر لەفەرمانەکانی دەستگیرکردن تا هەموو بڕیارەکانی تر.
قوباد تاڵەبانی بەبۆنەی جەژنی رۆژووی ئێزی پەیامێکی پیرۆزبای ئاڕاستەی ئێزدییەکان دەکات و رایدەگەیەنێت: ئەم جەژنە دەرفەتێکی گرنگە بۆ دووپاتکردنەوەی گیانی تەبایی و پێکەوەژیانی ئایینی کە هەمیشە جێگەی شانازیمان بووە.
دەقی پیرۆزباییەکی قوباد تاڵەبانی بۆ ئێزدییەکان...
بۆ خوشک و برایانی ئێزدی لە کوردستان و جیهان
بەبۆنەی هاتنەوەی جەژنی "رۆژووی ئێزدی"، گەرمترین و جوانترین پیرۆزبایی ئاراستەی سەرجەم خوشک و برایانی ئێزدی لە کوردستان و تاراوگە دەکەم.
ئێزدییەکان بەشێکی ڕەسەن، دێرین و دانەبڕاوی نیشتمانەکەمانن. ئەم جەژنە دەرفەتێکی گرنگە بۆ دووپاتکردنەوەی گیانی تەبایی و پێکەوەژیانی ئایینی کە هەمیشە جێگەی شانازیمان بووە.
لەم جەژنەدا، جەخت لە پشتیوانیی بەردەواممان دەکەینەوە بۆ دابینکردنی ژیانێکی شایستە، ئارام و سەقامگیر بۆ سەرجەم خوشک و برایانی ئێزدی.
جەژنتان پیرۆز بێت و هەمیشە لە شادی و سەرفرازیدا بن.