وەزارەتی پەروەردەی حکومەتی هەرێم رۆژی دەستپێکردنی ساڵی نوێی خوێندن دیاریدەکات، وەزیری پەروەردەش دەڵێت: بۆ ئەمساڵی خوێندن جلوبەرگی خوێندکاران ناگۆڕێت.
ئالان حەمەسەعید وەزیری پەروەردەی حکومەتی هەرێم لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، تا ئێستا رۆژی ساڵی نوێی خوێندن دیاری نەکراوە، هەر کاتێک ئەنجومەنی وەزارەتی پەروەردە کۆبوونەوەی ئەنجامدا و ساڵنامەی خوێندن دانرا ئەو کاتە بڕیار لەسەر دیاریکردنی دەستپێکردنەوەی یەکەم رۆژی خوێندنی ساڵی نوێ دەدرێت.
سەبارەت بە گۆڕینی جلوبەرگی خوێندکاران، وەزیری پەروەردە ئاماژەی بەوەکرد، بۆ ئەمساڵی خوێندن جلوبەرگی خوێندکاران هەمان جلوبەرگی ساڵی پار دەبێت. بەڵام بۆ ساڵی خوێندنی 2026-2027 جلوبەرگی خوێندکاران دەگۆڕێت و بۆ ئەو کاتە دیزاین و رەنگەکەی بڵاودەکرێتەوە.
لە بارەی خانەنشینبوونی مامۆستایان و دروستبوونی گرفت بۆ ناوەندەکانی خوێندن، ئالان حەمەسەعید ئەوەی خستەڕوو، لیژنەی میلاکاتی وەزارەتی پەروەردە سەرقاڵی رێکخستنەوەی میلاکاتی مامۆستایانن، وتیشی، لە 1ـی 1ـی 2025ەوە تا ئێستا زیاتر لە حەوت هەزار و 500 مامۆستا خانەشینبوون، بۆ چارەسەرکردنی ئەو کێشەیە بەڕێوەبەرایەتی پەروەردەکان سەرقاڵی رێکخستنەوەی میلاکاتی خۆیانن و بۆ ئەو بابەتە دەسەڵاتی تەواویان پێدراوە.
ئاژانسی هەواڵی "ئەکسیۆس" بڵاویکردەوە، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، بە سەرکردەکانی یەکێتیی ئەوروپا و کیێڤی راگەیاندووە کە دەیەوێت لە 22ی ئاب کۆبوونەوەیەکی سێقۆڵی لەگەڵ ڤلادیمیر پوتن، سەرۆکی روسیا و ڤلۆدیمیر زێلێنسکی، سەرۆکی ئۆکراین ئەنجام بدات.
بەگوێرەی ماڵپەڕەکە، کە زانیارییەکانی لە سەرچاوەی ئاگادارەوە وەرگرتووە، "ترەمپ لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا دوای لوتکەی ئالاسکا، بە سەرکردە ئەوروپییەکانی راگەیاندووە کە نیازی هەیە کۆبوونەوەیەکی سێقۆڵی لەگەڵ پوتن و زێلێنسکی لە رۆژی هەینی داهاتوو، 22ی ئاب، رێکبخات."
هاوکات، ترەمپ داوای لە سەرکردە ئەوروپییەکانیش کردووە، بەشداری لەو کۆبوونەوەیەدا بکەن کە بڕیارە ڕۆژی 18ی ئەم مانگە لەگەڵ ڤلۆدیمیر زێلێنسکی لە کۆشکی سپی ئەنجامی بدات بۆ تاوتوێکردنی پلانی چارەسەرکردنی قەیرانی ئۆکرانیا.
لەلایەن خۆیەوە، ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنسا، دوای کۆبوونەوەکەی نێوان پوتن و ترەمپ لە ئالاسکا، ئاشکرایکرد کە لە داهاتوویەکی نزیکدا نوێنەرانی "هاوپەیمانیی خوازیاران" بۆ پشتیوانیکردن لە ئۆکرانیا کۆدەبنەوە.
ئەم پێشهاتانە دوای ئەوە دێت کە ڤلادیمیر پۆتن و دۆناڵد ترەمپ لە بنکەی سەربازیی "ئیلمێندۆرف-ڕیچاردسۆن" لە شاری ئانکۆراج لە ویلایەتی ئالاسکا کۆبوونەوە و گفتوگۆکانیان ماوەی دوو کاتژمێر و 45 خولەکی خایاند. دوای کۆبوونەوەکەش، ڤلادیمیر پوتن رەزامەندیی لەسەر پێویستیی دابینکردنی ئاسایشی ئۆکرانیا نیشاندا و جەختی کردەوە کە مۆسکۆ ئامادەیە بۆ کارکردن لەو بوارەدا.
بەڕێوەبەرایەتیی هاتووچۆی سلێمانی، بەهۆی ئەو شەپۆلە خۆڵبارینەی روی لە شارەکانی هەرێمی کوردستان کردووە و بووەتە هۆی کەمبوونەوەی ئاستی بینین، چەند رێنمایی و هۆشدارییەکی ئاراستەی شۆفێران کرد و داوایان لێدەکات بۆ سەلامەتیی گیانیان پابەند بن پێوەی.
لە راگەیەندراوێکدا، هاتووچۆی سلێمانی جەختی لەسەر چەند خاڵێکی گرنگ کردووەتەوە، لەوانە:
کەمکردنەوەی خێرایی و شوفێریکردن بەشێوەیەکی بەرپرسیارانە.
پاراستنی ماوەی سەلامەتی لەنێوان ئۆتۆمبێلەکاندا.
داگیرساندنی گڵۆپی تەم (Fog Light) بۆ باشتر بینین.
بەکارهێنانی ماسک لەپێناو پاراستنی تەندروستی.
هەروەها هاتووچۆی سلێمانی داوای لە هاوڵاتییان کردووە، تا کۆتاییهاتنی شەپۆلی خۆڵبارینەکە، گەشتەکانیان بۆ ناوچە شاخاوییەکان و رێگا دەرەکییەکان دوابخەن یاخود ئەنجامی نەدەن ئەگەر پێویست نەبێت.
هاوکات، بەڕێوەبەرایەتییەکە ژمارەی هێڵە گەرمەکانی بڵاوکردووەتەوە تاوەکو هاوڵاتییان لە کاتی پێویستدا پەیوەندییان پێوە بکەن:
کۆنترۆڵی هاتووچۆ: ١٨٨
سەنتەری هەماهەنگیی پەیوەندییەکان (PJCC): ١٠٠
فریاگوزاریی تەندروستی: ١٢٢
بەرگریی شارستانی: ١١٥
پۆلیسی فریاکەوتن: ١٠٤
ئاسایش: ١٠٦
ڤلادیمیر پوتین، سەرۆکی روسیا رایگەیاند، مۆسکۆ خوازیارە لە زووترین کاتدا شەڕ لە ئۆکراین بوەستێنرێت.
پوتن لە وتەیەکدا دوای گفتوگۆکانی لەگەڵ ترەمپ، رایگەیاند: "دەخوازم ئاماژە بەوە بکەم کە سەردانەکە بۆ ئەلاسکا لە کاتێکی گونجاودا بووە و زۆر بەسوود بووە."
سەرۆکی روسیا دووپاتیکردەوە کە لەگەڵ ترەمپ هۆکارەکانی قەیرانی ئۆکراینیان تاوتوێ کردووە و وتی: "فرسەتمان هەبوو، کە بەکردەوەش کردمان، قسە لەسەر رەگ و ریشەی ئەم قەیرانە و هۆکارەکانی بکەین." جەختیشی کردەوە کە "نەهێشتنی ئەم هۆکارە ریشەییانە، دەبێت بنەمای چارەسەر پێکبهێنێت."
پوتن ئاماژەی بەوەشکرد، "روسیا رێز لە هەڵوێستی ئیدارەی ئەمریکا دەگرێت، کە پێی وایە پێویستە شەڕ بەخێرایی کۆتاییان پێبێت، ئێمەش خوازیاری هەمان شتین و دەمانەوێت لە رێگەی ئاشتییانەوە هەموو کێشەکان چارەسەر بکەین."
لە کۆتاییدا پوتن وتی: "لە ئەلاسکا دەرفەتێک هەبوو بۆ خستنەڕووی هەڵوێستی روسیا بە هێمنی و بە وردی، گفتوگۆمان لەبارەی رێگاکانی چارەسەرکردنی قەیرانی ئۆکراین لەسەر بنەمایەکی دادپەروەرانە کرد."
پوتین و ترەمپ لە بنکەی سەربازیی 'ئێلمندۆرف-ڕیچاردسۆن' لە شاری ئانکۆرەیجی ویلایەتی ئەلاسکا کۆبوونەوە، کە دوو کاتژمێر و45 خولەکی خایاند.
لە کۆبوونەوەکەدا سێرگی لاڤرۆڤ، وەزیری دەرەوەی روسیا و یوری ئوشاکۆڤ، یاریدەدەری سەرۆکی روسیا ئامادەبوون. لەلایەنی ئەمریکیشەوە مارکۆ روبیۆ، وەزیری دەرەوە و ستیڤ ویتکۆف، نوێنەری تایبەتی سەرۆکی ئەمریکا بەشداربوون.
ئەمڕۆ شەممە، ژمارەیەک لە سەرکردەی باڵای ئەوروپا، لە راگەیەندراوێکی هاوبەشدا جەختیان لە بەردەوامیی پشتیوانییەکانیان بۆ ئۆکراین و فشارخستنە سەر روسیا کردەوە. ئەم هەڵوێستە دوای کۆبوونەوەی لوتکەی نێوان دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا و ڤلادیمیر پوتن، سەرۆکی روسیا لە ئەلاسکا دێت.
راگەیەندراوە هاوبەشەکە لەلایەن ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنسا، جۆرجیا میلۆنی، سەرۆک وەزیرانی ئیتاڵیا، فریدریش مێرتس، راوێژکاری ئەڵمانیا، کییەر ستارمەر، سەرۆک وەزیرانی بەریتانیا و ئۆرسولا ڤۆن دێر لاین، سەرۆکی کۆمسیۆنی ئەوروپاوە دەرچووە، دوای ئەوەی ترەمپ لە ئەنجامی گفتوگۆکانی لەگەڵ پوتن ئاگاداری کردوونەتەوە.
لە راگەیەندراوەکەدا، سەرکردە ئەوروپییەکان رایانگەیاندوە: "پێشوازی لە هەوڵەکانی ترەمپ دەکەین بۆ وەستاندنی خوێنڕشتن لە ئۆکراین و کۆتاییهێنان بە جەنگی روسیا و گەیشتن بە ئاشتییەکی دادپەروەرانە و بەردەوام."
هەروەها هاتووە: "هەنگاوی داهاتوو دەبێت ئێستا ئەنجامدانی گفتوگۆی زیاتر بێت بە بەشداریی زێلێنسکی، هەروەک چۆن ترەمپ پێشبینی کردووە."
سەرکردەکان ئامادەیی خۆیان نیشانداوە بۆ کارکردن لەگەڵ ترەمپ و زێلێنسکی بۆ ئەنجامدانی لوتکەیەکی سێقۆڵی بە پشتیوانیی ئەوروپا، جەختیشیان لە پێویستیی پێدانی زەمانەتی ئەمنیی بەهێز بە ئۆکراین کردەوە بۆ بەرگریکردن لە سەروەری و یەکپارچەیی خاکەکەی.
لە بەشێکی دیکەی راگەیەندراوەکەدا هاتووە: "نابێت هیچ کۆت و بەندێک لەسەر هێزە چەکدارەکانی ئۆکراین یان لەسەر هاوکارییەکانی لەگەڵ وڵاتانی سێیەمدا هەبێت،" و رایانگەیاندووە کە روسیا ناتوانێت دژایەتیی هەوڵەکانی ئۆکراین بکات بۆ چوونە ناو یەکێتیی ئەوروپا و هاوپەیمانیی باکووری ئەتڵەسی (ناتۆ).
لە کۆتاییدا سەرکردە ئەوروپییەکان دووپاتیانکردەوە: "نابێت سنوورە نێودەوڵەتییەکان بە زۆر بگۆڕدرێن و مۆسکۆ ناتوانێت مافی ڤیتۆی هەبێت لەسەر پرۆسەی چوونەپاڵی ئۆکراین بۆ یەکێتیی ئەوروپا یان ناتۆ."
هاوسەرۆكی گشتی دەم پارتی رایگەیاند، پشتیوانی بۆ ئاشتی لە توركیا گەیشتوەتە 75%، بەڵام بەشێک لە میدیاکان تائێستاش زمانێك بەكاردەهێنێت كە بە ئامانجی چارەسەركردنی كێشەكان نییە.
تونجەر باقرخان هاوسەرۆكی گشتی پارتی یەكسانی و دیموكراسی گەلان "دەم پارتی" لەبارەی هەنگاوەكانی پڕۆسەی ئاشتی رایگەیاند، لەدوای لەناوبردنی چەك چوونەتە قۆناغێكی تەواو جیاواز لە پڕۆسەی ئاشتی و ئێستا زیاتر لە رابردوو بەرپرسیارییەتی لە ئەستۆی دامەزراوە سیاسییەكاندایە.
وتیشی، پشتگیریكردن لە پڕۆسەی ئاشتی 75%ی تێپەڕاندووە و بەردەوام لە زیادبوونیشدایە و میدیاش كاریگەری راستەوخۆی لەسەر كۆمەڵگە هەیە، بۆیە پێویستە بە لەبەرچاوگرتنی هەموو جۆرە مەترسی و هەڕەشەیەك مامەڵە بكرێت، بەڵام هێشتا میدیا زمانێك بەكاردەهێنێت كە زمانێك نییە بۆ چارەسەركردن، بەڵكو زمانێكە بۆ تۆڵەسەندنەوە.
لەبارەی كارەكانی كۆمیسیۆنی پشتیوانی و برایەتیش دەڵێت، لە سێ كۆبوونەوەی كۆمیسیۆنەكەدا كۆدەنگی دروستبووە لەسەر پرسە گرنگەكان و پێشهاتە نوێیەكان.
ئێران دەڵێت دەستبەرداری دانوستان لەگەڵ ئەوروپا نەبووە و جێگری وەزیری دەرەوەی ئەو وڵاتەش دەڵێت تاران پێویستی بە دڵنیاییە.
سەعید خەتیب زادە، جێگیری وەزیری دەرەوەی ئێران لە چاوپێكەوتنێكی تەلەفیزیۆنی لە توركیا رایگەیاند، وڵاتەكەی بڕیاریداوە بەردەوام بێت لە دانوستان لەگەڵ بەریتانیا و فەرەنسا و ئەڵمانیا، بەڵام نایانەوێت هیچ لایەنێك بە خراپی سود لەو دانوستانانە وەبگرێت و دژی ئێران بەكاری بهێنێت.
بە وتەی خەتیب زادە هەندێك وڵات وەك چەكێك دانوستانی ئێران لەگەڵ ئەوروپا بەكاردەهێنن، بەڵام تاران دڵنیایی دەوێت كە ئامانجی ئەوروپا دانوستان بێت نەك زیانگەیاندن بە ئێران.
بەریتانیا و فەرەنسا و ئەڵمانیا كە هاوبەشی رێككەوتنی ئەتۆمیی ئێران كە (5+1) ناسراوە، هۆشدارییان داوەتە تاران ئەگەر بەردەوام بێت لە پیتاندنی یۆرانیۆم، سەرجەم سزاكانی پێش رێككەوتنەكە بەسەر ئێراندا دەسەپێننەوە كە بە سیاسەتی پەنجە لەسەر پەلەپیتكە ناودەبرێت.
دۆناڵد ترەمپ رایگەیاند، رۆژی دووشەممە ڤۆڵدۆمیر زێلێنسکی سەرۆکی ئۆکراین سەردانی کۆشکی سپی دەکات، ئەگەر هەموو شتێک بە باشی بەڕێوەبچێت، بڕیار بۆ کۆبوونەوەیەکی سێ قۆڵی لەگەڵ سەرۆک پوتن دادەنێین.
دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا لە پۆستێکیدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی " تروپ سۆشیال" نووسیویەتی، "لە درەنگانی شەودا پەیوەندییەکی تەلەفۆنیم لەگەڵ ڤۆڵدۆمیر زێلێنسکی و ژمارەیەک سەرکردەی ئەوروپا هەبووە، هەمووان هاوڕان لەسەر ئەوەی باشترین رێگە ئەوەیە، دەستبەجێ بگەینە رێککەوتنێکی ئاشتی کە کۆتایی بە شەڕەکە بهێنرێت، نەک تەنها ئاگربەستێک".
پێگەی ئاکسیۆس پێشتر بڵاویکردبووەوە، "ترەمپ بە زێلێنسکی و سەرکردەکانی ناتۆی راگەیاندووە، پوتن نایەوێت ئاگربەستێکی کاتی ئەنجام بدرێت و رێککەوتنێکی هەمەلایەنەی پێ باشترە بۆ کۆتاییهێنان بە شەڕەکە".
پێگەکە دەشڵێت، "ترەمپ سەرەتا لەگەڵ زێلێنسکی قسەی کردووە، دواتر رۆبیۆ و ویتکۆڤ و سەرکردەکانی بەریتانیا، فەرەنسا، ئیتاڵیا، ئەڵمانیا، فینلاند و پۆڵەندا، هەروەها سکرتێری گشتی ناتۆ و سەرۆکی کۆمیسیۆنی ئەوروپا بەشدارییان لە گفتوگۆکەدا کردووە.
هاوکات زێلێسنکی وتویەتی، "ئێمە پشتیوانی لە پێشنیازی سەرۆک ترەمپ دەکەین بۆ ئەنجامدانی کۆبوونەوەی سێ قۆڵی لە نێوان ئۆکراین و ئەمریکا و روسیا"، جەختیشی لەوە کردووەتەوە، پرسە سەرەکییەکان دەتواندرێت لەسەر ئاستی سەرکردەکان تاوتوێ بکرێن، بۆ ئەمەش لوتکەی سێ قۆڵی گونجاوە.
لە چەند سەعاتی رابردوودا روداوێکی هاتوچۆ خەڵکی جەزائیری تووشی شۆک کرد و بەهۆیەوە 18 کەس گیانیان لەدەستدا، دوای ئەوەی پاسێکی نەفەرهەڵگر کەوتە ناو دۆڵێکەوە.
لە روداوەکەدا پاسێکی نەفەرهەڵگر بەسەر پردێکدا لە رۆژهەڵاتی جەزائیر وەرگەڕا، بەو پێیەی شۆفێرەکە نەیتوانیوە کۆنترۆڵی پاسەکە بکات و راستەوخۆ دەکەوێتە ناو بەناوبانگترین دۆڵی جەزائیر بەناوی "حەراش"، لە روداوەکەدا تەنها شۆفێرەکە و کۆکەرەوەی بلیتەکان رزگاری بووە.
راستەوخۆ دوای روداوەکە، دەیان گەنج دەستیان کرد بە رزگارکردنی سەرنشینەکان و توانیان زۆرێکیان دەربهێنن، بەڵام بەپێی ئامارەکان 18 سەرنشین خنکاون.
یەکێک لە رزگاربووانی روداوەکە دەڵێت: "باش لەبیرم نییە، تەنها ئەوە نەبێت هەر کە شۆفێرەکە کۆنتڕۆڵی پاسەکەی لەدەستدا و دواتر کەوتینە خوارەوە و بازم دا، دەڵێت، من لە پێشەوەی پاسەکە وەستابووم و توانیم لە پەنجەرەکەوە دەربچم، پاشان هاووڵاتییان هاوکارم بوون بۆ ئەوەی بگەمە وشکانی"، بەپێی میدیا ناوخۆییەکان.
یەکێک لە رزگاربووەکان وتی، "ئێمە یەک بە یەک خەڵکمان دەهێنایە دەرەوە، هەندێکیان لە ژیاندا بوون، هەندێکی دیکەیان نەمانتوانی رزگاریان بکەین، چونکە هەموو شتێک زۆر بە خێرایی رویدا، لە روداوەکەدا منداڵیشی تێدابوو".
دوای روداوەکە، دەسەڵاتدارانی جەزائیر رۆژێکی ماتەمینی نیشتمانییان راگەیاند و ئاڵاکان بۆ نیوە دابەزاند، هەروەها بڕیاریاندا بە بڕی 4 هەزار و 500 دۆلار قەرەبووی کەسوکاری قوربانییەکان بکەنەوە.
سەعید سەعیود وەزیری گواستنەوەی جەزائیر لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا دوای روداوەکە دانی بەوەدانا، "پێویستە 84 هەزار پاس نوێبکرێنەوە، بە پڕۆژەیەک قۆناغ بە قۆناغ حکومەت هەوڵی جێبەجێکردنی دەدات ".
ڤۆڵدۆمیر زێلێنسکی سەرۆکی ئۆکراین رایگەیاند، کیێڤ ئامادەیە بۆ هاوکاری بنیاتنەر و پاڵپشتی لە بەڕێوەچوونی لوتکەی سێ قۆڵی نێوان ئەمریکا، ئۆکراین و روسیا دەکات.
زێلێنسکی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس نووسیویەتی: "ئۆکراین ئامادەیە بۆ کارکردن بە زۆرترین هەوڵ بۆ گەیشتن بە ئاشتی و دەتواندرێت پرسە سەرەکییەکان لەسەر ئاستی سەرکردەکان تاوتوێ بکرێن".
زێلێنسکی رونیکردەوە، "ترەمپ کورتەیەکی لە "خاڵە سەرەکییەکان"ی دانوستانەکانی لەگەڵ پوتن پێوتوە، و بە تەلەفۆن لەگەڵ ترەمپ و سەرکردەکانی ئەوروپا باسیان لە "ئاماژە ئەرێنییەکان"ی ئەمریکا کردووە سەبارەت بە گەرەنتی ئەمنی".
سەرۆکی ئۆکرانیا وتیشی: "دەبێت ئەوروپا لە هەموو قۆناغەکاندا بەشێک بێت لە دانوستانەکان".
زێلێنسکی باسی لەوەشکرد، رۆژی دووشەممە گەشتی واشنتۆن دەکات و لەگەڵ ترەمپ تاوتوێی "کۆتاییهێنان بە کوشتن و شەڕ" دەکات.
مەکتەبی سیاسیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان پەیامێکی پیرۆزبایی ئاراستەی مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان کرد.
دەقی پەیامەکە:
بەرێزان مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان
بە بۆنەی تێپەڕبوونی حەفتا و نۆ ساڵ بەسەر دامەزراندنی پارتی دیموکراتی کوردستانەوە گەرمترین پیرۆزبایی ئاراستەی ئێوە و ئەندام و لایەنگرانی پارتی دەکەین.
بەم بۆنەیەوە تەئکید لەسەر پێویستی یەکریزی هێزە سیاسییەکانی کوردستان، بە تایبەتیش یەکێتی و پارتی، دەکەینەوە لە پێناوی پێکهێنانی حکومەتێکی پتەوو کارا کە ئەرکی چاکسازی و ڕاستکردنەوەی رێڕەوی حوکمڕانی بگرێتە ئەستۆ، لە رێی سەرخستنی ویستی گەلەکەمان لە دابینکردنی ماف و ئیستحاقە دەستورییەکانی لە عیراق، بە تایبەتیش مووچە و شایستە داراییەکانیان، لەسەروبەندی هەڵبژاردنی داهاتووی ئەنجومەنی نوێنەراندا.
جارێکی تر پیرۆزە و سەرکەوتووبن
مەکتەبی سیاسیی
یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان
١٦/٨/٢٠٢٥
بافڵ جەلال تاڵەبانی سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، بەبۆنەی یادی دامەزراندنی پارتی دیموکراتی کوردستانەوە، پەیامێکی پیرۆزبایی ئاراستەی مەسعود بارزانی کرد.
دەقی پەیامەکە:
بەڕێز کاک مەسعود بارزانی، سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان
بەبۆنەی 79ـەمین ساڵیادی دامەزراندنی پارتی دیموكراتی كوردستان، پیرۆزبایی گەرم لە بەڕێزتان، جێگرانی سەرۆکی پارتی، سەرکردایەتی، ئەندامان و جەماوەری پارتی دیموکراتی کوردستان دەکەم و هیوای سەرکەوتنتان بۆ دەخوازم.
جەخت لە هەماهەنگی و تەبایی نێوان یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و پارتی دیموکراتی کوردستان و سەرجەم هێز و لایەنە سیاسییە کوردستانییەکان دەکەینەوە، لەپێناو کارکردنی پێکەوەیی و راپەڕاندنی ئەرکە نیشتمانی و چارەنووسسازەکان و بەهێزترکردنی قەوارەکەمان و باشترکردنی ژیانی خەڵکە خۆشەویستەکەمان.
بافڵ جەلال تاڵەبانی
سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان
ئیسرائیل رایگەیاند، چین سەرقاڵی چاككردنەوەی قەڵغانی بەرگری ئێرانە بەڵام تەلئەبیب بە وردی چاودێریی دەكات و رەنگە لە ماوەیەكی نزیكدا هێرشەكان دژی ئێران دەست پێبكاتەوە.
رۆژنامەی یەدیعوت ئەحرەنوت-ی چاپی ئیسرائیل بڵاویكردەوە، بە پێی زانیارییە هەواڵگریی و سەربازییەكان كە دەست ئیسرائیل كەوتوە، چین سەرقاڵی چاككردنەوەی سیستمی بەرگری ئاسمانی ئێرانە كە لە جەنگی 12 رۆژەدا بەشێكی بەرچاوی لەناوچووە.
رۆژنامەكە لە زاری ئەیال زەمیر سەرۆك ئەركانی سوپای ئیسرائیل ئاماژەی بەوەكردوە، چاككردنەوە و دامەزراندنی سیستمی بەرگری نوێی لە ئێران لە لایەن ئیسرائیلەوە بە وردی چاودێریی دەكرێت و هەر ئەوەش وا دەكات بیر لە هێرشی دووبارە بۆسەر ئەو وڵاتە بكرێتەوە.
زەمیر وتویەتی، پێش تەواوكردنی پلانەكەنی تاران بە هاوكاری وڵاتی چین، هێرشەكانی ئیسرائیل دژی ئێران دەست پێدەكاتەوە چونكە ئەو ئامادەكارییانە راستەوخۆ هەڕەشەن بۆسەر تەلئەبیب.
دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا دیدارەکەی لەگەڵ ڤلادیمێر پوتن سەرۆکی روسیا بە"زۆر بەرهەمدار" ستایش کرد و رایگەیاند، لە کۆمەڵێک پرسدا "پێشکەوتنێکی گەورە" بووە، دیارترینیان قەیرانی ئۆکراین بوو، ئاماژەی بەوەشدا، پێدەچێت بەمزووانە سەردانی مۆسکۆ بکات.
ترەمپ لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا دوای دیدارەکەی لەگەڵ پوتن لە ئەلاسکا رونیکردەوە، لەسەر زۆر خاڵی پەیوەست بە قەیرانەکە رێککەوتوون و هەندێک پرسی هەڵپەسێردراویش ماونەتەوە و ئەگەرێکی زۆر هەیە بۆ گەیشتن بە رێککەوتنێکی تەواو.
ئاماژەی بەوەشکرد، ئێمە دەمانەوێت کۆتایی بە کوشتن لە ئۆکراین بهێنین، پوتنیش دەیەوێت کۆتایی بەو کوشتنە بهێنێت، پێموایە ئەویش وەک من ئارەزووی کۆتاییهێنان بە ململانێکانی هەیە.
پوتن: گفتوگۆکان بنیاتنەر بوون
سەبارەت بە پێشنیارەکەی پوتن بۆ ئەنجامدانی کۆبوونەوەی داهاتوو لە مۆسکۆ، ترەمپ رایگەیاند، بیرۆکەکە "سەرنجڕاکێشە" و ئەو کارە دەکات، پێشبینیش دەکات "زۆر بە زوویی" دیدارێکی دیکەی لەگەڵدا بکات، هەروەها هیوای خۆی بۆ بەردەوامبوونی دیالۆگ و دیدارە بەرهەمهێنەرەکانی نێوان واشنتۆن و مۆسکۆ لە داهاتوودا دووپات کردەوە.
لای خۆیەوە پوتن وتی، گفتوگۆکان لە کەشێکی رێزلێگرتنی یەکتردا بەڕێوەچوون و بنیاتنەر بوون، ئاماژەی بەوەشکرد، ئۆکراین یەکێکە لە پرسە سەرەکییەکانی گفتوگۆکەیان و ئەو رێککەوتنەی لەگەڵ ترەمپ کاری لەسەر دەکرێت دەروازەیەک دەبێت بۆ چارەسەرکردنی قەیرانەکە و دەستەبەرکردنی ئاسایشی ئۆکراین و گەڕاندنەوەی ئارامی لە ئەوروپا و ناوچەکە.
سەرۆکی روسیا وتیشی، "پێویستە لە روبەڕووبوونەوە و شەڕەوە بگوازینەوە بۆ دیالۆگ، رەوشی ئۆکراین هەڕەشە لە ئاسایشی روسیا دەکات، هەروەها لە ماوەی چوار ساڵدا بەهۆی شەڕەوە لوتکەی ئەمریکا و روسیا ئەنجام نەدراوە".
پوتن سوپاسی ترەمپی کرد بۆ پێشنیازی ئەنجامدانی دانوستان، جەختی لەسەر خواستی مۆسکۆ بۆ کردنەوەی لاپەڕەیەکی نوێ لە پەیوەندییەکانی لەگەڵ واشنتۆن و پتەوکردنی هاوکارییە دووقۆڵییەکان کرد.
شاناز ئیبراهیم ئەحمەد خانمی یەکەمی عیراق پەیامێکی هاوخەمی بۆ کۆچی دوایی هونەرمەند موزەفەر کامکار بڵاودەکاتەوە.
دەقی پەیامەکە...
بەبیستنی هەواڵى ماڵئاوایی یەکجارەکی هونەرمەندی موزیکژەن(موزەفەر کامکار)، زۆر غەمباربووم.
بۆ ئەم خەمە پرسە و سەرەخۆشی لەخانەوادەی کۆچکردوو و هونەرمەندان ئەکەم و هاوبەشی خەم و پەژارەتانم، خواى گەورە سەبرو ئارامی بەهەموو لایەک ببەخشێت و ئەمە دوایین ناخۆشیمانبێت.
ئەزموون و بەهرەی پەنجا ساڵەی موزەفەر کامکار لەژەنینی کلارنێت و کارکردنی لەگەڵ گەورە هونەرمەندانی کورد. لەرۆژهەڵاتی کوردستان بەتایبەت شاکارە بڵاوکراوەکانی لەتەلەفزیۆنەکانی تاران و سنە و رادیۆی کرماشان جێی شانازی و سەروەرییە بۆ گەلەکەمان.
شاناز ئیبراهیم ئەحمەد
وەزیری بەرگری بەریتانیا کۆبونەوەی لوتکەی نێوان سەرۆکی ئەمریکا و روسیا بە هەنگاوێکی سەرەتای دەبینێت بۆ گەیشتن بە رێککەوتن لە بارەی جەنگی ئۆکراینەوە.
جۆن هیڵی وەزیری بەرگری بەریتانیا راگەیاند، کۆبونەوەی لوتکەی نێوان دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا ڤلادیمێر پوتن سەرۆکی روسیا لە ئالاسکا، رەنگە ببێت بە یەکەم هەنگاو لە دەستپێکردنی پرۆسەی ئاشتی لە جەنگی ئۆکراین، کە ماوەی زیاتر لە سێ ساڵە لە نێوان روسیا و ئۆکراین بەردەوامە.
ئاماژەی بەوەشکرد، وڵاتەکەی ئامادەیە دەستوەردانی سەربازی لە ئۆکراین بکات بۆ سەرخستنی پرۆسەی ئاشتی، ئەگەر رێککەوتن لەوبارەیەوە ئەنجامبدرێت.
جۆن هیڵی جەختیشیکردەوە، وڵاتاکەی ئامادەی سەپاندنی سزا و فشاری زیاترە بۆ سەر روسیا، ئەگەر ئەنجامی کۆبونەوەکەی ئالاسکا لەلایەن ئەو وڵاتەوە ئەرێنی نەبێت.