دادگای باڵای ئەمریکا بازنەیەکی هەڵبژاردنی ڕەشپێستەکان لە ویلایەتی ئەلاباما هەڵدەوەشێنێتەوە
سەوسەن سەید
١٢ی ئایاری ٢٠٢٦
دادگای باڵای ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بڕیاریدا ویلایەتی ئەلاباما یەکێک لەو دوو بازنە هەڵبژاردنەی کە زۆرینەی دەنگدەرانیان لە رەشپێستەکان پێکهاتووە هەڵوەشانێتەوە، ئەوەش پێش هەڵبژاردنەکانی نیوەی خولی ئەمساڵ.
ئەم بڕیارە دوای حوکمێکی دادگای باڵا لە مانگی نیساندا دێت کە بازنەیەکی هەڵبژاردنی خاوەن زۆرینەی رەشپێستی لە ویلایەتی لوویزیانا پووچەڵکردەوە، بەو پێیەی بە "دابەشکارییەکی هەڵبژاردن لەسەر بنەمای رەگەز" و نادەستووری لەقەڵەم دا، ئەمەش بووە هۆی لاوازکردنی یەکێک لە بەندەکانی یاسای فیدراڵی مافی دەنگدان بە شێوەیەکی بەرچاو.
بەرپرسانی ئەلاباما پشتیان بە کەیسەکەی لوویزیانا بەست بۆ داواکردنی کۆتاییهێنان بە فەرمانێکی دادوەری کە ویلایەتەکە پابەند دەکات بە بەکارهێنانی نەخشەیەکی هەڵبژاردن کە لەلایەن دادگاوە سەپێنراوە تا دوای سەرژمێری ساڵی 2030.
دادگای باڵا ئەو فەرمانەی هەڵوەشاندەوە و داوای لە دادگایەکی نزمتر کرد کە دووبارە چاو بە کەیسەکەدا بخشێنێتەوە لەبەر رۆشنایی بڕیارەکەی تایبەت بە لوویزیانا.
ئەم هەنگاوە رێگا بۆ ویلایەتەکە خۆش دەکات ئەو نەخشە هەڵبژاردنە پەسەند بکات کە لە ساڵی 2023 لەلایەن ئەنجومەنی یاسادانانەوە (کە کۆمارییەکان باڵادەستن تێیدا) دەرچووە، کە تەنها یەک بازنەی هەڵبژاردن لەخۆدەگرێت کە ڕەشپێستەکان تێیدا زۆرینە بن.



