وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان، ئەمڕۆ سێشەممە، سەپاندنی سزایی دارایی بە بڕی 40 هەزار دینار راگەیاند، بۆ هەر شۆفێر یان سەرنشینێک کە خۆڵ و خاشاک و پاشماوە فڕێ بداتە سەر شەقام و رێگەوبانەکان.

لای خۆیەوە بەڕێوەبەرایەتی هاتوچۆی هەرێمی کوردستان لە بەیاننامەیەکدا ئاماژەی بەوە کردووە: ئەم بڕیارە پاڵپشت بە نووسراوی وەزارەتی ناوخۆ/ بەڕێوەبەرایەتی گشتی دیوان/ بەشی کارگێڕی و سەرچاوە مرۆییەکان ژمارە (13657) لە 11ی ئایاری 2026، و بڕیاری ئەنجومەنی وەزیران ژمارە (79)ی ساڵی 2016 دەرچووە.

گرنگترین خاڵەکانی بڕیارەکە:
_شۆفێر یان سەرنشین، چ ئۆتۆمبێلەکە لە رۆیشتندا بێت یان وەستاو، بۆیان نییە هیچ جۆرە خۆڵ و خاشاکێک فڕێ بدەنە سەر شەقامەکان، ئەمەش لەپێناو پاراستنی ژینگە و پاکوخاوێنی هەرێمی کوردستان.

_ غەرامەی 40 هەزار دینار بۆ هەر سەرپێچییەک دیاری کراوە کە لە رێگەی ئۆتۆمبێل یان ماتۆڕسکیلەوە ئەنجام بدرێت.

_غەرامەکە دەخرێتە سەر هەموو سیستەمەکانی تۆمارکردنی سەرپێچی، لەوانە ئامێرەکانی (PDA)، کامێراکانی چاودێری و تۆمارکردنی خێرایی.

_ئەفسەری هاتووچۆ دەسەڵاتی هەیە بە شێوەیەکی راستەوخۆ غەرامەکە بسەپێنێت کاتێک بینەری سەرپێچییەکە دەبێت، یان لە رێگەی ئەو ڤیدیۆ دۆکیومێنتکراوانەی کە لەلایەن هاووڵاتیانەوە بۆ پلاتفۆرمەکانی هاتووچۆ دەنێردرێن.

لە کۆتاییدا، بەڕێوەبەرایەتی هاتووچۆ داوای لە هاووڵاتیان کردووە هاوکار بن لە پاراستنی ژینگە و دوور بکەونەوە لە فڕێدانی پاشماوەکان، هەروەها داواشی لێکردوون سەرپێچیکاران ئاشکرا بکەن لە رێگەی ناردنی وێنە و ڤیدیۆی سەرپێچییەکان.