بەڕێوەبەرایەتی هاتووچۆی پارێزگای سلێمانی ئاگادارییەکی گرنگ و بەپەلە ئاراستەی سەرجەم شۆفێران دەکات سەبارەت بە جێبەجێکردنی سیستەمێکی نوێی کامێراکانی چاودێری خێرایی و کاراکردنی چەند کامێرایەکی نوێ لە سەرەتای هەفتەی داهاتووەوە.

بەپێی راگەیەندراوی رەسمی هاتووچۆی سلێمانی، گۆڕانکاری و کاراکردنی کامێراکان بەم شێوەیەی خوارەوە دەبێت:

لە رێکەوتی 2026/6/7 (ڕۆژی یەکشەممە) کاتژمێر 10:00ی سەرلەبەیانی، کامێراکانی تۆمارکردنی تیژڕەوی بە سیستەمی (خاڵ بۆ خاڵ – Point to Point) لەسەر رێگای (کەلار – کفری) و بەپێچەوانەوە، بەشێوەیەکی رەمی دەکەونە کار و سەرپێچییەکان تۆمار دەکەن، لە هەمان رۆژ و کاتژمێردا، ئەو کامێرایانەی پێشتر لە رێگاکانی دەرەوەی شار بە سیستەمی (خاڵ بۆ خاڵ) کاریان دەکرد، بەشێکیان دەگۆڕدرێن بۆ سیستەمی (یەک خاڵ – One Point) بەم شێوەیە:

کامێرای یەکەم و کۆتایی ئەم ڕێگایانە (و بە پێچەوانەشەوە):

تاسڵوجە – دوکان

تاسڵوجە – چەمچەماڵ

هوانە – وارماوە

عەربەت – پارێزگای هەڵەبجە و پێنجوێن

کەلار – کفری

کامێراکانی تر کە دەبنە یەک خاڵ:

کامێرای رێگای تاسڵوجە – چەمچەماڵ (ناو تەکیە).

کامێرای ناو قەزای چەمچەماڵ (بەهەردوو ئاڕاستەکە).

کامێرای عەربەت – هەڵەبجەی شەهید (بەردەم گوندی گرێزە).

کامێرای ناو عەربەت (بە هەردوو ئاڕاستەکە).


هاتووچۆی سلێمانی رونیشی کردەوە: لە ئێستادا لەسەر رێگاکانی (تاسڵوجە ـ دووکان) و (تاسڵوجە ـ چەمچەماڵ)، سەرجەم هێماکانی دیاریکردنی خێرایی بۆ ئۆتۆمبێلی گەورە و بچووک جێگیرکراون و کاریان پێدەکرێت.

بەڕێوەبەرایەتییەکە داوا لە سەرجەم شۆفێران دەکات کە پابەندی خێراییە دیاریکراوەکان بن و لە سەرکێشی دووربکەونەوە، تاوەکو هەم لە لێپرسینەوەی یاسایی بەدوور بن و هەمیش خۆیان و سەرنشینەکانیان لە روداو و کارەساتەکانی هاتووچۆ بپارێزن.